بە چاودێری کازمی خولێکی تری گفتوگۆی نێوان سعودیە و ئێران دەستپێدەکات

  2021-04-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزێکی پێشووی ئێران لە بەغدا ئاشکرایکرد، بە چاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەم نزیکانە گەڕێکی تری گفتوگۆکانی نێوان سعودیە و ئێران لە بەغدا بەرێوە دەچێت.

ماڵپەری  (ئیعتیماد ئۆنلاین) لە زاری ئەو باڵیۆزەی پێشووی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان سعودیە و ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە بەغدا دەستپێدەکاتەوە، گفتوگۆکان بە چاودێری تایبەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرێوە دەچێت.

ئەو باڵیۆزە ئاشکرایکرد، تاوتوێکردنی لێدوانەکانی سعودیە لەسەر کۆمەککردنی حوسییەکانی یەمەن، دۆخی ناوخۆیی لوبنان و عێراق و سوریا و بەحرەین، بەشداری ڕیاز لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران، لە گرنگترین ئەو تەوەرانە دەبن، کە لە کارنامەی گفتوگۆکانی تاران و ڕیاز تاوتوێ دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا کەم نین ، بۆیە پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ تاوتوێکردنی ئەو ناکۆکیانە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی بابەتیانە بۆیان.

سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەتی چین لە سازکردنی گفتوگۆکانی هەردوو وڵات، ئەو دیپلۆماتکارەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، چین هیچ ڕۆڵی نەبووە لە رێکخستنی گفتوگۆکان، بەڵکو لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ماڵپەڕی (ڕوسیا تودەی) ئاشکرایکرد، لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمنی و دیپلۆماتی سعودیە ئێران بەڕێوەچووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، سەرەتای گفتوگۆکان باش بووە و هەردوولا پەرۆژ بوون بۆ ئەنجامدانی.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، کۆبوونەکە زۆر بە نهێنی بووە و ئامادەکارییەکانیش بە تەنها لە لایەن نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بووە، بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی دیکەی عێراقی دەستی تیا بووبێت.

دەربارەی وردەکاری گفتوگۆکان، سەرچاوەکەی ڕوسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، تا ئێستاش وردەکارییەکانی کۆبوونەکە بە نهێنی ماوەتەوە، بە تایبەت گفتوگۆکانی تایبەت بە یەمەن و چەند دۆسییەکەی دیکە.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، لە میانی گفتوگۆکاندا کە هاوکاری عێراقیشی لە پستەوە بووە، هەستکراوە خواستێکی هاوبەش هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان.