ئیسرائیل هێرشی کردەسەر گروپەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جارێکی تر ئیسرائیل هێرشی کردەسەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا و ژمارەیەک چەکدار کوژران.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکیان بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە نزیک دیمەشق ئەنجامداوە و بەوهۆیەشەوە سێ چەکداری ئەو گروپانە کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە ئەنجامی ئەو هێرشە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی کە پێدەچێت لەلایەن چەکدارانی حزبوڵاوە بەکارهاتبێت، لەناوچووە.

بەئاماژە پێدان بەوەی کە ناتوانێت ناسنامەی کوژراوەکان ئاشکرا بکات، روانگەی سوری رایگەیاندووە، ئەو چەکدارانەی کوژراون، خەڵکی سوریا نەبوون.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ هیچ وردەکارییەکی تری لەوبارەیەوە ئاشکرانەکردووە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە بەڵام ئاماژەی بە زیانەکانی ئەو هێرشە نەکردووە و تەنها رایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشە چوار سەرباز برینداربوون.

پاش سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، ئیسرائیل ناوبەناو پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەوانەش حزبوڵا  و هێزەکانی حکومەتی سوریا دەکاتە ئامانج، کە حکومەتی ئیسرائیل بەکەمی ئەو هێرشانە پشتڕاستدەکاتەوە، بەڵام سوپای ئەو وڵاتە ئاشکرایکردووە، تەنها لە ساڵی رابردوودا ٥٠ ئامانجیان لە سوریا پێکاوە.



ڕیکلام