سۆرانی  |  بادینی  |  English      

تویته‌كه‌ی پۆمپیۆ و ئازادی میدیا

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  23/12/2020  |    1428 جار خوێندراوەتەوە

كونسڵگه‌ری گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر ده‌نگی خۆی خسته‌ پاڵ ده‌نگی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكابۆ پشتیوانیكردنی ئازادی راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی كوردستان ،ئه‌م به‌یانیه‌ له‌ كونسڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ هات.

ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتا دیموكراسی هه‌بێت ، كه‌س پێویستی به‌وه‌ نابێت له‌ باره‌ی دیموكراسیه‌وه‌ ئامۆژگاری بكرێت، ئه‌مه‌ پێویستی به‌ چه‌ند و چون نیه‌ ، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم دوای ته‌مه‌نێك ئیتر كار بۆ ئه‌وه‌ بكات دیموكراسی راستی ده‌سته‌ به‌ر بێت.

ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتا ئازادی وتن ، ئازادی نووسین ، ئازادی بیرو ڕا ، ئازادی راگه‌یاندن هه‌بێت ، پێویست ناكات خه‌ڵكی تر له‌ سه‌ر ئازادی له‌ وڵاتی تۆ بێنه‌ ده‌نگ ، داخستنی نوسینگه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی ، گرتنی خۆ پیشانده‌ر ، یان ئه‌وه‌ی به‌ نیاز بووه‌ خۆ پیشاندان بكات " چونكه‌ هه‌ندێك به‌ تاوانی نیازی دڵیان گیراون" ، گرتنی رۆژنامه‌نووس و نوسه‌رو رۆشنبیر هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ په‌ڵه‌و واده‌كه‌ونه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی تر تیرو تانه‌ت لێبده‌ن ، بۆیه‌ پێویسته‌ چی تر له‌ سه‌ر نووسین و ئازادی كوشتن و بردن و لێدان و زیندان نه‌مێنێت.

ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتا گه‌نده‌ڵی نه‌بێت ، كه‌س باسی ناكات و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش ده‌توانن سینگ ده‌رپه‌ڕێنن و شانازی به‌ خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ گه‌نده‌ڵ نین ، یان رێ‌ به‌ گه‌نده‌ڵی ناده‌ن ، ئه‌مه‌ بۆ نادادی ، سته‌م ، تاڵان و دزیش هه‌ر وایه‌.

له‌ راستیدا حوكمڕانی كوردی پێویستی به‌ په‌روه‌رده‌ی ئاكاره‌ بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی تا له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ هۆڵی گیرفانی خۆیاندا بن ، له‌ خه‌می خوانی خه‌ڵكا بن ، چه‌ند رۆژێكی تر ده‌چینه‌ ساڵی نوێوه‌ ،  ده‌كرێت ئه‌زمونی 29 ساڵ له‌ قاچاخچێتی ، ئاو دیو كردنی ته‌ل و فافۆن و نه‌وت و ئامێر ، قۆرخكردنی بازاڕ ، بردنه‌ ئه‌وروپاو ده‌ره‌وه‌ی پاره‌و سامانی گشتی و تادوای به‌ جێبهێڵین ، ئایه‌ ده‌توانین ، هه‌ڵبه‌ت گرنگ بڕیاری به‌ گژا چوونه‌وه‌ی مافیاو چه‌ته‌و قاچاخچی نه‌وت و دزو جه‌رده‌ یه‌.

له‌و په‌ڕی دنیاوه‌ پۆمپیۆ داوای ئازادی راگه‌یاندن و ئازادی بیرو ڕاله‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات ، ئه‌گه‌ر دیوه‌ ئاشكراكه‌ی ئه‌م داوایه‌ بۆ خزمه‌تی ئازادی راگه‌یاندن و میدیاو رۆژنامه‌گه‌ری بێت ، دیوه‌ نادیاره‌كه‌ی ئه‌م داوایه‌ بۆ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ ، بۆ یه‌ هه‌ق نیه‌ بهێڵین ئه‌م جۆره‌ داوایانه‌ دووباره‌ بنه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی راستگۆ بن له‌ ته‌ك دیموكراسی و ئازادی و لێبورده‌یی و مافی مرۆڤدا ، نه‌ك له‌ رۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا لاوان گوله‌ باران بكرێن.


زیاتر