سۆرانی  |  بادینی  |  English      

قەیس خەز عەلی: ئامادەین لە دژی توركیا چەك هەڵبگرین

  2021-03-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر شنگال و ناوچەكانی موسڵ ئامادەن لە دژی چەك هەڵبگرن.

قەیس خەز عەلی، رایگەیاند: توركیا پلانی داگیركردنی شنگال، تەلەعفەر، موسڵ و بەشێكی كەركوكی هەیە، بەنیازە خۆی بگەێنێتە سنورە پێشووەكانی دەسەڵاتی عوسمانی. 

نابراو وتیشی، توركیا پلانی هەیە هاوینی داهاتوو هێرش بكاتە سەر شنگال، ئێمە ئامادەین لە دژی ئەم پلانەی توركیا چەك هەڵبگرین، داواشی لە حكومەتی عێراقی كرد ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

ئەمنداری گشتی عەسائیب راشیگەیاند: پێویستە پڕچەككردنی سیستمی سەربازیی و ئاسمانیی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریی توركیا جێبەجێ بكرێت، سیستەمی ئاسمانیش بكڕدرێت تەنانەت ئەگەر لە ئەمریكاش بێت ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی سەروەری عێراق. 

ئەوەش لە كاتێكدایە ماوەی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری لە سنوری شنگال كۆكردووەتەوە هۆكارەكەشی بۆ بوونی مەترسی هێرشی توركیا دەگەڕێتەوە لە ناوچەكە كە بانگەشەی ئەوە دەكات گەریلاكانی پەكەكەی تێدایە. 

رۆژی 10 تشرینی یەكەمی 2020 حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكیان واژۆ كرد كە هەریەكە لە حەمید رەشید فەلیح، نوێنەری حكومەتی عێراق و رێبەر ئەحمەد، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانی واژۆیان لەسەر كرد. 

رێككەوتنەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدرا و تیایدا بڕیاردرا سەرجەم هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە ناو شنگال بكرێنە دەرەوە.