پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  15/09/2020  |    1803 جار خوێندراوەتەوە

بارو دۆخی كوردستان به‌ ده‌ست ئه‌و سێلایه‌نه‌وه‌ وێران و په‌رێشانه‌ ، گۆڕان به‌ حسابی خۆی بۆ چاككردن هات خراپتری كرد ، هه‌ڵپه‌ داره‌كانی پۆست و پاره‌ له‌ دوو لایه‌نه‌وه‌ بوونه‌ سێ‌ ، هاتن چاكی كه‌ن خراپیان كرد .

پارتی دیموكراتی كوردستان 

له‌ ناو پارتیدا كه‌س هیچ نیه‌ ماڵباتی بارزانی نه‌بێت ، له‌ ناو ماڵباتی بارزانیدا یه‌كه‌م مه‌سعود بارزانی دووه‌م مه‌سرور بارزانی ، سێیه‌م به‌ڕیز كوڕه‌كانی مه‌سعود بارزانی تا ده‌گاته‌ مسته‌فای بچوك ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی ده‌كرد بۆ بڕینی په‌تی وێستگه‌ی كاره‌با به‌ دوای ئه‌وانیشدا براو برازا دێن  ، له‌ ناو پارتیدا مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی له‌ به‌رده‌م بچوك ترین كوڕی ماڵباتا ده‌بێت ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ بوه‌ستن ،كه‌ كوڕانی ماڵبات قسه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان به‌س پانكردنه‌وه‌ی ده‌م و پێكه‌نینیان له‌ سه‌ره‌، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ پارتی دۆخی له‌ دۆخی یه‌كێتی و گۆڕان باشتر نیه‌ ، به‌ڵام ماڵبات تۆزێك رایگرتوه‌ ، ئێستا توركیاو ئاكه‌په‌ش لێی بوونه‌ته‌ ماری شێخ هۆمه‌ر نه‌لێی ده‌بنه‌وه‌ نه‌وازی لێدێنن.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان 

كۆنگره‌ نه‌یتوانیوه‌ كێماسیه‌كانی یه‌كێتی بشارێته‌وه‌ ، یه‌كێتی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا نه‌وشیروان مسته‌فاو زۆرێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی لێجیابوه‌وه‌ ، سكرتێره‌ گشتیه‌كه‌ی نه‌خۆش كه‌وت و دواتر كۆچی دوای كرد، باڵه‌ دێرینه‌كه‌ی ناوی هه‌ندێكیان زه‌رده‌كه‌یان به‌ سه‌ر سه‌وزه‌كه‌یاندا زاڵه‌ ، هه‌ندێكیش به‌ هۆیه‌كی نادیار له‌و په‌ڕی تێریدا خزانه‌ ناو پارتیه‌وه‌ و زه‌ردی زه‌رد بوون ، وه‌ك چۆن كاتی خۆی سوره‌كانیش زه‌رد بوون ، یه‌كێتی هه‌زار برین و ده‌ردی پێوه‌یه‌، هیچ یه‌ك له‌ كۆنه‌كانی ئاماده‌ نین به‌ر له‌ مردن ده‌سبه‌رداری پۆست و پایه‌ بن ، تازه‌كانیش هه‌م به‌ ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌ هه‌م به‌ ده‌ست مامه‌ڵه‌ی پارتیه‌وه‌ گیریان خواردوه‌ ، مه‌لا به‌ختیاریش گره‌و له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات ساڵێ‌ تر مه‌رحه‌بای یه‌ك بكه‌ن .

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان 

له‌ راستیدا ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا گۆڕانی تیایه‌ كه‌س به‌ حاڵی نه‌بێت ، گۆڕان له‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌وه‌ ئێستا به‌ ده‌رده‌كانی خۆی و له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتیشدا حه‌یران و په‌رێشانه‌ ، چه‌ند ساڵ له‌مه‌و به‌ر به‌ نووسین وتم ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌قه‌ یان خۆی سڕبكات ، یان به‌شداری حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت نه‌كات تا قۆناغێكی باشتر ، كه‌س گوێ‌ له‌ قسه‌ی كه‌س ناگرێت ، خانه‌ی تازه‌ نه‌بووه‌ فریاد ڕه‌س، گۆڕان ئه‌گه‌ر رێز له‌ رابردوی خۆی ، گۆڕی نه‌وشیروان مسته‌فا ، ئه‌و هه‌موو ده‌نگده‌ره‌ بگرێت پێویسته‌ ئه‌مڕۆ زووتر نیه‌ خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ .

پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌ بارو دۆخێكی خراپدان ، توانای به‌ ڕێوه‌ بردنی وڵاتیان نه‌ماوه‌ ، ناتوانن چاكسازی بكه‌ن ، ناتوانن ناو خۆی خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌ ، ناتوانن له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ته‌باو راستگۆ بن ، به‌م جۆره‌ بڕوات مه‌رحه‌باكه‌ی مه‌لا به‌ختیار له‌ گشتیانه‌ ، هه‌رچه‌ند ئه‌و دڵی نه‌هات و به‌رای نه‌دا هیچ له‌ سه‌ر پارتی و شكستی ریفراندۆمه‌ وێرانكه‌ره‌كه‌ بڵێت.
زیاتر