سۆرانی  |  بادینی  |  English      

چەند راستیەک دەربارەی بەرزی فشاری خوێن (Hypertension)

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  22/01/2021  |    1599 جار خوێندراوەتەوە

1-بەرزە فشاری خوێن (زەغتی خوێن) نەخۆشیەکی زۆر بلاوە نزیکەی ١.٤ بلیۆن کەس لە سەرانسەری جیھان کێشەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە، له‌وانه‌ ژمارەیەکی بەرچاو لە تووشبوان لە ولاتە ھەژارەکانن . بە شێوەیەکی گشتی لە ھەر چوار پیاو و لە ھەر پێنج ژن یەکێکیان کێشەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە. ھەر کەسێک فشاری خوێنی ١٤٠/٩٠ ( لە کوردستان بە ١٤/٩ دەناسرێت ) یان زیاتر بێت ئەوە دەگەیەنێت، کە بەرزە فشاری خوێنی ھەیە. لەم حالەتەدا وا باشترە سەردانی دکتۆر بکات، بۆ ئەوەی دلنیا بێتەوە و ئەگەر پێویست بکات چارەسەر وەرگرێت. ھەندێک له‌ ناوەندە زانستیەکان لەو باوەڕەدان، کە پێویسته‌ رێژه‌ی ١٣٠/٨٠ وەک بەرزە فشاری خوێن دابنرێت و نەخۆش دەبێت گۆرانکاری لە ژیانی بکات .

2-بەرزە فشاری خوێن یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و دەبێتە ھۆی جەلتەی دڵ و مێشک ، یاخود خوێن بەربوونی خوێنبەرەکانی مێشک ، ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆیدا چاره‌سه‌ری وه‌رنه‌گرێت، له‌ ئاینده‌دا دەبێتە ھۆی پەککەوتن و سستبوونی دڵ و گورچیلەکان ، هه‌ندێک جار ده‌بیته‌ هۆی خوێن بەربوون لە خوێن بەرەکانی چاو و کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تۆڕی چاو و دەماری چاو دەبێت .

3-لە زۆربەی حالەتەکاندا بەرزە فشاری خوێن ھیچ نیشانەیەکی نیه‌، ھەر بۆیە بە کوژەری بێدەنگ دەناسرێت (silent killer). خەلکانێکی زۆر ھەن فشاری خوێنیان بەرزە بێئەوەی ھەستی پێبکەن ، بۆیە زۆر گرنگە خەلک چاودێری فشاری خوێنی خۆیان بکەن و لە ئەگەری بەرزی فشاری خوێن سەردانی دکتۆر بکەن . ئەگەرهاتوو فشاری خوێن زۆر بەرزبێتەوە بۆی ھەیە ھەندێک نیشانە درووست بکات وەک سەرئێشە، خوێن بەربوونی لووت ، گێژبوون ، سینگ ئێشان و دلەکوتێ.

4-لە زۆربەی حالەتەکاندا ھۆکاری سەرەکی بەرزی فشاری خوێن دیار نیە ( Essential Hypertension)، بەلام ئه‌وه‌ دەزانین، کە چوونە ناو تەمەن و رەقبوونی خوێنبەرەکان دەبنە ھۆی بەرزی فشاری خوێن . ھۆکاری بۆماوەیش رۆلی خۆی ھەیە، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ خێزانێكدا بێت، كه‌ فشاری خوێنیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری تووشبوونی له‌ خه‌ڵكانی تر زۆرتره‌. له‌پاڵ ئه‌مانه‌ کۆمەلێک ھۆکاری تر ھەن، کە ئەگەری بەرزە فشاری خوێن زیاد دەکەن، وەک بەکارھێنانی بڕێکی زۆر لە خوێ ، خواردنەوەی ئەلکھول ، جگەرە کێشان ، قەلەوی و وەرزش نەکردن .

لە ١٠٪‏ ی حالەتەکانی بەرزە فشاری خوێن دەتوانرێت ھۆکارەکانی دیاری بکرێت ( Secondary Hypertension) ، ئەو ھۆکارانەش بریتین لە تەسکبوونەوەی خوێنبەری گورچیلە و ھەوکردنی درێژخایەنی گورچیلە و کۆمەلێک نەخۆشی تری کوێرە رژێنەکان . ئەگەری ئەو ھۆکارانە له‌گه‌نجێك زیاتر به‌دیارده‌كه‌وێت، كه‌ کێشەی بەرزە فشاری خوێنی ھەیە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو نەخۆشانە لە لایەن پزیشکی پسپۆر پشکنینیان بۆ بكرێت و چارەسەری گونجاو وەرگرن.

5-هه‌ندێك ئافره‌ت ته‌نیا له‌كاتی دووگیانیدا دوچاری حاله‌تی به‌رزه‌فشارری خوێن ده‌بن، کە پێویستە‌ زوو ده‌ستنیشان بكرێت و چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زیانی زۆری بۆ کۆرپەلە ھەیە و ئەگەر کۆنترۆل نەکرێت ئەگەری ئەوە ھەیە ژیانی دایکه‌كه‌و کۆرپەلەكه‌ی بخاتە مەترسیه‌وه‌ . چارەسەری ئافرەتی دووگیان ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت سه‌لامه‌تی كۆرپه‌له‌كه‌ بپارێزێت، بۆئه‌مه‌ش پێویسته‌ ره‌چاوی ئه‌و ده‌رمانانه‌ بكرێت، كه‌ به‌كاریده‌هێنێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و نه‌خۆشانه‌ لە ژێر چاودێری دکتۆری ئافرەتان چارسەری وەرگرن و لە ھەندێک کاتیشدا پێویستە راوێژ بە دکتۆری ھەناو بکرێت.

6-له‌به‌ر به‌ربڵاوی نه‌خۆشیه‌كه‌ ھەر مالێک پێویستە ئامێرێکی پێوانی فشاری خوێنی ھەبێت لە مالەوە، دوو جۆر لەو ئامێرانە لە بازاردا ھەن ، یەکێکیان جیوه‌ی ھەیە و بەکارھێنانی ھەندێک شارەزایی دەوێت ، ئه‌وه‌ی تر ئەلیکترۆنیە و بەکارھێنانی ئاسانترە ، لە جۆری ئەلیکترۆنی باشتر وایە، کە ئەو جۆرەی لە قۆل ده‌به‌سترێت بەکاربھێنریت، چونکە زۆربەی ئەو جۆرانەی لەمەچەک ده‌به‌سترێن، زۆر ھەستیار نین و متمانەیان پێناکرێت.

7- زۆر جۆری ده‌رمان بۆ چارسەری فشاری خوێن لە بازاڕەکانی کوردستان ھەیه‌ . ھەر جۆرێك لەو دەرمانانە چەندان جورعەی جیاوازیان ھەیە . ھەر یەکێک لەو دەرمانانە لە لایەن کۆمەلێک کۆمپانیای جیاواز دروست دەکرێت . بۆیه‌ زۆر گرنگە نەخۆش بزانێت بەرزەفشاری خوێن حالەتێکی درێژخایەنەو دەبێت بەردەوام لە ژێر چاودێری پزیشک ده‌رمان به‌كاربهێنێت و هه‌موو دکتۆرێکی ھەناو دەتوانێت چارەسەری ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش کۆمەلێک پرۆتۆکۆل ھەیه‌، کە دەبێت پەیڕەوبکرێت و پزیشک بڕیار لەسەر بەکارھێنانی جۆری دەرمان و جورعەکەی بدات. دەرمانەکانی چارەسەری فشاری خوێن بۆی ھەیە وەک ھەر دەرمانێکی تر ھەندێک کێشە بۆ نەخۆش دروست بکات ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆش هه‌ستی به‌هه‌ر كێشه‌یه‌ك كرد پێویسته‌ دكتۆرەکەی له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاگادار بكاته‌وه.

8- ئه‌وانه‌ی به‌رزه‌ فشاری خوێن یاخود هه‌ر نه‌خۆشیه‌كی تری درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، باشتر وایە لە ژێر چاودێری یەک پزیشک چارەسەر وەرگرن . به‌رله‌وه‌ی سه‌ردانی دكتۆر بكرێت به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، وا باشە له‌كاتی جیاوازدا چه‌ند جارێك فشاری خوێنی خۆی لە مالەوە بكات، بۆ ئەوەی دكتۆره‌كه‌ بتوانێت به‌ئاسانی بڕیار له‌سه‌ر ھەر گۆرانکاریەکی پێویست‌ بدات . بە ھەمان شێوە ده‌بێت نەخۆش لیستی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی لابێت کە بەکار دەھێنێت ، ئەو کەسانەی بە تەمەنن و خوێندەواریان نیە ، ئەندامێکی خێزانەکەیان دەبێت ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ .لێکۆلینەوەکان وا نیشان ئەدەن کە نیوەی ئەو کەسانەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە لە ژێر کۆنترۆڵدا نین، ئه‌وانه‌ن، كه‌ چاره‌سه‌ریه‌كه‌یان به‌ ته‌واوی وه‌رناگرن و له‌كاتی پێویستدا سه‌ردانی دكتۆر ناكه‌ن . دەبێت ئەوە بزانین کە ھەندێک نەخۆش پێویستی بە چەند دەرمانێکە لە گروپی جیاواز بۆ ئەوەی بەرزە فشاری خوێن کۆنترۆل بکرێت.

9-دڵه‌ڕاوکێ و ترس به‌شێوه‌یه‌كی كاتی فشاری خوێن به‌رزده‌كاته‌وه‌ (White-coat Hypertension) ، بۆیە بەشێک لە نەخۆشەکان کاتێک سەردانی نەخۆشخانەو دکتۆر دەکەن فشاری خوێنیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و کاتێکیش لە مالەوەن و لە دۆخێکی ئارام دان فشاری خوێنیان نۆرمالە . لەو نەخۆشانەدا لە ڕێگای بەکارھێنانی ئامێری پێوانی فشاری خوێن بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەتوانرێت ئەو حالەتە دەسنیشان بکرێت ، ئەو ئامێرە بۆ ئەو کەسانەش بە سوودە، کە کێشەیان لە کۆنتڕۆلکردنی فشاری خوێن هه‌یه‌، چونکە بە ھۆی ئەو ئامێرە دەتوانین خوێندنەوەی کۆمەلێک فشاری خوێنمان دەستبکەوێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا.

10-ئەوانەی بەرزە فشاری خوێنیان ھەیە دەبێت به‌كارهێنانی خوێ زۆر کەم بکەوە ، بە شێوەیەکی گشتی لەرۆژێكدا له‌ كه‌وچكێكی چای زیاتر به‌كارنه‌هێنن، ئه‌وانه‌ی جگه‌ره‌ ده‌كێشن و به‌رزه‌ فشاری خوێنیان هه‌یه‌ وا باشتره‌ واز له‌جگه‌ره‌كێشان بێن، چونکە جگەرەکێشان و بەرزەفشاری خوێن لە یەک کاتدا ئەگەرەکانی تووشبون بە جەلتەی دل و مێشک زۆرتر دەکات ، بەھەمان شێوە ئەوانەی ئەلکھۆل دەخۆنەوە دەبێت زۆر کەمی بکەنەوە . وەرزش کردن رۆلێکی زۆر گرنگی ھەیە بۆ باشبوونی فشاری خوێن ، ئەوانەی کێشیان زیادە ، ئەگەر بتوانن کێشیان دابەزێنن زۆر سوودی ھەیە ، تەنانەت لێکۆلینەوەکان پێمان دەلێن، بە دابەزاندی ھەر دە کیلۆگرام لە کێش دە پلە لە فشاری خوێن دادەبەزێت.

*پسپۆر و ڕاوێژکاری ھەناو

زیاتر