هەڤاڵ ئەبوبەکر: نەوشیروان مستەفا نەمرد، کوشتیان، نەکەوت، خستیان.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر

پارێزگارى سلێمانى
  18/05/2024  |    645 جار خوێندراوەتەوە

 حەوتەوانە..
هەڤاڵ ئەبوبەکر

نەمردیت و؛ کوشتیانیت، نەکەوتیت و؛ خستیانیت، هەندێک لە پای دڵسۆزیی، زۆرێک لە پای بێسۆزیی، هەندێک لە بچوکیان، زۆرێک لە گەورەییان، هەندێک لە بەتاڵییان، هەندێکیش لە پڕییان، هەندێک بۆ تۆڵەی خودیی، چەندێک بۆ غیرەی کەسیی، هەندێک لە ترسی خۆیان، زۆرێک لە ترسی ئەوان.

زۆرێک لە یارەکانت؛ یار نەبوون و ئەغیاربوون، بەشێک لە سوارەکانت؛ سوار نەبوون و ژێرسواربوون، بەشێک لە ھەناسەکان دوکەڵ بوون نەک هەناسە، هاوڕێی نیوەڕێگابوون؛ نەک کاروانچیی و سەرقافڵە، دەستەیەک لە پەنجەکان؛ پەنجەی یەکشکاندن بوون، دۆستی باشی دەسکەوت و، دژی چاکەو خزمەت بوون،  چەردەیەک نەزانانە؛ ئاشی گۆڕانیان گێڕا، لە بری ئەسپی سەرکەوتن؛ تەنها خۆیانیان تاودا.

زۆرێک لە بێئەزموونیان، هەندێک لە ماندوبوونیان، زۆرێک پێنەگەیشتبوون، هەندێک تێنەگەیشتبوون، کەمێکیش زۆر گەییبوون.

تۆ بووی وتت ڕاپەڕین، بێ بەرنامەی بەڕێوەبردن، سەردەکەوێت؛ بەڵام دواتر دەکەوێت، تۆ بووی ویستت دەوڵەتداریی هەبێت، نەک دەسەڵاتداریی، ویستت لەگەڵ ئەزمونیی حوکمڕانیدا؛ ئەزمونیی ئۆپۆزسیۆنبوونیش گەورە ببێت، ویستت هەڵبژاردن جوانەمەرگە نەکرێت و لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەزمونیی دیموکراسیی ڕاستەقینە لە دایکبێت، شەرعیەتی دیکتاتۆریت بۆ شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی گۆڕی، شۆڕشگێڕیی بۆ دەیموکراسیی، بەڵام لێت ڕاستبوونەوەو نەیانهێشت، شەرعیەتی دیموکراسیی بۆ دەستوریی بگۆڕیت.

تۆ بوویت وتت دەبێت پایەکانی دەوڵەت بنیاتبنێین، نەک قاوغەکەی، وتت دادگا سەربەخۆو یاسا سەروەربێت، وتت: زانیاریی و هێزو داھات و دبلۆماسییەت وحکومەت لای دەوڵەت بێت.

هەر خۆت وتت هەتا دادی کۆمەڵایەتیی نەبێت، ئاشتیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و گشتیش نابن، تۆ بۆ خۆت نەژیایت، تا بۆخۆت بمریت، ئەم میللەتە بەسیتەی ئێمە زۆری وەک تۆی کوشتووە، مێژووی زۆر کەس و کات و شوێن و سەردەمی ونکردووە، بەڵام کاتێک کە قەیران بەرۆکمان دەگرێتەوە، کە شکست ئێسکەپەیکەری نیشتمان دەشکێنێت، کە دەدۆڕێین، کە دەکەوین، کە ویژدانمان دەژێتەوە، کە بیر لە ژیانەوەو هەستانەوە دەکەینەوە؛  دڵنیادەبین کە تۆ هەیت، تۆ نەمردویت، تۆ نەکەوتویت، کەوتن پەنجەی بە دەستەکانی تۆوەیە، سەرکەوتن چاوی لە تۆیە، هیوا لە تروسکایەکەت، نوسین لە قەڵەمی دەستت، جوان لە مەردیت، خاک لە بارینت، ڕوناکیی لە گڕی سەرت؛ ئەی مۆمە هەڵگیرساوە بەتاوە بەتینە وردبینە دوربینە جوامێرەکە.

ئەوەی دەیەوێت ڕاستبکات، ئەوەی دەیەوێت باشبکات، ئەوەی دەیەوێت چاکبکات؛ دەبێت بێت و وەک تۆ بکات، نەک هەر چاوەڕێی تۆ بکات، نەک هەر هاواری تۆ بکات، نەک هەر تۆ تاوانباربکات..

زیاتر