دادگایی بەشێك لە چالاكوانانی بادینان دواخرا

  2021-02-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەكەم دانیشتنی پرۆسەی دادگاییكردنی 17 لە رۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان لە دادگای تاوانی د هەولێر ئەنجامدرا و دادگایی بەشێك لە چالاكوانانی بادینان بۆ سبەینێ دواخرا دۆسیەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی گەڕێندرایەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوە.

هەرێم رەفعەت، پارێزەری گوهدار زێباری بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە گوهدار زێباری و 16 چالاكوانی دیكە دادگایی دەكرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەر مۆڵەت بوو نەتواندرا دۆسیەكە ببینێت، هەر بۆیە دادگای تاوانی چوار دادگاییەكەی ئەنجامدا. 

ناوبراو روونیكردەوە لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە لەبەردەم دادگا رێگری لێكراوە بچێتە دانیشتنەكەی دادگا، لەو كاتەوەی دەستگیركراون نەیانهێشتووە چاوی بە بریگرتەكەی بكەوێت. 

پەیامنێری ژیان رایگەیاند، بەهۆی دادگاییكردنەكەوە ژمارەیەكی زۆر لە هێزە ئەمنیەكان لە دەوری دادگا كۆكراونەتەوە، لەو بارەیەوە نیاز عەبدوڵا، چالاكوانی مەدەنی لەبەردەم دادگا بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، ئەو كەسانە بەشێكیان ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ زیاترە لە زیندانەكانی دهۆكن و ئەمڕۆ هێندراونەتە دادگای هەولێر، ئەوەی تا ئێستا روونە ئەو كەسانە مافیان پێشێلكراوە. 

بەشدار حەسەن، پارێزەر لە تیمی  بەرگری لە دەستگیركراوانی بادینان لەبارەی دادگاییەكەوە وتی: شێروان شێروانی و ئەیاز كەرەم و گوهدار حەمەدئەمین و هەریوان عیسا و شڤان سەعید بەڕێوەچوو هەریەكە لە بەدەل بەرواری و و ئومێد بەرۆشكی بەهۆی كەموكورتی دۆسیەكانیان گەڕێندرانەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، دۆسیەی ئەوانی دیكەش دواخرا بۆ سبەینێ. 

ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داوامانكرد دۆسیەكە سەرلەنوێ لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێتەوە لەبەر ئەوەی رێگە نەدراوە پارێزەرەكان ئامادەبن لە كاتی لێكۆڵینەوەدا، وەكوتر داواشمانكرد ئەو بەَگانەی باسی لێوە دەكرێت بخرێتە بەردەستمان چونكە گومانمان هەیە لە راستی و دورستیان. 

پارێزەرەكە وتیشی: ئەو كەسانە بە تۆمەتی سیخوڕیانكردووە بۆ وڵاتانی دیكە و تێكدانی ئاسایشی وڵات و كودەتاكردنن، پرسیاریشمان لە نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش كرد ئەو وڵاتانە كێن كە سیخوڕیان بۆكردوون بەڵام ئەوان وەڵامێكیان نەبوو. 
لەبارەی هەڵوێستی داواكاری گشتی پارێزەرەكە ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك لەوبارەیەوە بكات تەنها وتی من وەك خۆم بەدڵم نەبووە، بەڵام ئەو نوێنەری خەڵكە خۆی  و ویژدانی خۆی. 


ئەوەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی حەوتی ئەم مانگە ژمارەیەك لە كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان ویستیان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شارۆچكەی عەنكاوەی شاری هەولێر گردببنەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگەیان پێنەدرا و دەستگیركران و دوای هێشتنەوەیان بۆ ماوەیەك ئازاد كران. 

لە دوێنێشەوە چەند جارێك دەنگۆی دواخستنی دادگاییەكە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام لە كۆتایدا دادگاییەكە دەستیپێكرد، لەوبارەیەوە ئاسۆ هاشم، پارێزەری بەدەل بەرواری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پەڕاوی هەریەكە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی گەڕێندراونەتەوە دادگای لێكۆڵینەوە بەهۆی كەمی پەڕاوی لێكۆڵینەوە. 

رۆژی 15ی ئایاری 2020 واتە رۆژێك پێش گردبوونەوەی ژمارەیەك مامۆستای دهۆك لە دژی دواكەوتنی موچەكانیان، مامۆستا بەدەل بەرواری، یەكێك بوو لە رێكخەرانی سەرەكیی گردبوونەوەكە، لەلایەن پۆلیسی دهۆكەوە دەستگیركراوە. 

بە گوێرەی ئاماری سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە پێشتر رایگەیاندبوو  لە ماوەی رابردوودا لە بادینان زیاتر لە 70 چالاكوان و رۆژنامەوان دەستگیركراون و ئەمڕۆش یەكەمین دانیشتنی دادگاییان ئەنجامدرا. 


ڕیکلام