سۆرانی  |  بادینی  |  English      

وەزارەتی بەرگری تورکیا: لە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆدا 33 گەریلای پەکەکە کوژراون

  2021-02-12  | 
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆدا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 کۆگای چەک و تەقەمەنی پەکەکە خاپورکراون و 33 گەریلاش کوژراون.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنی چەند رۆژی رابردووی سوپای تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چیای گارە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 کۆگای چەک و تەقەمەنی پەکەکە لەناوچوون و خاپورکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ئۆپراسیۆنەدا کە بە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆ ناسراوە، 33 گەریلای پەکەکە کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە هاوکاری دۆست و هاوپەیمانەکانمان، پێشتر بە وردی ئامانجەکانی پەکەکەمان دیاریکرد و دواتر هێرشمان کردە سەریان."

وەزارەتی بەرگری تورکیا لەو بەیاننامەیەدا هیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی سوپای وڵاتەکەی لەو هێرشانەدا نەکردووە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە، لە چیای گارەی سەر بەپارێزگای دهۆک شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکردووە و پێشتر پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە نۆ سەربازی تورکیایان کوشتووە، بەڵام سوپای تورکیا رایگەیاند، کە تەنها سێ سەربازیان کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.