ئەمریکا: بەشدار نەبووین لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکەی ئێران

  2021-04-13  | 
وێنەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداری نەبووە لەو هێرشەکەی کە کراوەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێران، کە بووە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە وێستگەکەدا.

جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هێرشەکە ڕاگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک تێوە نەگلاوە لە هێرشەکە و هیچ پێشبینییەکەی نییە سەبارەت بە هۆکاری ڕوداو و کاریگەریی ئەو وێستگە ئەتۆمییەی ئێران.

لە بەشێکی تری بوتەکانیدا وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانی تایبەت بووە بە بواری دیپلۆماتی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.

جین ساکی ئاماژەی ڕوونیشیکردەوە، پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن سەبارەت بەو دۆسییە قورس و درێژخایەت بێت.

لە لایەکی ترەوە لێپرسراوێکی ئەمریکی بەمەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت ڕایگەیاند، لەو بڕوایە نییە تاران پەیڕەوی ئێستای خۆی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بگۆڕێت، بە تایبەت دوای ڕوداوی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز.

هەفتەی ڕابردووش لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی داوای تاران بۆ هەڵگرتن و سوککردنی سەرجەم گەمارۆکان بە یەکجار، دۆخەکە دەگەیەنێتە ڕێگایەکی داخراو.

ئەو هەڵوێستی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا لە زاری سەرچاوەکانیەوە ڕایگەیاند، ڕوداوەکەی دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئەنجامی تەقینەوەیەک بووە، کە لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕێکخراوە.

دواتریش محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ڕوداوەکەی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی.

هەر ئەمڕۆش سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی  (نورنیوز)ی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تیمی لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز، گەیشتوونەتە ئەو ڕێگەیەی کە بووەتە هۆی کێشە لە بەشی دابەشکردنی کارەبای وێستگە ئەتۆمییەکە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، توانراوە ناسنامەی ئەو کەسە بناسرێتەوە، کە بووەتە هۆی پچرانی تەزووی کارەبا لە یەکێک لە هۆڵەکانی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، لە ئێستادا ڕێوشوێن پێویست گیراوەتە بەر بۆ دەستگیرکردنی.

ڕادیۆی گشتی ئیسرائیل دوێنێ لە زاری سەرچاوە هەوڵگرییەکانەوە بڵاویکردەوە، دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتنەنزەوەیە.

حکومەتی ئیسرائیل بە هەموو شێوەک دژی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و زلهێزەکانی جیهانە، لە کاتێکدایە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆک ئەمریکا و ئێران لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆدان، بۆ هەوڵی گەڕانەوە و پابەندبوون بە رێککەوتنەکەوە، کە ٣ ساڵ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تاک لایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.

ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دووبارە زنجیرەیەک گەمارۆ و سزای قورسی ئابوری سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، ئەوەش پاڵی نا بە ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٩وە بەشێکی زۆری بەندەکانی ڕێککەوتنامەکە پێشیڵ بکات و دەستبکاتەوە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی.



ڕیکلام