كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژودا

لەتیف فاتیح فەرەج

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
  30/08/2020  |    1324 جار خوێندراوەتەوە

له‌ نوسینێكدا دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ ده‌ڵێت " ئه‌گه‌ر نكوڵی بكه‌ین له‌ رۆڵی كورد له‌ شارستانیه‌تی ئیسلامیدا مانای وایه‌ خۆمان فڕێده‌ده‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوو" من سه‌باره‌ت مێژوو هه‌میشه‌ بڕوام وابووه‌ ده‌كرێت بڵێن نه‌ته‌وه‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان سێ‌ به‌شن ئه‌وانه‌ی چه‌قی مێژوو ، ئه‌وانه‌ی په‌راوێزی مێژوو ، ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو ، كاتی خۆی به‌ درێژی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌م كردوه‌، لێره‌دا بابه‌ته‌كه‌ به‌شداری كردنه‌ له‌ مێژوودا وه‌ك خۆت و ئاماده‌یته‌ له‌ نێو مێژوودا .

به‌شداری كورد له‌ شارستانیه‌تی ئیسلامی یان عوسمانی ، یاخود سه‌فه‌وی و هتد ده‌كرێت له‌و روانگه‌ی بوون و ئاماده‌ییه‌وه‌ سه‌یر بكرێت ، لێره‌دا بوون و ئاماده‌یی بریتیه‌ له‌ فۆڕم و چوار چێوه‌ ، تورك له‌ مێژودان و له‌ چه‌قی مێژووشدان ، ئه‌وان ته‌نانه‌ت ، خه‌ڵكی تریشیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ كار هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نێو مێژوودا بن ، عه‌ره‌ب به‌و هه‌موو كه‌مو كوڕیه‌كه‌وه‌ له‌ مێژوودان و له‌ چه‌قی  مێژوودا بونیان هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ بۆ فارسیش هه‌ر وه‌سایه‌ ، ئه‌ی كورد له‌ كوێی مێژوودایه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌ ئازاره‌ ، به‌ڵام راستیه‌كه‌و ناكرێت نه‌ووترێ‌ ، وه‌ك چۆن ئه‌مازیغ ، قیبتی و و زۆری دیكه‌ش له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌ ، ئه‌وانه‌ی خاكیان هه‌یه‌ ، زمانیان هه‌یه‌ ، داب و نه‌ریتی تایبه‌تیان هه‌یه‌و ده‌وڵه‌تیان نیه‌ هه‌رچیان كردبێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژوودان .

هه‌ڵبه‌ت هۆكاری له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژووبونی كورد جگه‌له‌وه‌ی كه‌ خۆی رۆڵی گه‌وره‌ی تیایه‌ ، ده‌وروبه‌ره‌كه‌شه‌ ، به‌ درێژای دیرۆك ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی كورد كوردیان وه‌ك شاگردو كرێگرته‌ سه‌یر كردوه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌شێكی په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ ئاوه‌زی ده‌ورو به‌ره‌كه‌وه‌ ، ده‌ورو به‌ری كوردستان به‌ پێی فۆڕم نا ، به‌ پێی ئاوه‌ز له‌ په‌راوێزی مێژوودان ، یانی ناتوانن ئه‌وانی تر به‌ خۆ خاوه‌نیه‌وه‌ قه‌بوڵ بكه‌ن ، كورده‌كه‌ش ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تیا نه‌بووه‌ بیر له‌ خۆخاوه‌نی ئه‌رێنی بكاته‌وه‌ و به‌ كه‌مۆكه‌یه‌ك ماف ملی داوه‌ ، كه‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مێژوودا نین ده‌بێت ره‌خنه‌ی ئه‌وانی تر و خۆمانیش بكه‌ین ، سه‌باره‌ت ره‌خنه‌ی ئه‌وانی تر به‌ باوه‌ڕی من ره‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ جێی بایه‌خ نه‌بێت ، تا نه‌توانین ره‌خنه‌ی خۆمان به‌ ته‌واوی نه‌كه‌ین ، ئێستا كه‌ بارو دۆخی كوردان له‌ پارچه‌ داگیر كراوه‌كانی كوردستان ده‌بینین  تێده‌گه‌ین هۆی سه‌ره‌كی نه‌بوونه‌ خۆخاوه‌ن و خۆیی نه‌بونی ئێمه‌ خودی خۆمانین .

كورد كێشه‌یه‌كی قوڵی له‌ دژی خۆی هه‌یه‌ ، یانی شه‌یدای خۆ نه‌فره‌تیه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش قسه‌و باسی لێوه‌ ده‌كرێت ، خۆ نه‌فره‌تی به‌و مانایه‌ی یان من یان كه‌س ، به‌ جۆرێ‌ تر به‌و مانایه‌ی  من كه‌سی یه‌كه‌م نه‌بم هه‌موو كایه‌كه‌ تێكده‌ده‌م ، ئه‌مه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژووبونی كورده‌ ، له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا كورد له‌ باشوری كوردستان یه‌ك یه‌ك هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی خۆ خاوه‌نی به‌تاڵكرده‌وه‌ تا راده‌ی ئه‌وه‌ی كوردی له‌ خه‌ونی  خۆیبوونه‌وه‌ فلۆر كرده‌وه‌ بۆ خواستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ گه‌لێك كه‌ چاره‌سه‌رێكی كاتیه‌و هیچی تر .

كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌م خۆ بچوكی و خۆ چه‌مانه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ بیانوی زۆرو زه‌وه‌ند هه‌یه‌ ، یانی خیانه‌ت بكه‌و بیانوی بۆ بێنه‌وه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ شانازیشی پێوه‌ بكه‌، خاك بفرۆشه‌ ، خه‌ڵك بفرۆشه‌ ، ببه‌ پیاوی ئه‌م و ئه‌و ، هه‌رچی ده‌كه‌ی بكه‌ بێئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی خۆت بكه‌ی یان به‌ بچوكترین هه‌ڵوێست په‌شیمان بیته‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ مرۆڤ ده‌كرێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دیوانه‌شیعریه‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادرو پرسیاری ئه‌م بێبه‌هره‌ییه‌ی كورد له‌ خۆ خاوه‌نی و ئه‌و پڕ به‌هره‌ییه‌ی كورد له‌ خه‌ڵك خاوه‌نی بكات.

قسه‌ی كورت و پوخت ئه‌وه‌یه‌ كورد خۆی خۆی نه‌باته‌ دیرۆكه‌وه‌ كه‌س ده‌ستی ناگرێت ، چوونه‌دیرۆكی كورده‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كایه‌كه‌ له‌ یه‌كدی تێكنه‌ده‌ین ، وه‌ك ئه‌وه‌ی تا ئێستا واده‌كه‌ین .
زیاتر