سەرت بەتاشین چێ
16/04/2023
|
981 جار خوێندراوەتەوە
(خۆمان بیتاشین پێش ئەوەی بۆمانی بتاشن) ئەمە قسەی عەلی عەبدوڵلا سالەح ، سەرۆکی یەمەنی سەعید بوو کە قەت سەعادەت و شادومانی بەخۆوە نەدیتبوو.
ساڵح لە سەرەتای سەرۆکایەتی خۆی لە یەمەن قژێکی گف و زۆری هەبوو ، ئینجا لەگەڵ ئەندامێتی مەجلسی تەعاونی عەرەبیدا سفری کرد تا لە وێنەدا لەگەڵ سەدام وا دەرکەوێ بۆتە بچمێکی تازە و خواپێداو . لە دوای کەوتنی بەعسی عەراب و نانبدەری رژێمە عەسکەرییەکانی هاوشێوەی خۆی لە یەمەن ، ساڵح توانجی لە حاڵی عیراق و عەرەبدا و وتی ؛ (با خۆمان سەری خۆمان بتاشین پێش ئەوەی ئەمەریکا سەری هەموومان بتاشێ ) تەبعەن باشتر بوو بڵێ سەری خۆمان بخورێنین، چونکە سەرخۆران نزیکترە لە مشورخواردن و بیرکردنەوە . ساڵح وای نەکرد و هەر خەیاڵی لای سەرتاشین بوو تا مشورخواردن و سەرخوراندن.
سەرتاشین بووە خەم و پەژارەی سەرۆکی یەمەن چونکە وایزانی غەربزەدەیی و ئەمەریکاخوازی بەسن بۆ مانەوەی لەسەر کورسی و هیچ پێویست بە مشورخوادنی چاکسازی و لاکردنەوە لە ویستی میللەتەکەی ناکات تا سەرەنجام خۆشی لە باهۆزی بەتینی بەهاری عەرەبی نەک هەر سەری بە تاشین چوو بەڵکو سەری تێدا چوو.
خۆی سەرتاشی بە ئیرادە و ویستی خۆ بابەتێکی نۆرماڵ و بەشێکی دیمەنی خۆ قۆزکردن و تیفتیفەدانە . بەڵام لە دەرەوەی ئەوە باسەکە لە دەست دەلاک و مەقەستی سەرتاشخانە دەردەچێ و دەبێتە تەعەدا و زۆرداری.
جا وەلەو ئێمە باسی یەمەن و سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەهاری عەرەبی دەکەین و هەقمان بە باسوخواسی ناوخۆیی نییە ، بەڵام کوردەواریش وەسفی جوانی هەیە .لە خۆرا نییە لە ئیدیۆمی دوعاکردنی کورددا سەرتاشینی بە زۆر هێند مانای ناخۆشی زوڵم و زۆرداری هەیە کە دوعا لە نەیار و دوژمن هەر وا دەکرێ ؛ سەرت بەتاشین چێ.
|