ئایا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ترسناکترە؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  21/12/2020  |    2677 جار خوێندراوەتەوە

لەم هەفتەیەدا وەزیری تەندرووستی بەریتانیا رایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەندێک گۆرانکاری بەسەردا هاتوە و بە هۆی بازدانی ناوەکی (mutation) جۆرێکی نوێ (strain) لە ڤایرۆسەکە لە لەندەن و بەشێکی باشووری ئینگلتەرا سەریهەلداوە. ئەم هەوالەش دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە سەرانسەری جیهان و بووە هۆی زیاتر ترساندنی خەڵک .

بۆیە وەزیری تەندروستی لە لایەن بەشێک لە پسۆڕان رووبەڕووی رەخنە بووەوەو پێیان وابوو، کە نەدەبوایە ئەو هەوالە بەم شێوەیە بڵاوبکرێتەوە ، چونکە تاکوو ئێشتا زۆر کەم زانیاری دەربارەی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسکە هەیە و بەشی هەرە زۆری پسپۆرانی ڤایرۆسناسی لەو باوەڕەدان ئەو جۆرە نوێیەیەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەمان کاریگەری هەیەو توندوتێژی ڤایرۆسەکەو رێژەی مردن بە هۆی ئەو پەتایە هیچ گۆرانکاریەکی بەسەردا نایەت،  لە هەمان کاتدا تا ئێستا هیچ بەلگەیەک نیە، کە بیسەلمێنیت ڤاکسین کاریگەری لەسەر ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرنا نابێت .

هاوکات دەبێت ئەوە بووترێت، کە بەشێکی زۆر لە ڤایرۆسەکان تایبەتمەندی بازدانی ناوەکیان هەیە ، بەو بازدانە گۆڕانکاریەک بەسەر ڤایرۆسەکەدا دێنێت، کە لە زۆربەی کاتەکاندا  ڤایرۆسەکە توندو تیژی لەدەست دەدات، بەلام نابێت ئەوەش فەرامۆش بکەین، کە لە هەندێک کاتدا ئەو بازدانە دەبێتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر بلاوبێتەوە و  کوشندەتریش بێت. ئەوەی ئاشکرایە، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو پەتایە ڤایرۆسەکە  زۆر بازدانی بەسەرداهاتووە بەلام بەهیچ شێوەیەک نەبۆتە هۆی ئەوەی توندوتیژی پەتاکە زیاد بکات .

تاقیگەکانی بەریتانیا  ئاشکرایانکردووە بە هۆی ئەو بازدانانە لە ڤایرۆسەکە هاتنە ئارای ڤایرۆسێکی نوێ روویداوەو پتر لە هەزار نەخۆش بینراوە ، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ئەوە یەکلا نەبۆتەوە ، کە ئەو گۆرانکاریانە بۆتە هۆی خێراتر بڵاوبوونەوە یاخود کوشندەتر بوونی ڤایرۆسەکە. لەئایندەیەکی نزیکدا وەڵامی ئەو گومان و پرسیارانەمان بەوردی بۆ رووندەبێتەوە .

 ئەو بازدانانەی بەسەر ڤایرۆسەکەدا هاتووە، بۆتە هۆی هێنانەئارای هەڤدە گۆڕانکاری لە پێکهاتە پرۆتینیەکەیدا ، بەشێکی زۆر لەو گۆرانکاریانە لە دڕکە پرۆتینی ڤایرۆسەکەیە ، واتا ئەو بەشەی ڤایرۆسەکە ، کە بە دیواری خانەکانی لەشی کەسی تووشبوو دەنوسێت و دەبێتە هۆی نەخۆشیەکە .

بەشێک لە پسپۆرانی ئەو بوارە ترسی ئەوەیان هەیە ، چونکە هەندێک لە ڤاکسینەکان، لەوانەش ڤاکسینی فایزەر—بایۆنتێک، کە کار لەسەر هەمان دڕکە پرۆتین دەکەن ، کاریگەریان لەسەر ڤایرۆسەکە کەمبێتەوە، بەڵام ئەمە گریمانەیەو تا ئێستا یەکلایی نەبۆتەوە، لە ئایندەدا کاریگەری ڤاکسینەکە لەسەر ڤایرۆسە نوێیەکە بەتەواوی رووندەبێتەوە و بەدیاردەکەوێت، کە ئەو کەسانەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە رێژەی بەرگریان چەندە .

ئەگەر هاتوو ئەو ڤایرۆسە خێراتریش بڵاوبووەوە، واتای ئەوە نیە کوشندەتر دەبێت، رەنگ بێت لەهەندێک حالەتدا ئەو بازدانانە ببێتە هۆی ئەوەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە کەمتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر بمێنێتەوە. لەمبارەیەوە (کریس ویتی)، کە راوێژکاری حکومەتە بۆ پەتای کۆرۆنا و یەکێکە لەو دکتۆرانەی بەوە ناسراوە،کەوا کەسێکی راستگۆ و بوێرە، دەربارەی ئەو بازدانەی ڤایرۆسەکە دەلێت،کە هیچ بەلگەیەک نیە ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە مەترسیەکی نوێی هەبێت یاخود ڤاکیسنەکە کاریگەری نەبێت بۆ ڤایرۆسە نوێکە .

شتێک کە لە ئێستادا زۆر روونە ئەوەیە وا پێدەچیت ئەو شەریتە نوێیەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا زیاتر لە بەریتانیا بێت و هێشتا ژمارەکەشی کەمە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە بەدلنیاییەوە هەموو خەڵک  سوود لە ڤاکسین وەردەگرن ..

دیارە کاتێک خەڵکانێکی زۆریس ڤاکسین وەردەگرن ، ئەگەری ئەوە هەیە ڤایرۆسۆکە بازدانی تر ئەنجامبدات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کەسانەش تووش بکات، کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە ، لەم کاتانەش ڤایرۆسەکە  وەک ئەنفلوێنزا دەبێتە پەتایەکی وەرزی و بۆی هەیە سالانە پێویستیمان بە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا هەبێت .

ئەو نووسینە بە ووتەیەکی پرۆفیسۆر ( ئالان مەکنالی)  بەکۆتا دەهێنم، کە دەلێت : بە هیچ شێوەیەک پێویست ناکات خۆمان تووشی دوو دلی و هیستریا بکەین ، بە هیچ شێوەیەک ئەو هەوالە ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەو ڤایرۆسە خێراتر دەگوازرێتەوە یاخود ترسناکترە . هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەی زیاتر لەو شەریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە تێبگەین .

زیاتر