ئایا ده‌كرێت کەسێک دوو جار تووشی پەتای کۆرۆنا بێت؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  05/11/2020  |    2050 جار خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌تا دەمەوێت بەوە دەستپێبکەم، كه‌ تا ئەم کاتە به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان نزیکەی پەنجا ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیھان تووشی پەتای كۆڕۆنا بووە، بەلام ئاشكرایه‌ ژمارە راسته‌قینه‌كه‌ زۆر لەمە زیاترە، چونکە خەلکێکی زۆری تووشی ئه‌و په‌تایه‌ بووه‌ و پشکنینیان بۆ نەکراوە ، یاخود سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیان نه‌كردووه‌، هه‌رچۆنێك بێت لە کۆی ئەو ژمارە گەورەیە ئەو کەسانەی بە دلنیایی بۆ دوو جار تووشی ئەو پەتایە بوونە ناگاتە ٣٠ کەس لە سەرانسەری جیھان. واتە ئەگەری دووجار تووش بوون بەو ڤایرۆسە زۆر دەگمەنە !.

بۆ ئەوەی بە تەواوی وەلامی ئەو پرسیارە بدەینەوە پێویستە شیکردنەوەیەکی زانستی بکەین :

١-ھەر کەسێک تووشی ئەو پەتایە دەبێت، بەرگری لەش دەکەوێتە گەر بۆ شەڕکردن دژی ئەو ڤایرۆسە، بەشێک لەو خانانەی بەرگری لەش بریتیە لە خانەکانی جۆری   (B-Cell) . کە دژە تەن دروست دەکەن ، ئەم دژە تەنانە چەند جۆرێکن بەڵام جۆری Ig-G ، کە بەشێوەیەکی گشتی دوای مانگێک لە تووشبوون بە كۆڕۆنا لە خوێن بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و له‌ دژه‌ته‌نه‌كانی تر زیاتر لە خوێن دەمێنێتەوە. دیاره‌ رێژەی دژەتەن لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت. ئەوانەی بە تووندی تووشی ئەو پەتایە ده‌بن رێژەی دژە تەنیان زیاترە لەو کەسانەی بە سووكی ده‌یگرن،  ھەندێک لێکۆلینەوە وا نیشان دەدەن، کە ئەو کەسانەی بە سووکی تووشی ئەو پەتایە ده‌بن ، دوای چەند مانگێک ڕێژەی دژە تەن بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خوێنیان کەمدەکاتەوە، ھەر لەبەر ئەوەیە ھەندێک کەس باسی ئه‌گه‌ری تووشبوونی كۆڕۆنا ده‌كه‌ن بۆ جاری دووه‌م.

٢-ھێلێکی تری بەرگری لەش بریتیە لە خانەکانی جۆری   (T-Cell) ، ئەو جۆرە خانانه‌ی بەرگری لەش جۆرێک لە زاکیرەیان ھەیە (Memory T-Cell) ، ئەگەر ڤایرۆسەکە بۆ جاری دووم بچێتە لەشی کەسێك، كه‌ پێشتر دووچاری ئه‌و په‌تایه‌ بووبێت ، ئەو خانانە ڤایرۆسەکە ده‌ناسنەوە و پەلاماری دەدەن ، بۆیە ھەندێک لە پسپۆرانی ئەو بوارە لەو باوەڕەدان تەنانەت ئەگەر کەسێک دژەتەنیشی لە خوێن نەبێت ، ئەگەری ئەوە ھەیە، کە جۆریک بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە ھەبێت. لە کاتێک دژەتەن ئەگەری ھەیە بە تیپەربوونی کات کەم بێتەوە ، بەڵام ئەو بەرگەریەی لە ڕێگای تی سێل ھەیە بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام دەبێت .

٣-ئەو پشکنینانه‌ی بۆ دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا بەکاردەھێنرێت و بە شێوەی سامپڵ لە لووت و قوڕگ وەردەگیرێت (PCR) پەیوەستە بە شیکردنەوەی جینەکانی ئەو ڤایرۆسە و ناتوانێت ڤایرۆسی زیندوو لە مردوو جیابکاتەوە ، لە ھەندێک حاڵەت سه‌رباری ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ مردووه‌ توانای گوێزرانه‌وه‌ی نیه‌، به‌ڵام دووبارە پشکنین بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەک بە پۆزەتیڤ دەردەکەوێت ، ئه‌و دیارده‌یه‌ لە لایەن ھەندێک کەس وه‌ك دووبارە تووشبونەوە شیکردنەوەی بۆ ده‌كرێت.

٤-ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیه‌ن، لە ئەگەری تووشبون بۆ جاری دووەم ، بە شێوەیەکی گشتی سووکتر دەبێت ، ھەرچەندە کەسێك لە ئەمریکا بۆ جاری دووەم بە توندی تووشی ئەو پەتایە بووه‌وه‌ ، بەڵام وا پێدەچێت ئەو کەسە برێکی یەکجار زۆر لە ڤایرۆسەکە چووبێتە لەشی بۆیە دۆخی تەندروستی خراپ ببوو.

٥-یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ڤایرۆس ئەوەیە، کە زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ده‌كه‌ن و زێده‌ ده‌بن، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ گۆڕانکاری بەسەر جینەکانیاندا بێت، ھەر بۆیە ئێستا لێکۆڵینەوەکان خەریکی شیکردنەوەی ئەو دیاردەیەن، ھەر گۆرانکاریەک لە پێکھاتەی ئەو ڤایرۆسە ، کاریگەری لەسەر داھاتووی ئه‌و ڤاکسینه‌ دەبێت، كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری به‌رهه‌م ده‌هێنرێت ، بۆیه‌ بەشێک لە زانایان لەو باوەڕەدا پەتای کۆرۆنا وەک ئەنفلوەنزا ببێته‌ نەخۆشیەکی وەرزی و بەھه‌مان شێوە لە جارێک زیاتر پێویستمان بە ڤاکسین ھەبێت .

٦-ھەرچەندە ماوه‌ی یازدە مانگ بەسەر پەیدابوونی ئەو پەتایە تێپەڕیوە و شارەزاییەکی تا راده‌یه‌ك باشمان لەسەر پەیداکردووە، بەڵام ھێشتا زۆر شت ھەیە بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە ، لێکۆلینەوە زانستیەکان دەربارەی بەرگری لەش بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە بەردەوامن و دڵنیام لە داھاتوو زانستی پزیشکی بە ھەموو لایەنه‌کانی ئەو ڤایرۆسە ئاشنا دەبێت .

٧-وه‌ك ھەمیشە لە پۆستەکانمدا ئاماژه‌م پێكردووه‌، ئەو نەخۆشیە نوێیە و تێپەڕبوونی کات وەڵامی بەشێکی ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە، کە لە  ئێستادا گومانمان لێی هه‌یه‌،  لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەو ڤایرۆسە لە ماوەی ساڵانی داھاتوو بۆمان دەردەکەوێت ، ئەگەری دووبارە تووشبونەوە چەند و چۆن ده‌بێت . زۆر شت لە ژیان ، لەمانەش زانستی پزیشکی پێویستی بە کاتە بۆ وەڵامی پرسیارەکان .

٨-تا ئێستا رێکخراوی تەندروستی جیھانی و بەشێکی زۆری زانایان وەڵامێكی یەکلایکەرەوەیان نیە بۆ گەلێک پرسیار ، ھەر بۆیە ئامۆژگاری ئێمە بۆ ھەر کەسێکی تووشبوو بەو پەتایە  ئه‌وه‌یه‌ تا بۆی ده‌كرێت بەردەوام بێ لە رێکارەکانی خۆپارستن ، چونکە ئەگەر خۆشت دووبارە تووشی ئەو پەتایە نەبیتەوە ، ئەگەری ئەوە ھەیه‌ ببیه‌ ھۆکارێک بۆ گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە بۆ کەسانی تر  

کوردستانیانی خۆشەویست ، ھەموو جیھان بە دەست ئەو پەتایە دەناڵێنێت ، تاکو پێتان دەکرێت بەردەوام بن لە رێکارەکانی خۆپاراستن ، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە شلەژانی دەروونی ناکات. بۆ ئەوانەی تووشی ئەو پەتایەش بوونە، ئەوە دڵنیا بن لە چەند مانگی داھاتوودا ئەگەری دووبارە تووشبوونه‌وه‌تان یەکجارکەمە.  مرۆڤایەتی دەبێت بە ھیواوه‌ چاوەڕوانی پێشکەوتنەکانی زانستی پزیشکی بكات و به‌گه‌شبینیه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ بڕوانین.


زیاتر