دروستکردنی ڤاكسین بۆ په‌تای كۆرۆنا

دكتۆر عارف گۆران

پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو و کوێرەڕژێن
  09/11/2020  |    496 جار خوێندراوەتەوە

کە‌مێك به‌ر له‌ئێستا بەھاوکاری ھەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆتێک، ڕایانگەیاند، لە دروستکردنی ڤاکسینێک سه‌ركه‌وتوو بووینه‌،  کە له‌توانایدایه‌ ژیانی  ٩٠٪‏ ئەو کەسانە بپارێزێت، کە ئەو ڤاکسینە وەردەگرن.

 شایانی باسە ئەو ڤاکسینە لە دوا قۆناغیدا لەسەر ٤٣,٥٠٠ کەس تاقیکراوەتەوە و تا ئێستا ھیچ کێشەیەکی تەندروستی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌ بۆ ئەو کەسانەی وەریانگرتوە.

دیارە لە دروستکردنی ھەر ڤاکسینێک دوو شت زۆر گرنگە ، یەکەمیان سەلامەتی و دووەمیان کاریگەری، وا پێدەچێت ئەو ڤاکسینە وه‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن کاریگەرەیەکی باشی ھەیه‌و سەلامەتە،  کۆمپانیای فایزەر نیازی وایه‌ به‌ر له‌ به‌كۆتاهاتنی ئه‌مساڵ ٥٠ ملیۆن ڤاکسین بەرھەم بھێنێت و پلانیان ھەیە به‌ر له‌ كۆتایی ساڵی داهاتوو ١.٣ بلیۆن ڤاکسن بەرھەمبھێنن،   ئەو ھەواڵەی ئەمرۆ له‌ میدیاكانی به‌ریتانیا بڵاوکرایەوە، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی شیکردنەوە بۆ ٩٤ کەس کراوە کە ئەو ڤاکسینەیان وەرگرتوە و دەبێت ئەوە بووترێت ئەگەر ھەیە ئەو ھەواڵە گۆرانکاری بەسەردابێت، به‌ تایبه‌تیش دوای ئەوەی شیکردنەوە بۆ ھەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە ئەو ڤاکسینەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە بەڵام گومان لەوەدا نیە ئەو ھەواڵە گرنگترین ھەنگاوە له‌ به‌رھەم ھێنانی ڤاکسین لە سەرانسەری جیھان.

 شایه‌نی باسه‌ ئەو ڤاکسینە بە دوو جار دەدرێته‌ نه‌خۆش، دوای سێ هه‌فته‌ له‌ به‌كارهێنانی  ڤاکسینی یەکەم ، جارێکی ترده‌درێته‌وه‌ بە نه‌خۆش،  دەبێت ئەوە بڵێین زانست و مرۆڤایەتی لە سەدەی رابردوو توانیویەتی بەسەر ھەموو نەخۆشیە درمیەکان زاڵ بێت، لەو باوەڕەدام تا کۆتایی ساڵی داھاتوو، له‌رێگای ئه‌و ڤاكسینانه‌وه‌ مرۆڤایەتی بتوانێت لەو پەتایە دەربازی بێت.

ھیوادارم ھەموومان بەردەوام بین لە رێکارەکانی خۆپاراستن تا کۆتایی بەو پەتایە نەگریسە دەھێنرێت.


زیاتر