ئەردۆغان: لە 5 ساڵدا 1259 سەرباز و هێزی ئەمنی تورکیا کوژراون

  2021-02-17  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥وە (١٢٥٩) ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سنوردا کوژراون.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەوانەی کوژراون پێکهاتوون لە ئەندامانی هێزەکانی سوپا و پۆلیس و پاسەوانی دەزگا ئەمنییەکان.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک بێ سڵکردنەوە ئیدانەی کارەکانی پەکەکە نەکات، ناتوانێت لەم وڵاتەدا خۆی وەک حزبێکی سیاسی بناسێنێت.

بە وتەی ئەردۆغان لەو ماوەیەشدا ١٢ هەزار و ٩٠٠ چەکداری پەکەکەیان کوشتووە، کە ئەو بە تیرۆریست ناوی بردوون، بەڵام تا ئێستا پەکەکە کوژرانی ئەو ژمارەیە لە گەریلاکانی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

 ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكردووە، بە هیچ شێوەیەک دەستیان سوور نەبووە بە کوشتنی یەک کەسی بێتاوان.

ئەوە لەکاتێکدایە لەدوای دەسپێکردنەوەی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٥ زۆربەی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە بەشێوەیەکی ڕۆژانە بۆردومان دەکرێت و زیانێکی زۆریان بەو ناوچانە گەیاندووە و ژمارەیەک هاوڵاتیش شەهید بوون.

ئەو وتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پەکەکە بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنی گارەدا ٣٧ سەربازی تورکیا کوژران و ١٥ گەریلاش شەهیدبوون.

 



ڕیکلام