ئێران: پلانی وێرانکردنی حەیفا و تەلئەبیب چاوەڕوانی ڕەزامەندی ڕابەری باڵایە

  2021-03-07  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وێرانکردنی شاری حەیفا و تەل ئەبیب کراوەتەوە پلان و تەنها چاوەڕوانی ئاماژەی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێرانە بۆ جێبەجێکردنی.

حاتەمی هەڕەشەی ئەوەی کرد و ڕایگەیاند "حەیفا و تەلئەبیب لەگەڵ زەوی ڕێک دەکەنەوە، ئەگەر بێتوو ئیسرائیل هەر هەڵە و نەزانییەک لە بەرامبەر ئێران بکات".

وەزیری بەرگری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل گەورەتر لە قەبارەی خۆی هەڕەشە دەکات، ئەوەش لە دەرئەنجامی ئەو بێهیواییەوەیە کە تیایدا دەژی.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەمیر حاتەمی ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل لەو ئاست و توانایەدا نییە، بۆ ئاراستەکردنی هەڕەشە و دەستدرێژی بۆسەر ئێران، بۆیە تاران ئامۆژگاری ئیسرائیلییەکان دەکات، تەنانەت بە قسەش هەڕەشە لە دژی ئێران نەکەن، چوونە ناتوانن جێبەجێی بکەن.

لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا چەند لێپرسراوێکی باڵای ئێسرائیل، لێدوان و هەڕەشەی توندیان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەوبارەیەوە کەناڵی "کان"ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی نەتەنیاهۆدا بینی گانتس وەزیری بەرگری و ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی وەزارەتی سوپا و دارایی، بە مەبەستی هەواڵەکردنی بودجەی پێویست بۆ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو  لەدژی ئێران.

پێشتریش ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانیکردووە بە سوپا بە دووبارە کارکردنەوە لەسەر ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران لەمساڵدا.



ڕیکلام