سزادراوانى بادینان.. سەنگى مەحەک بۆ نێچیرڤان بارزانى

  2021-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

دادگاى تەمیزى هەرێمى کوردستان کە هیوایەکى زۆرى لەسەر هەڵچنرابوو تا بڕیارى زیندانیکردنى دەستگیرکراوەکانى بادینان راست بکاتەوە، بەڵام ئەو هیوایەش هیچى لێ سەوز نەبوو دادگاکە سور بوو لەسەر هەڵوێستى پێشووى خۆى و پێیوایە هیچ هەڵەیەکى نەکردووە تا پێویستى بە راستکردنەوە بێت، لە ئێستاشدا هیوا لەسەر نێچیرڤان بارزانى هەڵچنراوە بۆ ئەوەى بە لێبوردنى تایبەت، ئەو سزادراوانە ئازاد بکات.

دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێر لە 16ى شوباتى 2021 بە تۆمەتى سیخوڕى و هەوڵدان بۆ تێکدانى ئاسایشى نیشتمانى، بڕیارى شەش ساڵ زیندانیکردنى بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوەکانى بادیناندا سەپاند کە ئەوانیش پێکهاتوون لە شێروان شێروانى، شڤان سەعید، گوهدار زێبارى، هەریوان عیسا و ئەیاز کەرەم.

دادگاى تەمیزى هەرێمى کوردستانیش لە 28ى نیسانى ئەمساڵ، بڕیارەکەى بە زۆرینەى دەنگ پەسەند کرد.

پەسەندکردنى ئەم سزایە، کاردانەوەى زۆرى لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان لێکەتەوە، بەپێى یاسا پارێزەرانى سزادراوەکان بۆیان هەبوو لە ماوەى مانگێکدا داواى راستکردنەوە پێشکەشى دادگاى تەمیز بکەن، لە 30ى ئایار داواى راستکردنەوەکە پێشکەش کرا.

پارێزەرەکان داوایان کرد دۆسییەکە رەوانەى "دەستەى سزایی دوو" نەکرێتەوە چونکە گومانیان هەبوو هەمان بڕیارى پێشوو بدەنەوە، بەڵکو داوایان کرد دۆسییەکە رەوانەى دەستەى گشتى بکرێت بۆ ئەوەى ژمارەیەکى زیاترى دادوەر دۆسییەکە ببینن، بەڵام وا دیاربوو گومانى پارێزەرەکان لە شوێنى خۆیدا بوو، دادگاى تەمیز دۆسییەکەى رەوانەى هەمان دەستەى پێشوو کردەوە، ئەوانیش سزاکەیان وەک خۆى پەسەند کردەوە تەنها ئەوە نەبێت دڵی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا داوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە بوونی ئەو کونسوڵخانانە پاڵپشتییە بۆ هەرێم و دەسەڵاتی دادوەریی.

دەستەى سزایى دوو لە دادگاى تەمیز کە ئەمە دووەم جارە سزاى سزادراوەکانى بادینان پەسەند دەکات، لە پێنج دادوەر پێکدێت، 3 دادوەریان لەسەر پارتى و 2 دادوەریان لەسەر یەکێتى هەژمار دەکرێن.

سێ دادوەرەکەى پارتى کە هەردوو جارەکە بە بەڵێ دەنگیانداوە بە پەسەندکردنى سزاى شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ ئەو دەستگیرکراوانى بادینان پێکهاتوون لە دادوەران: عەبدوڵا شرفانى، محەمەد مستەفا و موسڵیح گەیلانى.

دوو دادوەرەکەى یەکێتیش کە هەردوو جارەکە بە نەخێر دەنگیانداوە بە پەسەندکردنى سزاکە، پێکهاتوون لە دادوەران: شوان محێدین و کەمال عەبدوڵا.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، چونکە تاکە رێگە بۆ ئەوەى ئەو سزادراوانە شەش ساڵ لە زینداندا نەمێننەوە ئەوە، چونکە بەپێى بڕگەی شەشەم لە مادەى 10ى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم، سەرۆکى هەرێم دەسەڵاتى لێبوردنى تایبەتى هەیە لە بەندکراوان، بەپێى یاسا.

تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانى نێچیرڤان بارزانییە، ئایا بڕیارى لێبوردنى تایبەت دەردەکات، یان ئەویش وەک دادگاى تەمیز هەموو لایەک بێ ئومێد دەکات، لەکاتێکدا پێشتر لە رێگەى کەسە نزیکەکانییەوە ئەوەى بە رایگشتى هەرێم رایگەیاندووە کە ئەو نیگەرانە لە سزادانى ئەو دەستگیرکراوانە و هەروەها میدیاکانى نزیک لە ناوبراویش رووماڵى هەواڵەکانى پەیوەست بەو دۆسییەیان کردووە.

لە پەیامێکیشدا لە 18ى شوباتى 2021 کە بۆنەى سزادانى ئەو دەستگیرکراوانەى بادینان دەریکردووە، نێچیرڤان بارزانى دەڵێت:

گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت.

بەشێک لەو کەسانەى چاودێرى ئەم دۆسییە دەکەن پێشبینى ناکەن نێچیرڤان بارزانى لە ئێستادا بڕیارى لێبوردنى تایبەت بۆ ئەو سزادراوانەى بادینان دەربکات، چونکە کێشەى گەورەى لەگەڵ مەسرور بارزانى ئامۆزاى بۆ دروست دەبێت کە مەسرور بارزانى سوورە لەسەر ئەوەى دەبێت ئەو سزادراوانە سزاکەى خۆیان وەربگرن.

لەم نێوەندەشدا ئەوەى زیانى گەورە دەکات ماڵ و منداڵ و کەسوکارى زیندانکراوەکان و ناوبانگى هەرێمى کوردستانە کە بەهۆى ئەم بڕیارەوە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى رووبەرووى شەپۆلێک ناڕەزایەتى بووەتەوە و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن ئەو گەلەى هەموو خەباتێکى لەپێناو ئازادى و سەربەستیدا بووە، کەچى ئێستا لەسەر وشە و ئازادى رادەربڕین رۆژنامەنووسەکانى لە کونجى زیندانەکان قایم دەکات.



ڕیکلام