نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک و نیو یاخود (لادا ) چیە؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  03/02/2021  |    1048 جار خوێندراوەتەوە
بۆئەوەی ئەو بابەتە بەوردی شیبكەینەوە، سەرەتا هەوڵدەدەم چەند پرسیاریك بوروژێنم و دواتر وەڵامیان بدەمەوە، نەخۆشی شەكرەی جۆری یەك و نیو (لادا) چیە؟ چۆن ئەو نەخۆشیە دیاری دەكرێت و چارەسەر دەكرێت؟ ئەمجۆرەی شەكرە تا چ رادەیەك لەنێو خەڵكدا هەیە؟ وەڵامەكان لەچەند خاڵێكدا چڕ دەكەینەوە:
1- نەخۆشی شەكرە دوو جۆری سەرەكی هەیە . جۆری یەكەم لە منداڵان و تەمەنی هەرزەكاریدا دەردەكەوێت، لەم جۆرەدا چەند جۆرێك لە دژەتەن لە جەستەی نەخۆشەكە دروست دەبێت، كە تا ئێستا هۆكارەكەی نەزانراوە،  ئەو دژە تەنانە پەلاماری خانەكانی بیتا لە پەنكریاس ( Beta cella ) دەدەن و دەبنە  ھۆی نەمانی ئەنسولین. بۆیە تاكە چارەسەری ئەمجۆرە شەكرەیە بەكارھێنانی ئەنسولینە.  هەرچی جۆری دووەمی شەكرەیە، كە لەجۆرەكەی تر باوتر‌ و نزیكەی ٩٠٪ ی كۆی گشتی نەخۆشەكانی شەكرە پێكدێنێت . ئەم جۆرە بەشێوەیەكی گشتی لە تەمەنی سەرووی چل ساڵیەوە دەردەكەوێت، لەهەندێكجاریشدا بەھۆی زیادبوونی كێش و قەڵەویەوە ، بەشێك لە منداڵانیش تووشی ئەو جۆرە دەبن. بەشی ھەرە زۆری تووشبوانی جۆری دووەمی شەكرە قەڵەون یان كێشیان زیادە، لەم جۆرەدا نەخۆش كێشەی كەمی ئەنسولینی نیە، بەڵكو لەش بەگری بەرامبەر ئەنسولین دروستدەكات و لەكاریگەری كەمدەكاتەوه، ئەم جۆرە بە پارێز و حەب كۆنتڕۆڵ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری ئەوە هەیە دوای چەند ساڵێك هەندێك لەو تووشبوانە پێویستیان بە ئەنسولین بێت .
2-جۆرێكی تری نەخۆشی شەكرە هەیە، كەهەندێك لە سیفەتەكانی هەردوو جۆری یەكەم و دووەمی تێدایه، ‌ ، بۆیە بە جۆری یەك و نیوی شەكرە ناودەبرێت . هۆی ئەم جۆرەش بوونی دژەتەنە لەجەستەدا، كە پەلاماری خانەكانی بیتا لە پەنكریاس ئەدەن تووشی كەمی ئەنسولینیان دەكات، لەم جۆرەدا پەنكریاس راستەوخۆ توانای بەرهەمهێنانی ئەنسولین لەدەست نادات و  بۆماوەیەك دەتوانێت بەرگە بگرێت، دواتر رێژەی ئەنسۆلینەكە كەمدەبێتەوەو نەخۆش پێویستی بە بەكارهێنانی ئەنسولین دەبێت.
3- جۆری یەك و نیوی شەكرە كە بە لادا دەناسرێت ( Latent Autoimmune Diabetes in Adults ) . لە رووی كەمبوون و نەمانی ئەنسولین لە جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە دەچێت، بەلام زۆربەی ئەوانەی تووشی ئەم جۆرە شەكرەیە دەبن، تەمەنیان لەسەرووی سی ساڵیەوەیە و گەنج نین ئەگەر بەراورد لەگەڵ جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە بكەین ، دەكرێت بەشێك لە تووشبوانی ئەم جۆرەی شەكرە كێشیان زیاد بێت .
4-هەندێك لێكۆلینەوە ئەوە دەردەخەن، كە ١٠٪‏ ی ئەو نەخۆشانە بە هەڵە بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە دەستنیشان دەكرێن، تەنانەت هەندێك لێكۆلینەوە ئاماژە بەوە دەكەن، كە ٢٥٪‏ ی تووشبوانی شەكرەی خوار تەمەن ٣٥ ساڵی جۆری یەك و نیوی نەخۆشی شەكرەیان هەیە.
5-نیشانەكانی ئەو جۆرەی شەكرە هەروەك دوو جۆرەكەی تری نەخۆشی شەكرەیە. باشتر وایە ئەو نەخۆشانە لەلایەن پسپۆری نەخۆشیەكانی شەكرەو كوێرەرژێنەكانەوە چارەسەر بكرێن. هەندێك پشكنینی خوێنی تایبەت ھەیە، كە یارمەتی دیاریكردنی ئەو جۆرەی نەخۆشی شەكرە دەدات ، بۆ نموونە C-Peptide لە جەستەی نەخۆشەكەدا كەمدەبێتەوە و كۆمەلێك دژەتەن بە تایبەت ( Anti-GAD Antibodies ) لە خوێن بەدیاردەكەوێت، ئەم دژە تەنانە لە تووشبوانی جۆری دووەمی شەكرە نابینرێت.
6-لە سەرەتای دەستنیشانكردنی ئەو جۆرەی نەخۆشی شەكرە، دەكرێت بەشێك لە نەخۆشەكان لە رێگای پارێزكردن و بەكارهینانی حەبی وەك مێتفۆرمین چارەسەر بكرێن، بە تایبەت لەو نەخۆشانەی كێشیان زۆرەو قەڵەون. لە هەموو حاڵەتەكاندا بەشی هەرەزۆری نەخۆشەكان دوای ماوەیەك پێویستیان بە ئەنسولین دەبێت، كە ئەو ماوەیە چەند مانگێك بۆ چەند سالێك دەخایەنێت، بەلام بە بەراورد لە گەل جۆری دووەمی ئەو نەخۆشیە، ئەو نەخۆشانە زووتر پێویستیان بەوەرگرتنی ئەنسولین دەبێت. ھەندێك لەتوێژەران بە باشی دەزانن لەگەل دەستنیشانكردنی ئەو جۆرەی شەكرە، نەخۆشەكان راستەوخۆ دەست بە بەكارهێنانی ئەنسولین بكەن. ئەوەی بە تەواوی یەكلابۆتەوە ئەوەیە، كە هەموو تووشبوان دوای ماوەیەك پێویستیان بە ئەنسۆلین دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكە. 
7-  سەردانیكردنی پزیشك و خێرا دەستنیشانكردنی ئەو جۆرە ‌شەكرەیە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ئەگەر ئەو نەخۆشانە لە وەرگرتنی ئەنسۆلین دوابكەون ماكەكانی شەكرەیان لێبەردیاردەكەوێت و كۆمەڵێك كێشەی تر بۆ نەخۆشەكە دروست دەبێت.
بە كورتی دەمەوێت ئەوە ڕوونبكەمەوە كە جۆری یەك و نیوی نەخۆشی شەكرە بە ڕێژەیەكی بەرچاو بوونی ھەیە، بەلام بەشی ھەرەزۆریان وەك جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە دەستنیشان كراون . زۆر گرنگە ئەم جۆرەی شەكرە لە كاتی خۆیدا دەستنیشان بكرێت و دەست بە چارەسەری گونجاو ، واتە وەرگرتنی ئەنسولین بكرێت ، چونكە بەكارھێنانی حەب بە تەنیا كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت بۆ كۆنترۆلكردنی نەخۆشیەكە.

*پسپۆری ھەناو و فریاگوزاری ھەناو
ڕاوێژكار لە نەخۆشی شەكرەو كوێرەڕژێنەكان


زیاتر