پڕۆسەی خوێندن 7ی ئەم مانگە لە هەرێم دەستپێدەکاتەوە

  2021-02-03  | 
هەولێر
کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم و جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: دیار حسێن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی خوێندن 7ی ئەم مانگە لە هەرێم دەستپێدەکاتەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بڕیاریانداوە ٦ی٢ی٢٠٢١ مامۆستایان بچنەوە قوتابخانەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و لە ڕۆژی دواتر ٧ی٢ی٢٠٢١، دەوام لە سەرجەم خوێندنگاکان دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکارەکانی خۆپارێزی لە خوێندنگاکان توندتر دەکەنەوە.

وەزیری پەروەردەی هەرێم راشیگەیاند، هەر قۆناغیک لەناو شارەکان سێ رۆژ لە هەفتەدا دەوام دەکەن و ئەو بڕیارەش لە خوێندنگا حکومی و تایبەتییەکانیشدا پەیڕەو دەکرێت.

وتیشی، "١٦ رۆژمان داناوە وەک قۆناغی هەڵسەنگاندن و ٢٣ی ٢ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بڕیارانەی کە ئەمڕۆ دراون".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ببێتەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا، دەستبەجێ پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیان دەکەن.

ئالان حەمەسەعید راشیگەیاند، ئەو خوێندکارانەی کە لەناو خێزانەکانیان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و ئەگەری هەیە بەهۆی چوونەوەیان بۆ قوتابخانە، مەترسیی گواستنەوەی کۆرۆنا بۆ ئەندامانی بنەماڵەکیان دروست بکەن، دەتوانن فۆرمی خوێندن لە ماڵەوە پڕبکەنەوە بەو مەرجەی کە بتوانن پاڵپشتی و پێداویستیی خوێندنی ئۆنلاین بەدەستبهێنن، ئەوکاتە دەتوانن تەنها بۆ تاقیکردنەوەکان بێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.

وەزیری پەروەردەی هەرێم وتیشی، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەکان دەسەڵاتی راگرتنی خوێندنیان لە ناوەندەکانی خوێندنی ژێر دەسەڵاتیاندا هەیە، ئەگەر بێت و دەوامکردن دۆخی تەندروستی گشتیی بەرەو "مەترسی گەورە" ببات.




ڕیکلام