١-بازدان و گۆڕانکاری (Mutation) لە ڤایرۆسەکان، بەتایبەت له جۆری RNA شتێکی زۆر باوە، لە سەرەتای سەرھەلدانی کۆڕۆنا تاوه‌کو ئێستا ڤایرۆسه‌کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر بازدانی کردووە ، بەلام لە زۆربەی جارەکان ئەو بازدانە ھیچ گۆرانکاریەکی ئەوتۆی لە رەوشتی ڤایرۆسه‌كه نه‌هێناوه‌ته ئارا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ھەندێکجار ئه‌و بازدانانه دەبێتە ھۆی لاوازبوونی ڤایرۆسه‌کە .
٢-لەئێستادا باسی سێ زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، كه گۆرانی به‌سه‌رداهاتووه دەکرێت ، ئەوانیش جۆره‌كانی بەریتانیا و باشووری ئەفریقا و بەرازیلە. تێبینیده‌كرێت زنجیرە نوێیەکەی بەریتانیا لەئێستادا له دووه‌كه‌ی تر زیاتر بلاوبۆتەوە و گەیشتۆتە نزیکەی شەست وڵات. بۆیه ده‌بینین زۆربه‌ی وڵاتەکان، بە تایبەتی ولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بۆئه‌وه‌ی رێگا له زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و جۆره نوێیه‌ی كۆڕۆنا بگرن، رێکاری توندیان گرتۆتە بەر ، بۆ نموونە له ولاتێکی وەکو بەریتانیادا رێكاری توند گیراوه‌ته به‌ر بۆئه‌وه‌ی رێگا له دوو جۆره‌كه‌ی تری ڤایرۆسه‌كه (ئافریقای باشوور‌و به‌رازیل) بگرن بپه‌ڕێته‌وه وڵاته‌كه .
٣- وه‌ك ده‌ركه‌وتووه ئەو زنجیرە نوێیانەی ڤایرۆسەکە توانای بڵاوبوونەوەیان زۆرترە. ئەو جۆرەی بەریتانیا زیاتر تووشی مندال و گەنجەکان دەبێت، ئه‌گه‌ر بێتوو لە گەل زنجیرە کۆنەکەی کۆرۆنا به‌راوردی بكه‌ین. زۆرینه‌ی ئەو کەسانەش، کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ده‌بێت، بە شێوەیەکی گشتی ته‌مه‌نیان ده ساڵ كه‌متره له‌تووشبوانی شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسەکە. ئه‌گه‌رچی ھەندێک لێکۆلینەوە وا نیشان ئەدەن مردن بە ھۆی ڤایرۆسه گۆڕاوه‌كه له‌بەریتانیا تۆزێک زیاترە، بەلام ئه‌مه تا ئێستا بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە. بەشێکی زۆری شارەزایانی ئەو بوارە لەو باوەڕەدان زێده‌بوونی ژمارەی مردن لەو شەپۆلە نوێیەی ڤایرۆسه‌كه، بە ھۆی زێده‌بوونی رێژه‌ی تووشبوانە نەک كاریگهرتربوونی ڤایرۆسەکە .
٤-لە گەڵ سەرھەلدانی جۆره نوێکانی کۆڕۆنا پرسیاری راده‌ی کاریگەری ڤاکسینەکان ھاتە پێش. دەركه‌وتووه، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش هه‌یه . بۆ نمونه ھەفتەی رابردوو چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریانخست، كه ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتێک بەرامبەر ئەو زنجیرە نوێیەی بەریتانیا كاریگه‌ری ته‌واوی هه‌یه. ھەر دوێنێ کۆمپانیای مۆدێرناش رایگەیاند ڤاکسینەکەیان بەرامبەر کۆرۆنای جۆری بەریتانیاو ئەفریقای باشوور كاریگەری باشی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه تا ئێستا دیار نیە، كه رێژەی کاریگەری ئەو ڤاکسینانە ھەمان جۆری ئه‌و به‌رگریه دروست ده‌كات، كه بۆ ڤایرۆسه كۆنه‌كه ده‌یكرد!. له‌راستیدا ئه‌و به‌رگریه‌ی ڤاكسینه‌كه دروستی ده‌كات هه‌ر چه‌ندێك بێت، له كۆتاییدا ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوان به په‌تاكه و كۆنتڕۆڵكردنی .
٥-ئەگەری ئەوە ھەیە کە لە داھاتوو بە ھۆی بازدان جۆریک لە ڤایرۆسی گوڕاوی کۆرۆنا سەرھەل بدات و له كاریگه‌ری ڤاکسینەکانی به‌رده‌ست كه‌مبكاته‌وه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی په‌تاكه بونە یان ڤاکسینیان وەرگرتوە بۆ جاری دووه‌م سه‌رله‌نوێ تووش ببنه‌وه، بەلام ئەمە ته‌نیا پێشبینیهكهو تێپەربوونی کات ئەو ئەگەرە یەکلادەکاتەوە . له‌و ئەگەرەدا كۆمپانیاكانی دروستكردنی ڤاكسین، ده‌توانن له‌ماوه‌ی چەند ھەفتەیەکی کەم ڤاكسینێکی ترێ نوێ به‌رهه‌م بهێنن کە کاریگەری ھەبێت .
٦-ئاشكرایه له‌ئێستادا ئەوروپاو ئەمریکا لە دۆخێکی خراپ دان، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستپێكردنی هه‌لمه‌تی كوتان له‌و وڵاتانه، رێژه‌ی بلاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌و رێژه‌ی توشبوانیش لە چەند مانگی داھاتوو كه‌متر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه تا ئێستا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و ڤاكسینانە گه‌یشتۆته ولاته هه‌ژاره‌كان، خۆشبه‌ختانه له ئێستادا دۆخی ئه‌و وڵاتانه زۆر خراپ نیه ئەگەر بەراورد لە گەل ئەمریکاو ئەوروپا بکرێت . جیهان ئه‌مڕۆ به توندی به‌یه‌كه‌وه گرێدراوه، بۆیه ئه‌گه‌ری زیاتربڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه هه‌میشه له‌ئارادایه‌و دواجاریش ئه‌و ڤاكسینانە هه‌ر دەبێت بگاته ھەموو وولاتێک، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی هه‌ژارو ده‌وله‌مه‌ند به‌یه‌كه‌وه پارێزراو بن. مرۆڤایەتی بە یەکەوە لەو پەتایە دەربازی دەبێت .