فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوری ئاسمانیی ئێران دەسوڕێنەوە

  2020-12-10  | 
تاران
فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوری ئاسمانیی ئێران دەسوڕێنەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە ئامانجی هۆشداری پێدان بە تاران، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە سنوری ئاسمانی ئێران نزیکدەبنەوە و بۆ چەند کاتژمێرێک لە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕێنەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس و چەند میدیایەکی ئەمریکا لەزاری چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەوە کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو فڕۆکەی B52ی ئەمریکا، بەیاوەری چەند فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی سعودیە و قەتەر و بەحرەین لە سنوری ئاسمانی ئێران نزیکبوونەتەوە و نزیکەی ٣٦ کاتژمێر بەسەر ئاسمانی کەنداودا سوڕاونەتەوە.

ئاشکراشیانکردووە، ئامانج لەو مانۆڕەی فڕۆکە زەبەلاحەکانی ئەمریکا گەیاندنی پەیامێکی ئاگادارکردنەوەیە بە ئێران بۆ ئەوەی خۆ بپارێزێت لە هەرجۆرە هێرشکردنێک بۆسەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا راشیانگەیاندووە کە هەواڵگری وڵاتەکەیان زانیویەتی، دوای کوژرانی موحسن فەخریزادە زانای ئەتۆمیی ئێران، پیلان هەیە لەرێگەی میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە، هێرشی مووشەکی بکرێتە سەر ناوەندە سەربازیی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٢٧ی١١ی٢٠٢٠، موحسن فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی وەزارەتی بەرگری و یەکێک لە بەتواناترین زانایانی ئەتۆمیی ئێران، کە چەندین نازناوی وەک باوکی ئەتومی ئێران و قاسم سلێمانی بواری پیشەسازی ئەتومیی ئێران هەبوو، لە ناوچەی دەماوەندی تاران تیرۆرکرا، دواتر بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا راکێشا و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.

پێش ئەو رووداوە و نزیکەی سێ هەفتە پێش ئێستا، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، بەڵام چەند راوێژکار و بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی لە بڕیارەکەی پاشگەزیانکردووەتەوە و هۆشداریان داوە لەوەی کە ئەو بڕیارە، لە هەفتەکانی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی، دەبێتەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە.

دواتر فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکرد، چەند فڕۆکەیەکی جەنگییان لە جۆری B-52 رەوانەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکرابوو کە، " فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانیەتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە مەبەستی رێگەگرتن لە توندوتیژی و رەفتاری شەڕانگێزانە، توانای راگواستنی خێرای هێزەکانی هەیە بۆ ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە ".



ڕیکلام