شیلادزێ..هێزێکی ئەمنی لە ماڵەکەی خۆیدا قارەمان شوکری دەستگیرکرد

  2021-01-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزێكی ئاسایش لە كۆمەڵگەی سیرێی سەر بە شیلادزێ دەچنە ماڵی قارەمان شوكری، چالاكوان و رۆژنامەنووس دەستگیری دەكەن، بەوەش لە سەرەتای ساڵی 2020وە تا ئێستا سێ جار دەستگیركراوە.

بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی دەمامكدار دەچنە سەر ماڵی قارەمان شوكری و لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیری دەكەن و مۆبایل و كۆمپیوتەرەكەشی لەلایەن ئەوهێزەوە بردراوە. 

زێرەڤان شوكری، برای قارەمان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند: هێزەكە بە زیاتر لە پێنج ئۆتۆمبێل هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵمان و هەردوولای كۆڵانەكەیان گرتووە، ماڵەكەیان بەتەواویی تێكداوە و سووكایەتییان بەرامبەر دایكم و برایەكی دیكەم كردووە.

بە وتەی براكەی ئەو هێزە چوونەتە سەر دوكانەكەی قارەمان مۆبایل و لاپتۆپەكەیان بردووە، تا ئێستا هۆكاری دەستگیركردنەكەی نەزاندراوە. 

ئەوەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە بزوتنەوەكەی بەشێكە پێکهێنەری حكومەتی هەرێم داوایكرد دەستگیركراوانی بادینان ئازاد بكرێن. 

قارەمان شوكری تەمەنی 24 ساڵە و دانیشتووی كۆمەڵگەی سیرێ-یە لە شیلادزێی پێشتریش دوو جاری دیكە لە(26.1.2020و 26.6.2020) دەستگیركراوە، ئەوەش سێهەمین جاریەتی لە ماوەی ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیربكرێت.  



ڕیکلام