وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

  2020-08-11  | 
هەولێر
پاش بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا بریندارەکان گوزارانەوە بۆ بنکەی تەندروستی سیدەکان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی تورکیا بۆسەر کۆبوونەوەیەکی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراق و پەکەکە، بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنە دەرەوەی خاكی هەرێم و عێراق.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، كاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، سێشەممە، رێكەوتی 11/8/2020 لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فڕۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو ئەفسەری هێزی پاسەوانی سنوریی عێراق بە ناوەكانی (عمید/ محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عقید/ زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) شەهیدبوون و (عقید/ حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن ) بریندار دەبێت .

دووپاتیشیکردووتەوە، پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعێراق وچیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەم بۆنە خەمناكەوە ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین ولە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین وخەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان .

پێش راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەبارەت بەو رووداوە، حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ڕاشیگەیاند، دەستدرێژییەکان زیان دەگەیەنێت بە پەیوەندییە مێژوویەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی٨ی٢٠٢٠، لە سنوری كوجی هاجەر لە ناوچەی برادۆست، شەڕ لە نێوان ژمارەیەك لە گەریلاكانی پەكەكە و پاسەوانانی سنوریی عێراق روویدا و بەو هۆیەوە هاوڵاتیەك برینداربوو كە پیشەی شوانكارەیە.

دواتر سوپای عێراق هێزێکی بەچەکی جۆراوجۆرەوە رەوانەی گەروی سنگان لەسنوری بەڕزین-ی سەر بە ناوچەی برادۆست کرد و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش بڕیاریاندا، بەمەبەستی رەواندنەوەی گرژییەکان، شاندێکی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکە لە ناوچەکە کۆببنەوە.

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا هێرشیانکردە سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندەکەی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراق لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە سنوری برادۆست، لە ئەنجامی هێرشەکەش، دوو ئەفسەری پلەباڵا و پاسەوانێک لە سوپای عێراق و فەرماندەیەک و دوو گەریلای پەکەکەش، شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش لەهەر دوولا برینداربوون.




ڕیکلام