پەتای کۆرۆنا چەند بڵاوبۆتەوە لە کوردستان ؟

دكتۆر عارف گۆران

پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو و کوێرەڕژێن
  09/10/2020  |    2251 جار خوێندراوەتەوە

برادەرێک داوای لێکردنم رای خۆم دەربارەی دۆخی ئێستای ئەو پەتایەو رێژەی بلاوبوونەوەی ده‌ربڕم و بۆچوونه‌كانی خۆم بۆ ھاوولاتیانی کوردستان روونبكه‌مه‌وه‌ .

ھیچ گومان لەوەدا نیە، کە کۆرۆنا بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە کوردستان بلاوبۆتەوە، ژمارەی تووشبوان گەلێک زیاترە لەو ژمارانەی کە وەزارەتی تەندروستی رایده‌گه‌یه‌نێت، چونکە دەزانین پشكنین بۆ خەلکێکی زۆری تووشبوو بەو پەتایە ناکرێت و هاوكات بەشێک لە تووشبوان پشكنینه‌كه‌یان بە نێگەتیڤ دەردەچێت . تێبینی ئه‌وه‌ دەکەین لە کودستان ھیچ داتایەک یاخود دەزگایەکی باوەرپێکراو نیە، كه‌ ژمارەکان شیبكاته‌وه‌، تاوه‌كو بزانین ژماره‌ی تووشبووان لەهه‌رێمی کوردستان گه‌یشتۆته‌ چ ئاستێك . ھەندێک لە ھاوکارە بەڕێزەکانم لە کوردستان سێ مانگ به‌ر له‌ئێستا ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد، کە ره‌نگ بێت نیوەی خەلکی کوردستان تووشی ئەو پەتایە بوو بێت ، به‌ڵام دیارە ئه‌و بۆچوونه‌ له‌راستیه‌وه‌ دووره‌، چونکە ھەرکاتێک نیوەی خەلک تووشی ئەو ڤایرۆسە بێت، به‌رگری به‌كۆمه‌ڵ (herd immunity ) دروست ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ توانای گواستنەوەی نامێنێت و خۆی لەناو دەچێت !

لە وولاتێکی وەک بەریتانیا و ئیسپانیا رێژەی تووشبوون لە ٥٪‏ تێپەڕی نەکرد ، لە شارێکی وەک لەندەن کە خەلکێکی یەکجار زۆر تووشی ئەو ڤایرۆسە بوو ، لێکۆلینەوەکان دەردەخەن تەنیا ١٧٪‏ ی دانیشتوانی لەندەن ئەو ڤایرۆسەیان ھەبوە . مەبەستم لەو ژمارانە ئەوەیە کە ھێشتا خەلکانێکی زۆر ماون کە تووشی ئەو ڤایرۆسە نەبوونە و بەھیچ شێوەیەک نابێت کەمتەرخەمی لە ڕێکارەکانی خۆپاراستن بکەین . ئاشکرایە ئەگەر خەڵك خۆپارێزی نەکەن ئەو ڤایرۆسە زیاتر بڵاودەبێتەوە . زۆربەی وولاتانی جیھان گەیشتنه‌ ئەو سه‌رئه‌نجامه‌ی، کە نابێت ژیان بوه‌ستێنرێت، به‌ڵام پێویسته‌ رێکارەکانی خۆپاراستن تووند تر بکرێت .

کوردستانیانی خۆشەویست لە کاتێکی وەک ئێستا کە نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە نەخۆش و خەریکە جێگا بۆ نەخۆشی تر نامێنێت، ھەمووان دەبێت رۆلمان ھەبێت لە کەمکردنەوەی ئەو پالەپەستۆیەی لەسەر نەخۆشخانەکان درووست بووە، بۆ ئەوەی دکتۆرەکان و کارمەندانی تەندرووستی باشتر به‌ کارەکانی خۆیان هه‌ڵسن .

وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی پێویستە ھەموومان پەیرەوی چەند خالێک بکەین :

1- تکایە تاکوو دەکرێت دەرچوون لە مالەوە کەم بکەنەوە .

2- . ئەگەر بۆت دەکرێت مەچووه‌ شوێنی ئاپۆڕو و داخراو ، ئەگەر پێویست بوو ، ئەوا ماسک بەکاربھێنە .

3- تا دەکرێت بەرکەوتن کەم بکەوە و بەھەرشێوەیەک بێت ھەوڵبده‌ن خۆتان بۆ ماوه‌ی دوو مەتر له‌ خه‌ڵكانی تر دوور راگرن .

4- ھەر کاتێک نیشانەکانی ئەو پەتایەت لێبەدیارکەوت ، ده‌بێت وەک نەخۆشێک مامەڵە بکەیت و دوو ھەفتە لە مالەوە خۆت کارەنتین بکەیت، ئەگەر دووچاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و نارەحەتی بوویته‌وه‌، ده‌موده‌ست سەردانی دکتۆر بکە .

دکتۆر عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو

لەندەن


زیاتر