ئه‌م روحه‌ شه‌ڕه‌نگێزیه‌ چیه‌ ؟

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  10/10/2020  |    847 جار خوێندراوەتەوە

له‌م رۆژانه‌ی به‌رێدا دۆستێك پێی وتم ، ئێوه‌ هه‌ست ناكه‌ن زۆر خۆتان ماندوو ده‌كه‌ن و ده‌نووسن ، بێئه‌وه‌ی جێی خۆی بگرێت ، من خه‌یاڵم لای به‌یته‌ شیعرێكی حاجی قادر بوو ئه‌و ده‌ڵێت " حاجی كه‌سێكه‌ بێكه‌س بۆ ئێوه‌ قوڕ ده‌پێوێ‌ – گوێی لێده‌گرن زه‌ریفه‌ ناگرن به‌ڵا له‌ خۆتان " ، بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ باشه‌  بۆ كێ‌ ده‌نووسین ، ئایه‌ ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ بۆیان ده‌نووسین ، خه‌ڵكی ئاسایی نا ، خه‌ڵكه‌ گشته‌كه‌ نا ، ئه‌و ده‌سته‌ بژێره‌ به‌ ناو سیاسیه‌ی كه‌ روحیان لیپه‌ له‌ شه‌ڕ ئه‌نگێزی و بوغز ، چ گوێیان لێیه‌ ، ئه‌وان بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ش دنیایه‌ك قه‌ڵه‌می دڕیان به‌رداوه‌ته‌ ئه‌و گۆڕه‌ی ، كه‌سانێك كه‌ سڵ له‌ هیچ سیناریۆو ناو ناتۆره‌یه‌ك ناكه‌نه‌وه‌ .

به‌ڵام ناكرێت له‌نێو ئه‌و زه‌لكاوه‌دا بێده‌نگ بیت ، به‌تایبه‌ت كه‌ باشوری كوردستان له‌ بن ده‌سته‌و دایه‌ره‌یه‌كی زۆر دواكه‌وتو ، زۆرتوڕه‌ له‌ یه‌ك و زۆر ناشریندایه‌ ، تۆ بڕوانه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌و لۆژیكه‌ كه‌سێك جاش بێت خۆ فرۆش و خائین بێت ، له‌ئه‌نفالدا پێش سوپاو به‌عس كه‌وتبێت ، به‌ڵام مادام له‌ گه‌ڵ خۆته‌ تێكۆشه‌رو پاكه‌ ، تێكۆشه‌رێكیش به‌ ژیانی داكۆكی له‌ ئازادی و بون كردبێت  مادام هاوبیرت نه‌بێت جاشه‌ ، تا ئه‌وێ‌ ئه‌وی ترت قه‌بوڵ بێت كه‌ له‌ ژێر بیركردنه‌وه‌و سیاسه‌تی تۆدا بێت ، گه‌رنا شاربه‌ ده‌ری بكه‌یت و مافه‌كانی خۆیشی لێزه‌وت بكه‌یت .

ئاوه‌زێك هه‌بێت پێت بڵێ‌ تۆ ئه‌و كاته‌هه‌ی كه‌ وه‌ك من بیر ده‌كه‌یته‌وه‌ ، یان له‌ بن ركێفی بیر كردنه‌وه‌ی مندای گه‌ر وا نه‌بی ئه‌وه‌ تۆ نیت ، پاداشت ، هاوكاری ، پله‌و پۆست ، به‌ تەنگەوە  بوون و به‌ ده‌نگه‌وه‌ هاتن به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵ بكرێت ، گه‌ر نا " پێو پیا بنێن ، به‌ سه‌رتابڕۆن " له‌ نێو ئه‌م بارو دۆخه‌ پڕ شه‌ڕه‌نگێزیه‌دا هه‌ر رۆژ چیرۆكێكی تراژیدی ئازارت بدات ، پێشت بگوترێ‌ رازی ئه‌وه‌یه‌ رازی نیت كام كێو سه‌خته‌ بیگره‌ ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رانبه‌ر یه‌كتر هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ردا بن ، ئه‌مه‌ش ناوبنه‌ن نیشتمانسازی، له‌ دژایه‌تی و شكاندنی یه‌كترا سڵ له‌ هیچ نه‌كه‌نه‌وه‌ ، ده‌ست بۆ هه‌موو بڤه‌یه‌ك به‌رن ، یه‌ك بكه‌نه‌ خائین ، خۆ فرۆش ، بكوژ ، چه‌ته‌و ناپاك و قسه‌ی سه‌دام و به‌عس له‌ سه‌ر خۆیان بكه‌نه‌ ماڵ كه‌ پێیان ده‌وتن " موخه‌ڕیب، تێكده‌ر " .

له‌ ناو ئه‌و ژاوه‌ژه‌وه‌دا هه‌ندێك جار ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ده‌نگی كه‌ توانای هیچ گۆڕانكاریه‌كی نیه‌ سه‌دایه‌كی لێبه‌رز ده‌بێته‌وه‌ ، سه‌دایه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی برینه‌كان ده‌كولێنێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ رۆڵی نیه‌ له‌ ساڕێژكردنا ، هه‌موو جارێكیش وه‌ك چرای نه‌وت لێبڕاو هێواش هێواش به‌ره‌و كزی و كوژانه‌وه‌ ده‌چێت .

ده‌ی له‌م دۆخه‌ تاڵه‌دا قسه‌ نه‌كه‌ین و نه‌نووسین و هاوار نه‌كه‌ین چی بكه‌ین ، ئێمه‌ به‌ ئومێدین تا بێت ده‌نگی قسه‌كه‌ره‌ راسته‌قینه‌كان زیاتر بێت ، ئه‌وه‌ش رێگه‌یه‌كه‌ بۆ گۆڕانكاری ، به‌ڵام نه‌فره‌ت و رژانی تێزاب به‌م روحه‌ برینداو شه‌كه‌ت و سه‌ر لێشێواوه‌دا وێرانترمان ده‌كات.

زیاتر