لەسەر پولەکەی پاپا ئێرانیش هاتەدەنگ

  2021-03-10  | 
تاران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای تورکیا، ئێرانیش لەسەر چاپکردنی پولەکەی پاپا هاتەدەنگ.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، "چاپکردنی پولێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کە تیایدا بەشێک لە خاکی ئێران وەک ناوچەی هەرێم دیاریکراوە، کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی لێکەوتووەتەوە".

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، روون و ئاشکرایە ئەوەی کە بڵاوبووەتەوە، پێچەوانەی پرەنسیپ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایەتی خۆی لەوبارەیەوە گەیاندووەتە حکومەتی عێراق و داوایکردووە، هەموو ئەو پولانەی کە چاپکراون کۆبکاتەوە و بڕیارە نادۆستانەکەیان راستبکەنەوە".

ئەم لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پاش ئەوە دێت کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە دوای ئەوەی پاپا فرانسیس، مەرجەعی باڵای مەسیحیە كاسۆلیكەكانی جیهان گەیشتە عێراق و رووی لە شاری هەولێركرد، لە هەرێمدا شەش جۆر پولی پۆستە دروستكران كە راڤەی سەردانەكەی پاپایان دەكرد بۆ هەرێمی كوردستان.

پێشتریش تورکیا ناڕەزایەتی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕیوە و لە بەیاننامەیەکدا باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ڕایگەیاند، "تێبینی کراوە لەناو ئەو پولانەی کە چاوەڕواندەکرێت لە لایەنی ئیدارەی هەرێمی کوردی لە عێراق دەربکرێت بە بۆنەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، پولێکی تێدایە بەشێک لە شارەکانی تورکیای گرتووەتەوە".

فاتیح یەڵدز راشیگەیاند، "هەندێک لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردی عێراق، ئەوانەیان سنوری خۆیان تێپەڕاندووە، دەیانەوێت ئەم سەردانە بەکار بهێنن بۆ ئاشکراکردنی خەونە بەتاڵەکانیانن لە بەرامبەر یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتی عێراقی هاوسێ".

باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا جەختیشی کردەوە لەوەی کە، "پێویستە  لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بیریان بێتەوە ئەو جۆرە خواستە پیسانە چۆن بە شکست کۆتایی هاتووە".

داواشی لە دەسەڵاتدارانی هەرێکی کوردستان کرد، بەیاننامەکی پێویست دابنێنن و ئەو هەڵە گەورەیە راستبکەنەوە لە نزیکترین دەرفەت و بەشێوەیەکی ئاشکرا.


ڕیکلام