کۆرۆنای درێژخایەن چیمان پێدەڵێت؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  12/04/2021  |    651 جار خوێندراوەتەوە

لە هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک لێکۆلینەوەو هەواڵ، کە باسی کۆرۆنای درێژخایەنیان دەکرد لاپەڕەكانی ڕۆژنامەکانی بەریتانیای داپۆشی،. ئەو ئامارانەی ئەو لێكۆڵینەوانە بڵاویانكردەوە، ئەوە دەردەخەن، پتر لە یەك ملیۆن کەس لە بەریتانیا، كە بەشێکی زۆریان کارمەندانی تەندرووستین، دوای چاکبوونە لە پەتای کۆڕۆنا دووچاری کۆمەلێک کێشەی تربووینە . لە ئێستادا بەشێک لەنەخۆشخانەکانی بەریتانیا رێکاری گونجاویان گرتۆتەبەر بۆ چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەل ئەو نەخۆشانە و کلینیکی تایبەتیان بۆ دامەزراندون. پێشبینی دەکرێت لەداهاتوو کۆرۆنای درێژخایەن تەوژمێکی زۆر بخاتە سەر نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندرووستیەکان. بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین کۆرۆنای درێژخایەن لەم چەند خالەدا كورتبكەینەوە:

١-وەک هەمیشە باسمان کردووە، زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ئەو پەتایە دەبن بە سووکی دەیگرن ، واتە تووشی هەوکردنی سیەکان نابن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت. تێبینی کراوە جگە لەو کەسانەی بە توندی تووشی پەتاکە دەبن، بەشێک لەو نەخۆشانەی کە بە سووکیش تووشی ڤایرۆسەکە دەبن دوای چاكبوونەوەیان گیرۆدەی کۆمەلێک کێشە دەبن.

٢-کۆرۆنای درێژخایەن کۆمەلێک نیشانە لەخۆ دەگرێت، هەندێک لە نەخۆشانەکان کۆمەلێک لەو نیشانانەیان هەیەو بەشێکیان تەنها یەک یان دوو لە نیشانەکانیان هەیە.

٣-هەستکردن بە ماندووبونێکی زۆر و لەش داهێزران یەکێکە لە باوترین نیشانەکانی کۆرۆنای درێژخایەن ، دیارە ئەم حالەتە دوای تووشبون بە کۆمەلێک ڤایرۆس پێشتر هەر هەبووە (chronic fatigue syndrome) ، بەلام لە تووشبوانی کۆرۆنا بە رێژەیەکی زیاتر دەبینرێت . ئەو نیشانەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت ، بەلام تێبینی کراوە ژمارەیەکی بەرچاو لەو نەخۆشانە دوای تێپەڕبوونی سالێک بەسەر پەتاکە تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆیان و دەست بەژیانی ئاسایی بكەنەوە.

٤-تەنگەنەفەسی و سنگ ئێشان و دلەکوتی و کۆکەی درێژخایەن زیاتر لەو کەسانە دەبینرێت، کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی هەوكردنی سیەكان دەبن.

٥-نەمانی یاخود گۆڕانی تام و بۆن وەک نیشانەیەکی بێزارکەر لە ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبوانی ئەو پەتایە دەبینرێت.

٦-دلەڕاوکێ و خەمۆکی دوای دەربازبوون لە پەتاکە لە بەشێکی نەخۆشەکان دەبینرێت ، پسپۆرانی نەخۆشیە دەروونیەکان کۆمەلێک لێکۆلینەوەیان لەسەر ئەم دیاردە کردووە ، وا دەردەکەوێت کە ژمارەکی زۆر لەو نەخۆشانە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەبێت.

٧- خەو زڕان و گێژی و کێشەی بیرکردنەوەو تەرکیزکردن کۆمەلێک نیشانەی ترن، کە لە بەشێکی نەخۆشەکان دەبینرێت.

٨-ئازاری گەدەو ئیسهالی و دل تێکچوون و کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.

٩-ئازاری جومگەکان و مێروولەکردنی پەنجەکانی دەست و قاچ.

١٠-سەرئێشەی درێژخایەن و ئازاری قوڕگ و گوێ.

دیارە بەشێکی زۆری تووشبوانی کۆرۆنای درێژخایەن بە تێپەڕبوونی کات باشتر دەبن ، بەلام بۆ ئێمەی دکتۆر زۆر گرنگە ،  گرفتەکانی کۆڕۆنای درێژخایەن بە هەند وەرگرین و گوێ لە نەخۆشەکان بگرین و رێنماییان بکەین . تێبینی کراوە بەشێک لەو  نەخۆشانەی نیشانەکانی کۆڕۆنای درێژخایەنیان هەبووە، دوای وەرگرتنی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا حالەتەکەیان زۆر باشتر بووە، تەنانەت بەشێک لە نەخۆشەکان بە تەواوی چاکبوونەتەوە.

 کوردستانیانی خۆشەویست ، مەبەستم لە نووسینی ئەو کورتە پۆستە باسکردنی راستیەکانە . هیوادارم کە ئەو نووسینەم ببێتە هۆکارێک بۆ هاندانی خەلک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین و زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و پەیرەوی رێکارەکانی خۆپاراستن بن ، چونکە ئەو کەسانەی کە بە سووکیش تووشی ئەو پەتایە ببن ئەگەری هەیە بەشێک لەو کێشانەیان بۆ درووست بێت کە باسمان کردووە.


زیاتر