نوێنەری پاپا سەردانی نوسینگەی سیستانیان کرد لە نەجەف

  2021-02-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندی باڵای ڤاتیکان کە لەلایەن پاپاوە نێردراون، ئەمڕۆ گەیشتە شاری نەجەف و لەگەڵ نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆبۆوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق.

نوسینگەی سیستانی بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی شاندەکە بە فڕۆکەخانەی نەجەف، راستەوخۆ چوونە شاری کۆنی نەجەف بارەگای نیشتەجێبوونی سیستانی و لەگەڵ نوسینگەی ناوبراو کۆبوونەتەوە بۆ ئامادەکاری سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سیستانی.

نوسینگەی سیستانی  ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەکە بۆ دڵنیایی بووە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپا فڕانسیس بۆ پارێزگای نەجەف و دیداری سیستانی، کە بڕیارە لەسەرەتای مانگی ئازاری داهاتوودا ئەنجامی بدات.

بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئازاری داهاتوودا پاپا فڕانسیس پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق بکات، لە میانی سەردانەکەیدا پاپا لە شاری نەجەف لەگەڵ سیستانی کۆدەبێتەوە و دواتریش سەردانی چەند شوێنێکی پیرۆزی مەسیحییەکان دەکات لە پارێزگای نەینەوا.



ڕیکلام