ریفراندۆم و كه‌ركوك

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  24/09/2020  |    2230 جار خوێندراوەتەوە

هۆی سه‌ره‌كی دۆڕانی كورد له‌ كه‌ركوك ، ریفراندۆم بوو ،نه‌ك 16ی ئۆكتۆبه‌ر ، له‌ نێوان ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌را 21 رۆژ هه‌یه‌ ، هه‌ڵبه‌ت جگه‌ له‌ ریفراندۆم هۆكاری تریش هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان شكست بخوات ، له‌وانه‌ ململانێی توندی پارتی و یه‌كێتی له‌ سه‌ر خاوه‌ندارێتی نه‌وتی كه‌ركوك ، شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆست و ده‌سكه‌وت ، له‌ 2003ه‌وه‌ تا 2017 له‌سه‌ر ده‌یان پۆستی گه‌وره‌و بچوك یه‌كێتی و پارتی شه‌ڕیان كردووه‌و هه‌ندێ‌ جار دۆڕاندوشیانه‌ ، به‌ڵام ریفراندۆم هه‌موو شكست و دۆڕانه‌كه‌ی خێراتر كرد ، له‌ دوای راكردن و جێهێشتنی كه‌ركوكیشه‌وه‌ ئیتر پشتیان كرده‌ شاره‌كه‌ ، درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بڵێی كه‌ركوك داگیر كراوه‌و ناجینه‌وه‌ ، خۆ موسڵیش هه‌مان ده‌ردی هه‌یه‌ ،به‌غدایش به‌ هه‌مان پێوه‌ر ئه‌ی بۆ له‌ به‌غداو موسڵ هه‌یت .

به‌ر له‌ ریفراندۆم هه‌موو ده‌یانزانی كه‌ركوك و زۆر ناوچه‌ی تر ده‌دۆڕێنن، به‌ڵام له‌ ژێر فشارو هه‌ڕه‌شه‌و دیاره‌ پاره‌ پێدان و شتی ترا جۆرێك له‌ كۆده‌نگی دروستكرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوكیش بكرێت ، من سه‌باره‌ت ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان وتارێكم نووسی و ئه‌وه‌م رونكرده‌وه‌ كه‌ چۆن ده‌دۆڕێین ، به‌ر له‌ رۆژی ریفراندۆمیش له‌ رۆژی یه‌كشه‌مه‌ ی 9ی مانگی 7، ده‌قی نوسراوه‌كه‌م له‌ هه‌ولێر دایه‌ به‌ڕێز َكی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆم " به‌همه‌ن حوسێن " تا بیداته‌ بارزانی ، ئه‌و وتی به‌ چاوان ئه‌وه‌ده‌كه‌م ، به‌ڵام ئه‌وه‌شی وت كه‌ بارزانی ده‌یه‌وێت ئه‌م كاره‌ وه‌ك دوا هه‌نگاوی به‌رله‌ مردنی خۆی بكات ، بارزانی خۆیشی له‌ وتاره‌كانیدا به‌و جۆره‌ بڕوا به‌ خۆ بوونه‌وه‌ ده‌دواو ئه‌وه‌شی ده‌گوت "ئه‌گه‌ر سه‌رینه‌گرت ئه‌وه‌ خه‌تاكه‌ی ئه‌وه‌و واز له‌ هه‌موو شت دێنێ‌ " .

ریفراندۆم سه‌رینه‌گرت ، گوێ‌ له‌ ده‌نگه‌ ئاوه‌زدارو ئاگاداره‌كانی دۆخه‌كه‌ نه‌گیرا ، له‌ بری داوای بوردن ، یان سور بوون له‌ سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ چی ده‌بێت با ببێ‌ وه‌ك ئه‌وان ده‌یانگووت ، باشترین بیانوو ئه‌وه‌یان دۆزیه‌وه‌ كه‌ خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هۆكار بوون ، باشه‌ گریمان 16ی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تكرا ، ئه‌ی پاشگه‌ز بوونه‌وه‌و داوای گفت و گۆ كردن له‌ به‌غدا له‌ پای چی ، كه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ دیقه‌ته‌وه‌ سه‌یری شێوازی هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ به‌غداو شێوازی داوای گفت و گۆ كردنه‌كه‌ بكات تێده‌گات چ شكستێك ڕوویداوه‌ ، ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ی دانبنرێت به‌ شكسته‌كه‌دا .

ئه‌و 32حزب و تاقمه‌ی ریفراندۆمیان جۆش ئه‌داو دوای په‌یامه‌كه‌ی بارزانی كه‌وتبوون ، ئه‌وانیش تا ئێستا دانیان به‌و هه‌ڵه‌یه‌دا نه‌ناوه‌ ، جگه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ به‌ ده‌نگێكی شه‌رمنانه‌و نزم ئێستا ده‌ڵێ‌ كاته‌كه‌ی گونجاو نه‌بوو ، له‌ كاتێكا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌و هه‌موو حزب و تاقمه‌كان گوێی خۆیان له‌وه‌ گرتبوو كه‌ تیله‌رسن به‌ ئاشكرا پێی وتن كاته‌كه‌ی گونجاو نیه‌و په‌له‌ مه‌كه‌ن ، به‌ڵام كردیان ، رۆڵی ئه‌و قومار چیه‌شیان گێڕا كه‌ دوای قوماره‌كه‌ وتی " به‌ هینمه‌وه‌ ".

له‌ راستیدا چاره‌نووسی میله‌ت ناكرێت به‌و جۆره‌ یاری پێوه‌ بكرێت ، له‌ یه‌ك دوو ساڵی رابردوودا چه‌ندین كادیری كه‌ركوكی پارتیم گوێ‌ لێبووه‌ وتویانه‌ نابوو ریفراندۆم به‌و جۆره‌ بكرێت و كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ ببرایه‌ ، له‌ دوای ریفراندۆمیشه‌وه‌ تا ئێستا توێژینه‌وه‌یه‌كی ورد له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌كراوه‌ ، كێشه‌ش به‌شێكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كات بته‌وێ‌ قسه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بكه‌یت ، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی تانه‌و ته‌شه‌رو به‌ گژا چوونه‌وه‌ش بیت ، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ كه‌سورن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاری شكستی ریفراندۆم 16ی ئۆكتۆبه‌ر بوو نه‌ك سه‌ركێشی و گوێنه‌گرتن و دوای ئاره‌زووی چه‌ند بازرگانێكی نه‌وت كه‌وتن ، كه‌ دوای ریفراندۆم ده‌نگ و باسیان نه‌ما.


زیاتر