ئێران ناسنامەی هێرشبەرەکەی سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنزی ئاشکراکرد و دەڵێت: هەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی دەستیپێکردووە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران توانیویانە ناسنامەی ئەو کەسە بدۆزنەوە، کە هەفتەی رابردوو لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، سەرەکیترین بنکەی ئەتۆمی ئێران، تەقینەوەی ئەنجامداوە.
ئاشکراشیکردووە، ناوی ئەو کەسە ڕەزا کەریمی و تەمەنی ٤٣ ساڵە و پێش ڕووداوەکە، لە ئێران هەڵاتووە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو وڵاتە بکات کە رەزا کەریمی پەنای بۆبردووە، رایگەیاندووە، هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بۆ دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی دەستیپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە ١١ی٤ی٢٠٢١، تەقینەوەیەک لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان روویدا و دواتر بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیل-یان بە ئەنجامدانی هێرشە تۆمەتبار کرد.
چەند رۆژ دواتر سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران ئاشکرایکرد، ئەو کەسەی روداوەکەی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزی ئەنجامداوە، ناسراوەتەوە و لە ئێستادا کار لەسەر دەستگیرکردنی دەکرێت.