لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانیكیدا باسی له زێده‌بوونی رێژەی پەتای کۆرۆنا لە ناوچەکە و عێراق ده‌کرد، ئه‌مه وه‌ك زەمینە خۆشکردنێک بۆ چەسپاندنی هەندیک رێکاری نوێ بۆ خۆپاریزی خویندنه‌وه‌ی بۆ كرا، کەچی هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رێک پێچەوانەی ئه‌م لێدوانه ھاوڵاتیانی دڵنیا كرده‌وه، کە جارێکی تر سلێمانی کەرەنتینە ناکرێت وە دۆخی شاره‌كه‌ی به‌باشه ناوبرد! ئه‌م پارادۆكسه هانیدام چه‌ند شتێك ده‌رباره‌ی كۆڕۆنای نوێ له كوردستان بنووسم. به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێك كاركردن له‌سه‌ر كۆڕۆنا خوێندنه‌وه‌ی نوێترین ئه‌و توێژینه‌وه ئه‌كادیمیانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و په‌تایه ده‌نووسرێن په‌یدامان كردووه، به‌پێویستم زانی ئه‌و چه‌ند خاڵه بخه‌مه روو:
١-ئەوەی بە روونی دەبینرێت ئه‌وه‌یه، كه ژمارەی تووشبووانی په‌تای كۆڕۆنا لەژماره‌یه‌كی زۆری شارەکانی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو لە هەڵکشانەو رۆژانه ئەو ژماره زێده‌تر ده‌بێت .
٢-کۆڕۆنای گۆڕاو بە تایبەت جۆری بەریتانیا بە شێوەیەکی خێرا زیاتر له پەنجا وڵات بڵاوبۆتەوە، له‌وانه ئێران، كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی ئه‌و هاموشۆیه زۆره‌ی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا هه‌یه، گومانی تیا نیه په‌تاكه په‌ڕیوه‌ته‌وه عیراق، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەو توانایەی نیە رێژەكه به‌وردی دیاری بکات .
٣-رێژەی کۆرۆنا لەکوردستان راستەوخۆ پەیوەستە به عێراق و وڵاتانی دراوسێی، لەو خاڵە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هاوڕام، كه ترسی زیادبوونی ڤایرۆسەکە ئەگەرێکی به‌هێزه و دەبێت بە وردی چاودێری بکرێت .
٤-کۆرۆنای گۆڕاو هەمان نیشانەکانی کۆرۆنای کۆنی هەیە و بەهەمان شێوەش چارەسەر دەکرێت. ئەوەی بەتەواوی دەربارەی ئه‌و جۆره یەکلابۆتەوە، ئه‌وه‌یه، كه خێراتر بڵاودەبێتەوە و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی منداڵ و کەسانی گەنج دەبێت .
٥-له ئێستادا شارەزایەکی زیاترمان دەربارەی ڤایرۆسەکە هەیە و بە شێوەیەکی باشتر دەتوانرێت چارەسەری تووشبوانی پەتاکە بکرێت و هەندێک چارەسەر لەژێر دەستە، کە رێژەی مردن کەم دەکاتەوە، بۆیە لەم خاڵەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی هاوڕام، کە پێویست بە تۆقاندنی خەڵک ناکات.
٦-بە بۆچونی هه‌ندێك لە هاوکارانم لە کوردستان خەڵکێکی زۆر لە شەپۆلی یەکەمی پەتاکە تووشی كۆڕۆنا بوون، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه خه‌ڵكێكی زۆر بەرگریان بەرامبەر ڤایرۆسەکە دروست کردوە هەر بۆیه رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێستادا زۆر زیادی نەکردووە، سه‌رباری ئه‌وه‌ی رێکارەکانی خۆپاراستن تا رادەیەکی زۆر پشتگوێ خراون .
٧-گرتنه به‌ری ریكاری توندی خۆپاراستن و كه‌ره‌نتینه كردنی خه‌ڵك، كاریكی سه‌خته بۆ وەزارەتی تەندروستی هه‌موو وڵاتان، چونکە ئەو بریارە پەیوەستە بە ژیانی خەلک و ئابووری وڵات ، بۆیە ده‌بێت دوای لێکۆلینەوەی ورد و لەژێر رۆشنایی ئامار و راستیە زانستیەکانه‌وه ئه‌و بڕیاره بدرێت و تیایدا ره‌چاوی دۆخی بێزاربوونی خه‌لك بكرێت، كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ساڵێكه به‌و دۆخه ناهه‌مواره تیده‌په‌ڕێت و بێزاره و له بارێكی ده‌روونی نائاسایی ژیان به‌سه‌ر ده‌بات .
٨-رێژەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، کە لە زانستی پزیشکی بە (R) دەناسرێت گرنگترین فاکتەرە بۆ بڕیاردان دەربارەی توندکردنی هۆکارەکانی خۆپاراستن و کەرەنتینەکردن . هەر کاتێک ئەو ژمارەیە لە سەرووی ژماره(1) بوو، ئەوە دەگەیەنێت، کە كه‌سی تووشبوو بە کۆرۆنا له كه‌سیك زیاتر تووشی پەتاکە دەکات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پەتاکە زۆر بەخێرایی بڵابێتەوە و مەترسی ئەوە درووست بێت، کە نەخۆسخانەکان فریای ژماره‌ی زۆری نه‌خۆشه‌كان نه‌كه‌ن. بۆیه پیویسته وەزارەتی تەندروستی بە یارمەتی ناوەندە زانستیەکان بە وردی چاودێری ژمارەی تووشبوان بکات و لەژێر رۆشنایی ئه‌و ژماریه‌وه بڕیاری گونجاو بدات .
٩- هەموو لێکدانەوەكان ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كه‌ن لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەی تووشبون بە کۆڕۆنا زیاد دەکات، بەڵام به‌هۆی نه‌بوونی داتای پێویست، رێژه‌ی زێده‌بوونه‌كه نازانرێت .
١٠- دوا لێکۆلینەوەکان وا ده‌رده‌خه‌ن ، كه له داهاتوو ئه‌و ڤایرۆسه لەگەل مرۆڤایەتی دەژیت و دەبێت خۆیان له‌گه‌ڵی رابێنن ، هە‌رچه‌نده به‌هۆی بەکاهێنانی ڤاکسین لە چەند مانگی داهاتودا ڤایرۆسه‌كه بە رێژەیەکی به‌رچاو روو له‌كه‌می دەکات .
لە کۆتاییدا دەمه‌ویت ئاماژه به‌وه بكه‌م، كه ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسە بەهه‌ند وەرگرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پێویست بە تۆقاندن ناکات، راسته ڤایرۆسه‌كه گۆڕانی به‌سه‌رداهاتوە، به‌ڵام رێکارەکانی خۆپاراستن هه‌روه‌ك خۆیه‌تی و هیچ گۆڕانکاریه‌كی بەسەردا نەهاتوە. بۆیه تا دەکرێت لە ده‌ره‌وه‌ی ماڵ دەمامک ببەستن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێت سه‌ردانی شوێنی قه‌ره‌بالغ مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌خۆت ناترسی، تکایە بەزەییت بە کەسانی بەتەمەن، یان ئەوانەی نەخۆشی تریان هەیە بێته‌وه، چونكه ئەگەر ئه‌وانه تووشی ئه‌و په‌تابن ره‌نگ بێت زۆر به‌توندی بیگرن و ژیانیان بكه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.