جۆری دووه‌می نەخۆشی شەکرەی منداڵان

دكتۆر عارف گۆران

پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو و کوێرەڕژێن
  01/10/2020  |    1204 جار خوێندراوەتەوە

ھەفتەی ڕابردوو لە کوردستان پەیوەندیم پێوه‌ كرا، منداڵێکی یازدە ساڵان بۆ ماوەی ھەفتەیەک بوو لە دۆخێکی خراپ ده‌ژیاو بەردەوام دەڕشایەوە ، خێزانەکە وایانده‌زانی تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، به‌ڵام دوای ھەندێک پشکنینی خوێن دەرکەوت، کە ڕیژەی شەکرە لە خوێنی ئه‌ومنداڵه‌ بە ڕێژەیەکی ترسناک بەرز بوو(٦٥٠ مگم )، له‌ پشكنینی تەراکومی، کە بە پشكنینی سێ مانگە دەناسرێت شه‌كره‌كه‌ی لە سەرووی ١٢ دا بوو، هاوكات ھیچ مادەی کیتۆن لە میزیدا نەدەبینرا!، كێشی ئه‌و منداڵه‌ لە سەرووی سەد کیلۆگرام دا بوو، دۆخه‌كه‌ی وایده‌خواست بخرێته‌ نه‌خۆشخانه‌و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی پزیشكیدا بێت، ئه‌مه‌ وایلێکردم ئه‌و باسه‌ دەربارەی جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرەی منداڵان بنووسم .

لەو کاتەی له‌ ساڵانی هه‌شته‌كاندا قوتابی کۆلیژی پزیشکی بووم، پەڕتووکە پزیشکیەکان نەخۆشی شەکرەیان بە دوو جۆر دەناساند . جۆری یەکەم (Type 1 Diabetes Mellitus) ، کە لە مندالان و ھەرزەکارەکان دەبینرێت، ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ له‌كاركه‌وتنی کتوپڕی پەنکریاس و لەناوچوونی ئەو خانانەی ئەنسولین دەردەکەن . نه‌خۆشه‌كانی ئەم جۆرەی شەکرە، به‌درێژایی ژیانیان پێویستیان بە دەرزی ئەنسولین ده‌بێت، واتە ئەگەر ئەنسولین وەرنەگرن ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، سه‌رباری ئه‌و ھەموو ئەو پێشکەوتنەی له‌سه‌د ساڵی رابردوودا له‌ بواری زاستی پزیشكیدا هاتۆته‌ ئارا، ھیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ بەسه‌ر شێوازی چارەسەری ئەم جۆرەی نەخۆشی شەکرە نەھاتوە .

جۆری دووه‌می نه‌خۆشی شەکرە (Type 2 Diabetes Mellitus) ، ئەو جۆرەیە لە گەورەکان به‌ دیاردەکەوێت و به‌تایبه‌تیش له‌و كه‌سانه‌ی لە سەره‌وه‌ی تەمەنی چل ساڵیدان. به‌ر سی ساڵ پێش ئێستا هیچ كه‌سێك له‌و باوه‌ره‌دا نه‌بوو ئه‌و جۆره‌ی شه‌كره‌ له‌ منداڵاندا به‌دیاركه‌وێت، قه‌ڵه‌وی ھۆکاری سەرەکیە بۆ جۆری دووەمی شەکرە لە مندالان .

قەلەوی له‌ زۆر وڵاتی وه‌كو ئه‌مریكا و ئه‌وروپا بۆته‌ دیارده‌یەکی زۆر ترسناک ، بۆ نمونه‌ لە وولاتێکی وەکو بەریتانیا لە ھەر ھەشت منداڵ لە تەمەنی نێوان چوار بۆ پێنج ساڵیدان، یه‌كێكیان به‌ ده‌ست قه‌ڵه‌ویه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ‌. ئه‌وه‌ی جێگای مه‌ترسیه ئەو ڕێژەیە له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه ، لە تەمەنی دە بۆ یازدە سال یەک لە ھەر پێنج مندال قەلەوە. له‌ شارێكی وه‌كو له‌نده‌ن تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت جۆری دووەمی شەکرەی مندالان زۆر زیاترە لە جۆری یەکەم ، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆر منداڵی قه‌ڵه‌وی تیادایه‌، ئەو مندالانەی کێشیان زۆر نیە بە ھیچ شیوەیەک تووشی ئه‌و جۆره‌ی شه‌كره‌ نابن .

رێژەی ئەنسولین لەو نه‌خۆشانه‌دا له‌ زۆربەی کاتەکاندا ئێجگار به‌رزه‌، كه‌چی قه‌ڵه‌وی كاریگه‌ری ئه‌و ئه‌نسۆلینه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، له‌و جۆره‌دا ده‌توانرێت پشكنین بۆ رێژه‌ی ئه‌نسۆلین له‌ خوێن بکرێت . خالێکی تری جیاوازی ، پشکنینی مادەی کیتۆنە لە خوێن یان لە میز ، دیارە لە جۆری یەکەمی شەکرە ڕێژەی مادەی کیتۆن بەرزە بەلام لە جۆری دووی شەکرە مادەی کیتۆن نۆرمالە و بەرزنابێتەوە.کۆمەلێک پشکنینی تری خوێن ھەن کە دەکرێت یارمەتی دیاریکردنی جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە لە مندال بدات .

ھۆکاری سەرەکی قەلەوی پەیوەندی بە زۆری و جۆری خواردنه‌وه‌ ھەیە، كه‌ دیاره‌ دایكان و باوكان تا راده‌یه‌كی زۆر له‌مه‌ به‌رپرسن، هه‌ندێكیش به‌هۆی زۆری دانیشتن و نه‌كردنی وه‌رزشه‌وه‌ قه‌ڵه‌و ده‌بن، به‌ڵام هۆكاری هۆرمۆنی له‌ قه‌ڵه‌وبوونی منداڵدا زۆر كه‌مه‌، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ چاره‌سه‌ریه‌ گرنگه‌كانی جۆری دووه‌می شه‌كره‌ له‌ منداڵداندا گۆڕینی شێوازی ژیان و سیسته‌می خواردنیانه‌، چونكه‌ دابه‌زاندنی كێش ئه‌گه‌ره‌كانی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ زۆر زیاتر ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌ك خۆی به‌قه‌ڵه‌وی بمێنێته‌وه‌ دووچاری چه‌رمه‌سه‌ری زیاتر ده‌بێت و له‌ ماوه‌یه‌كی درێژدا ماكه‌كانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ی تیادا به‌دیار ده‌كه‌ون، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و نه‌خۆشانه‌ بخرێنه‌ ژێر چاودێری پزیشكانی پسپۆڕ له‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌و كوێره‌رژێنه‌كان و پسپۆڕانی خۆراك، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا گۆڕینی شێوازو سیسته‌می خۆراك رۆڵێكی گه‌وره‌ له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و نه‌خۆشانه‌ ده‌بینێت، حه‌بی مێتفۆرمین یەکێکه‌ لەو حەبانەی بۆ جۆری دووه‌می شەکرە لە گەوران بەکا دەھێنرێت، دەکرێت لە ژێر چاودێری دکتۆری پسپۆر بەو مندالانە بدرێت، کە تووشی هه‌مان ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بووینه‌.


زیاتر