جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە فەرمی ئەنتۆنی بلینکن-ی وەک وەزیری دەرەوە و ئەلیخاندرۆ مایۆرکاسی وەک وەزیری ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی دیاریکرد.
هاوکات بایدن، ئەڤریل هەینس-ی وەک بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی و لیندا تۆماس گرین فیڵد-ی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکرد.
جۆن کێری وەک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەشوهەوا دیاریکرا و جەیک سۆلیڤانیش دەبێتە راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی لە ئیدارەکەی جۆ بایدندا.
ئەنتۆنی بلینکن-ی تەمەن ٥٨ ساڵ لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا
و لە ساڵەکانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧، جێگری وەزیری دەرەوە و کەسی دووەمی ئەو وەزارەتە بوو،
پێشتر و لە ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا خزمەتی
کردووە.
ئەڤریل هەینس پێشتر جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی
ئەمریکا - سی ئای ئەی بووە. سەرجەم ئەو کەسانەی بایدن دیاریکردوون، لە ئیدارەی ئۆبامادا
پۆستیان هەبووە و ئەزموونیان لەبوارەکەی خۆیاندا هەیە.
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا
بڵاویکردەوە، "ئەو کەسانە هەموویان بە یەکسانی خاوەنی ئەزموونن و کەسانی داهێنەرن".