یەکێک لە ئاکارە هەرەسەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە هیچ حەرامێکی سیاسیی ناناسێت، سنوورێکی نییە ڕایبوەستێنێت لەوەی شتێک، چەندە ناکۆکیش بێت بە گوتارە رەسمییەکانی، ئەنجامنەدات .
ئەم هێزە ئەمڕۆ شتێک دەڵێت سبەی پڕوپاگەندە بۆ پێچەوانەکەی دەکات. پارتی هێزێک نییە هیچ فیکر و پرنسیپ و ئایدیۆلۆژیا و حەرامێکی هەبێت، نە سیستمێکی فیکریی، نە سیستمێکی ئەخلاقیی و نە سیستمێکی ڕەمزیی هەیە، سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتەکانی دابنێت .
پارتی هێزێکە بێ هیچ تە فسیرکردنێک بۆ جیهان، بۆ خۆی، بۆ مێژوو، بۆ ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەیانڵێت و سبەی پشتیان تێدەکات .
پارتی جگە لە ئامرازێک، ئامرازێکی بێ بینین و بێ یاداوەریی، شتێکی زیاتر یان کەمتر نییە .
لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەم ئامرازە بە تەواوی کەوتۆتە دەستی بنەماڵەی بارزانی و لە دوای هاتنەکایەی ئابوریی نەوتیشەوە بووە بە موڵکی شەخسی ئەوان .
پارتی هێزێک نییە لە ڕێگای بنەماڵەی بارزانییەوە حوکمبکات، بەڵکو هێزێکە بنەماڵەی بارزانی بەهۆیەوە حوکمڕانیی دەکات. مەسەلەکە بوونی بەرنامە و جیهانبینییەکی سیاسیی نییە پارتی بیەوێت لەڕێگای بنەماڵەی بارزانییەوە پیادەیبکات، بەڵکو پارتەکە خۆی بە ئامرازێکە ئەو بنەماڵەیە بەکاریدەهێنێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و حوکمڕانیکردنی .
ئەمەش وادەکات پارتی وەک حیزب خاوەنی سنوور و حەرام و حەڵاڵ و سیستمێکی رەمزیی نەبێت کە ئاراستەی کار و کردەوە و بڕیارەکانی بکات، ئەوەی ئاراستەی دەکات سایکۆلۆژیای کەسایەتییە سەرەکییەکانی بنەماڵەی بارزانی وپاراستنی قازانج و دەسکەوت و هەیمەنەی ئەو بنەماڵەیەیە .
ئەم دۆخە وادەکات ئەم هێزە تەنانەت دیدێکی بۆ خۆشی نەبێت لە دەرەوەی خواست و ویستی بنەماڵەی بارزانیدا، ئەوەی هەیەتی ئەم بنەماڵە و ئەوەیە کە ئەو بنەماڵەیە بەڕاستیی دەزانن .
ئەمە وادەکات تاقە حەرامێک هەیانبێت، حەرامی ڕەخنەکردن و بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوەیە لە بنەماڵەی بارزانی، چ لەناو حیزبەکە خۆیدا چ لەدەرەوەیدا .
ئەمە وایکردوە ئیشی ئەم حیزبە لە پەیوەندیدا بە هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان و بە کۆمەڵگای کوردییەوە، کورتببێتەوە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز و دەسەڵات بە قازانجی پارتیی، کە بە پلەی یەکەم لە پاراستنی هەیمەنەی بنەماڵەی بارزیندا خۆی نمایشدەکات .
ئەم دۆخەیە، بۆ نموونە، وادەکات چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕیفراندۆم بکات و عێراق بە دوژمنی ژمارە یەکی خەڵکی کوردستان بزانێت و واینیشنبدات کورد لە بەردەم ئەگەری ئەنفالێکی تردایە لەلایەن عێراقەوە، کەچی ئەمڕۆ، سەد و هەشتا پلە بابداتەوە و باس لەوەبکات شانازیی بە عێراقیبوونی خۆیان و خەڵکی کوردستانەوە دەکەن .
پارتی هێزێکە بێ هیچ حەرامیێکی سیاسیی و سیاسەتی دابڕاویش لە حەرامی سیاسیی، سیاسیەتێکی تەواو ترسناک و وێرانکەرە .