مەزڵومیەت لە کەربەلاوە تا ئاوشڤیتز
08/03/2026
|
836 جار خوێندراوەتەوە
مەزڵومیەت لەهەردوو فەرهەنگی شیعە و جوودا بەجیاوازی ئایینەکانەوە لە بونیاددا لێکچوون .
جووەکان لە مێژوودا خۆیان بە زوڵملێکراو دەزانن ( هەلهاتنیان لە میسر و بزربوون لە سینادا . سەبیکردنیان لەبابل ، وێرانکردنی هەیکەلی سلێمان ، دواترینیان هۆلۆکۆست و قڕکردنیان لەلایەن نازیەکانەوە )
ئەم چیرۆکی مەزڵومیەتانە لە فەرهەنگی جوودا هۆکارەکەی دەگئڕنەوە بۆ دەستەبژێربوونیان لەلایەن خوداوە کە گەلانی تر دەیانەوێت لەناویان بەرن .
لەو چیرۆکانەشەوە قەوارەیەکی سەربازیان بەناوی ئیسرائیلەوە دامەزرانداوە تاوەکو بەرگری لەو مەزڵومانە بکەن کە خودا بە شعب اللەی موختاری داناون .
لە فەرهەنگی شیعەدا ، ئەهلی بەیت نوێنەری خودان لەسەر زەمین و لە پێغەمبەر محمدەوە نەوەکانیان پەیامی ئەو دەگەیەنن . وەلا و بەرائەی شیعەکان لەسەر پەیوەستبوون بە ئەهلی بەیتەوە دامەزراوە چونکە نەوەکانی محمد پێغەمبەر قوربانی ئەو پەیامەن و خوێنی ئیمامی حوسەین و نەوەکانی لە دەشتی کەربەلاوە تا ئەمڕۆ و کوشتنی خامەنەئی لەبەر ئەو وەلائە ڕژاوە و دەڕژێت .
نە جوو و نە شیعە ناتوانن دەست بەردانی شیوەنەکانیان بن بۆ ئەو زوڵمەی بەگوێرەی چیرۆکەکانیان لێیان کراوە .
جگە لە فەرهەنگ ، سیاسەتی هەردوو دەوڵەتی ئیسرائیل و ئێرانی ئیسلامیش ، لەسەر ئەو مەزڵومیەتانە دامەزراوە .
لێرەوە جیاوازیەک لە کەسایەتی مەزڵومدا لەنێوانیاندا و لە دەوڵەتەوە دروست دەبێت .
کەسایەتی مەزڵوومی جوو لە دەوڵەتدا دەبێت بگۆڕێت بۆ جەنگاوەر و سەربازێک کۆتایی بە زوڵمەکان بهێنێت .
بەڵام مرۆڤی شیعە کەسێکە درێژە بە شیوەن و چاوەڕوانی تۆڵەکردنەوە لەلایەن خوداوە دەکات .
شیوەنەکان بە کوشتنی نوێ لە نمونەی کوشتنی رابەری کۆماری ئیسلامی - خامەنەئی تازەدەبنەوە و تاودەگرن . بۆیە ئەو دیدەی پێ ی وایە نیزامی سیاسی ئێران بە فەوتبوونی ئیمامێک یان سەرکردەیەکیان کۆتایی دێت تێگەیشتنێکی هەڵەیە . چونگە خودی ئیمام و رژێمەکە بەرهەمی فەرهەنگی شیوەنەکەیە . هەتا شیوەنەکە تازە بکرێتەوە ، فەرهەنگەکە حکایەتی مەزڵومیەت و خوێنی حسەینی بەلاوە تازەتر دەبێتەوە .
لەم تێگەیشتنەوە ، ئێمە وەک کورد چەندە لە کوشتنی عوسمان و سەدام حسەیندا بێ بەرین و ئەمریکیەکان سەدامیان کوشت و لەلای سونەکان خوێنەکەیان خستە ئەستۆی کورد ، بەهەمان شێوە ئێمە بێ بەرین لە خوێنی خامەنەئی و ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان کوشتیان و لە هەڵەیەکی ترەوە نابێت بخرێتە ئەستۆی کورد .
|