موچە و کوردایەتی

  28/07/2023  |    1045 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر قبوڵی بکەیت زیاتر لەو نۆساڵەی موچەکەت پچڕ و پچڕ بە لێبڕین و خوران و برانەوە وەربگریت ، ئەوا تۆ کوردێکی ڕەسەن و نەتەوەییت بەدیدی کوردایەتی . بەڵام ئەگەر داوای حەقی کار و موچەکەت لەبەغداوە بکەیت بەهەمان دیدی کوردایەتی تۆ کەسێکی دژە نەتەوەکەتیت . 

ئاخر لەکام نیشتمان و نەتەوەدا ، سوپاکەی لە وڵاتێکی ترەوە مانگانە موچە وەردەگرێت لە سوپای کوردایەتیدا نەبێت ؟ مانگانە بە شانازیەوە بیست ملیۆن دۆلار لە ئەمریکیەکان وەردەگرن بۆ سوپاکەیان . داخۆ سوپایەک موچەی لە وڵاتێکی دەرەکیەوە بۆبێت ، سوپایەکی نیشتمانیە ؟ بەڵام فەرمانبەرێکی نەدار بەکولە مەرگی دوومانگ جارێک بە کەسر و بڕینەکانیەوە داوای موچەکەی بکات ئەگەر لە دەوڵەتیشەوە بێت کە بە دەستور و هەموو پێوەرەکانی دیکەی یاسا سەر بە دەوڵەتی عێراقە ، ئەوەیان نا نیشتمانی بوونە . 
یەکێک لە شێواویەکانی سیاسەتی کوردایەتی ، شێواندنی چەمک و تێگەیشتنی خەڵکە بۆ نەتەوە و نیشتمان . بە تێگەیشتنی کوردایەتی ئەگەر ئینسانی کورد وەک حیزب و ڕێبازی حیزبەکە بیربکاتەوە ئەوە ئینسانێکی نەتەوەیی ڕەسەنە . بەڵام پێچەوانەی سیاسەتی حیزبەکەبێت وەک کەسێکی دژ بەگەل و نیشتمان دەناسرێت . 

ئەو تێگەیشتنە لە ئەساسەوە تێنەگەیشتنی حیزبی کوردایەتیە بۆ نەتەوە و نیشتمان . چونکە ئەوان کۆمەڵگە و گەل و نیشتمان و سامانەکەی بە موڵکی زەعیمی حیزب و بنەماڵەکەی دەزانن . هەرکات شور و شەیدای کەسی زەعیم و گوێڕایەڵ بوویت ( چش لە هەژاری و نەداریەکەت) ئەوا دەبیتە ئەندامێکی باشی حیزبەکە و ناسنامەی نەتەوە وەردەگریت . بەڵام بەو تێگەیشتنە ڕازی نەبوویت و داوای مافی هاوڵاتی بوونی خۆت لەدەرەوەی سیاسەتی کوردایەتی و زەعیمەکەیدا کرد ، دەبیتە ئینسانێکی لادەر و دژ بە کوردایەتی کە لای ئەوان دەکاتە دژ بە نەتەوە .

زیاتر