قەوانی قەوارەکە

  09/06/2023  |    1836 جار خوێندراوەتەوە
قەوارەیەک لە دروستبوونیەوە دابەشی دوو زۆن ، دوو دەستەڵات ، بەرەی دوو جەمسەر و دوو دنیایە ئەگەر لەشەڕی ناوخۆشدا نەبن لە شەڕی  نێوان دوو هێزی خاوەن چەک و یاسا و ڕێسای تایبەت بە خۆیانن . لەناو ئەو حکومەتەی قەوارەکەدا سەرۆک ناتوانێت موختاری گوندێکی زۆنی سەوز بگۆڕێت . لە پێچەوانەکەشیدا ئەگەر سەرۆک حکومەتی قەوارەکە سەوز بوو ، ناتوانێت کوێخای گوندێکی زۆنی زەرد لابدات !!  نەخوازەڵا  قەوارە دوو کەرتەکە بودجەی یەکگرتووی هەبێت . 

کەوایە بودجەی مەرکەزی  چ مانایەکی هەیە؟ 

دیسانەوە لێدانەوەی  قەوانی پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا چی لەو ڕاستیە دەگۆڕێت کە هەرێم لە دروستبوونیەوە دوو زۆنە ؟ 

باشترینەکەی هەر ئەوەیە هەر پارێزگایە و بەشە بودجەی خۆی ڕاستەوخۆ وەربگرێت . لەو بەینەشدا ئیستحقاقی خەڵک لە نێوان دوو زۆنەکەدا بزرنابێت بە بیانوی یەکتر تاوانبارکردنی یەکێتی و پارتی بەوەی هەر هەر یەکەیان ئۆباڵی بەفیڕۆدان و ئیفکردنی بەشە بودجە بخاتە ئەستۆی ئەوی تر  و  بەدەردی ئەو دابەشە( قەلب مەبسوتە )نیو بەنیوەی  ئەو برادەرە پاکستانیەی لێ نەیەت .

بۆیە هەرە باشترینەکە هەر جیاکردنەوەی بودجەی پارێزگاکانە . بۆئەوەشی خەڵکی هەر پارێزگایەک بزانێت لە کوێوە و چۆن  و کێ بودجەکەی بەباشی یان خراپ بەکاردێنێت . لە ئەگەری دووەمیشدا لە ڕێگای پارلەمان و دادگا و نەزاهەی بەغداوە داکۆکی لە مافە خوراوەکەی بکات .
زیاتر