سۆرانی  |  بادینی  |  English      

هەفتەی داهاتوو موچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت

  2021-03-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەڵێنیان پێداون کە لە هەفتەی داهاتوودا موچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەش بکرێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ٢٩ی ٣ی٢٠٢١ کۆبوونەتەوە و فشارێکی زۆریان لەسەرە بەهۆی دواکەوتنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی دوو مانگە کە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە موچەیان وەرنەگرتووە و هەموو ئەو پاساوانەش کە حکومەت سەبارت بە دابەشنەکردنی موچەکە دەیهێنێتەوە، باوەڕپێکراو نین.

ئەبوبەکر هەڵەدنی راشیگەیاند، "بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان، لە ئێستادا پێشمەرگەکان لە دۆخێکی ئابوری خراپتدا دەژین و بەشێکیان تەنانەت کرێ خانوو و کرێی هاتووچۆیان بۆ سەر دەوامەکانیان پێنادرێت، بۆیە بڕیارمانداوە بەشێوەیەکی مەیدانی و لە سەر دوو ئاست بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەین".

روونیشیکردەوە، لەگەڵ وەزراتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو پرسە بکەن، و هاوپەیمانان فشاریان هەیە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو فۆڕمە حزبییە بهێنن.

ئەوەشی خستەڕوو کە دوێنێ سێشەممە ٣٠ی٣ی٢٠٢١، لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە و پێیان راگەیەندراوە کە لە هەفتەی داهاتوودا هاوپەیمانان پارەکە دەنێرن و موچە دابەش دەکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، "من پێموایە ئەو موچەیەی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت، یەک موچەیە نەک سێ موچە".

هەڵەدنی ئاشکراشیکرد، پێشتر هاوپەیمانان پێیانڕاگەیاندوون، ئەو فۆڕمە لە حزبایەتی کە لەناو پێشمەرگەدا پەیڕەو دەکرێت، مایەی قبوڵکردن نییە لەکاتێکدا ئەوان راستەوخۆ پشتیوانی مادی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و بەشێک لە موچەکانیان دابین دەکەن.