پنتاگۆن: تواناکانی خۆمان بۆ روبەڕوبوونەوەی بڕیارە تێکدەرانەکانی ئێران بەکاردێنین

  2021-01-29  | 
واشنتن
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، هەموو توانایەکی خۆیان بۆ روبەڕوبوونەوەی بڕیارە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکە بەکاردێنن.

جۆن کێربی وتەبێژی نوێی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێران بەردەوام فاکتەرێکی تێکدەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو توانایەکی خۆی بۆ روبەڕووبوونەوەی بڕیارەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەخاتەگەڕ". 

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە، ئایا ناردنی فڕۆکەی B52 بۆ کەنداو و لەقەڵەمدانی ئێران بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار، کەشێکی گونجاو بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەهێڵێتەوە؟، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، "ئێران ئێستاش یاریکەرێکی تێکدەرە لە ناوچەکە و پشتیوانی لە تیرۆر دەکات لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بەردەوام هەڕەشە لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و لە ئێستاشدا بەرنامە موشەکییەکانی چالاک کردووەتەوە و هەوڵی پەرەپێدان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی دەدات.

جۆن کێربی جەختی لەوەشکردەوە، ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ناوچەی کەنداو بەتایبەتی، بەرژەوەندی ستراتیژی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەیە هەیە، کە لە پێناو پاراستنیان بەڵێن و رێککەوتنیان هەیە، بۆیە بەردەوام دەبن لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی ئامادەیە بگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەگەر ئێران بەتەواوی پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەممە ٢٨ی١ی٢٠٢١، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە میانی سەردانیکردنی بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، رایگەیاند، "لە پیتاندنی یۆرانیۆمی 20٪یدا کە بڕیاربوو ساڵانە 120 کیلۆ بپیتێنین، زووتر لە کاتی خۆی بڕیار و پلانەکەمان جێبەجێ کردووە و بەرەوپێشچوونی باشمان بەخۆوە بینیوە ".

وتیشی، "لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ١٧ کیلۆ یۆرانیۆمی 20٪یمان پیتاندووە".