فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا جارێکی تر لە ئاسمانی ئێران نزیکدەبنەوە

  2021-03-08  | 
تاران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە مەبەستی هۆشداریدان بە ئێران، جارێکی تر فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی ئەو وڵاتە نزیکدەبنەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، رۆژی رابردوو دوو فڕۆکەی B52ی ئەمریکا بە پاسەوانی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل و سعودیە و قەتەر، بە ئامانجی هۆشداریدان بە ئێران، بە ئاسمانی کەنداودا سوڕاونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێس لەزاری فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، چاودێریکردنی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکای لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و سعودیە و قەتەر، پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەگەرچی لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، هیچ ئاماژەیەک بە ئێران نەکراوە، بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئامانج لەو مانۆڕە، هۆشداریدان بە ئێران و رێگەگرتن لە بڕیارە شەڕانگێزییەکانی ئەو وڵاتەیە، هەروەک دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکایە لەوەی کە واشنتن بەردەوام پابەندی بەڵێنەکانیەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

لە ماوی ئەمساڵدا ئەمە چوارەم جارە کە فڕۆکە B52ەکانی ئەمریکا بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسوڕێنەوە، ئەو فڕۆکانەی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە و شەڕکەرێکی بێ وێنەن.

هەروەک پاش دەستبەکاربوونی جۆ بایدن لە کۆشکی سپی، ئەمە بۆ دووەم جارە واشنتن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بە مەبەستی هۆشداریدان بە ئێران، لە نزیک ئاسمانی ئەو وڵاتە دەسوڕێنێتەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوەکردووە، فڕۆکە B52ەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی ماینۆت لە داکوتای باکور دەستیان بە گەشتەکەیان کردووە، بەڵام لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، هیچ ئاماژەیەک بە شوێنی هەستانی فڕۆکەکان نەکراوە.

پێشتر جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە، "ئێران بەردەوام فاکتەرێکی تێکدەرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیدارەی نوێی واشنتن هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ رێگەگرتن لە بڕیارە شەڕانگێزییەکانی تاران لە ناوچەکە دەخاتەگەڕ".

لە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، فڕۆکە B52 و F16ەکانی ئەمریکا گەشتەکانیان لە ئاسمانی کەنداو و نزیک کەناراوەکانی ئێران زیاتر کرد و دواتریش سوپای پاسدارانی ئێران، چەند مانۆڕێکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجامدا.



ڕیکلام