پەرلەمان خێری چییە؟

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  26/07/2020  |    891 جار خوێندراوەتەوە
پرسیارەكە ئەوەیە پەرلەمانی كوردستان لە كوێ‌ ی بارو دۆخی كوردستاندایە، دەتوانێ‌ چی بكات، هەڵوێستی چیە لە بەرانبەر پەلامارەكانی توركیا، چەند نامەو ناڕەزایی  داوەتە وڵاتان لە سەر پێشێلكاریەكانی حكومەتی عێراق، توركیا، ئێران بەرانبەر هەرێم، توانیویەتی چی بكات، چی كردووە بۆ پرسی ناوچە دابڕێنراوەكان، بوون و نەبوونی چی لەوە دەگۆڕێت  كە دۆخی بێموچەیی، گەندەڵی و نادادی هەیە، پەرلەمان بایەخ و خێری چیە، پەرلەمانێك پەرلەمانتارەكانی كادیری سەرسەختی حزب بن، پەرلەمانتارەكانی زۆربەیان فەرمان لە حزب وەربگرن، پەرلەمانتارەكانی موریدی سەرسەختی سەرۆك و سكرتێری حزب بن، پەرلەمانێك لە بری لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان مامەحەمەییان بۆ بكات،پەرلەمانتارەكانی لە بری كادیرەكانی حزب وەڵامی  هەر رەخنەیەك بدەنەوە كە لە حزبەكەیان دەگیرێت، دوای ماوەیەكی دورو درێژ لە كۆنەبوونەوە،بەشێكی هەر بۆ ئەوە كۆبێتەوە حەسانەو پارێز بەندی لە ئەندامێكی خۆیان بسەننەوە ببێ‌ و نەبێت بۆ چی باشە .

پەرلەمانێك لە بری ئەوەی خول دوای خول خەڵكی كاراترو بوێر تر و قسەكەر تر و یاساناسترو دیموكراتی تر بەرێتە پەرلەمانەوە پاشەو پاش بگەڕێتەوە، ئەندامانی خولی یەكەمی لە دووەم و دووەمی لە سێیەم باشتر بن بوون و نەبوونی هیچ لەوە ناگۆڕێت كە ئەو دەزگا بێ‌ بایەخكراوە پەراوێز خراوە جگە لە كۆمەڵێك موچەخۆر هیچی تری نیە شایانی وتن بێت .

پەرلەمانێك بێگەڕانەوە بۆ سەرۆكەكەی پێداگری لە كۆبوونەوە بكات، پەرلەمانتارەكانی یەك لە سەر سێیان بە پێنج شەش مانگ پێنج شەش قسەیان نەكردبێت، چوار پڕۆژە یاسایان دەرنەكردبێت، نەتوانن دەستورێك بۆ هەرێمەكە بخەنە گشت پرسیەوە، هەبێ‌ و نەبێ‌ چ كێشەیەكە .

بە باوەڕی من بە بەرنامە وا كراوە پەرلەمان وەك دەزگایەكی بێخێرو بێناوەڕۆك نیشان بدرێت، بە بەرنامە وا كراوە كە حزب كاریگەری زۆر بێت بە سەر بیرو باوەڕو بڕیاری ئەندامەكانیەوە، بە بەرنامە واكراوە كە ئەم دەزگایە وەك دەزگایەكی بێكەڵك لای خەڵك وێنا بكرێت و هیچ بایەخێكی بۆ نەهێڵرێتەوە، هەر ئەمە شە وای كردوەكە ئەو دەزگایە كە لانی كەم دەنگ و رەنگی ئەگەر بەتەزویرو ساختەش بێت زیاتر لە  خەڵكەوە وەرگرتووە ئیتر جێی هیچ ئومێدێك نەبێت .

راستی ئەگەر هەر بەو جۆرە بێت باشترین رێگە ئەوەیە هەڵبژاردنی پێش وەخت بكرێت و مەرجیش بۆ بەربژێركردن دابنرێت كە یاسا ناس و شارەزای ناسینی كۆمەڵگەو خاوەن پێگەو جێگە بێت .

زیاتر