رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران داوا لە ئەمریکا دەکات، هەرچی زووتر هێزەکانی لە عێراق و سوریا بکشێنێتەوە و لەو دوو وڵاتە بچێتەدەر.
عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە میانی وتارێکدا رایگەیاند، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چووبنە هەر شوێنێکی ناوچەکە، لەوانەش عێراق و سوریا، لەسەر داواکاری و بەڕەزامەندی حکومەتەکانیان و بەمەبەستی پشتیوانی و راوێژکردن بە هێزەکانیان بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەردا ئەمریکا ستەمکارانە چووەتە سوریا و عێراق و دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازیی لەو وڵاتانە.
عەلی خامنەئی جەختی لەوەشکردەوە، دەبێت ئەمریکییەکان لە عێراق بچنەدەر چوونکە ئەو بابەتە خواستی گەلی عێراقە و بەپێی یاسا چەسپاوە، هەروەها لە سوریاش دەبێت هەرچی زووە بکشێنەوە.
ئەم لێدوانەی رێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان داوە، بەڵام هەرگیز نیازی ئەوەی نەبووە، بەتەواوەتی لەو وڵاتانە بکشێتەوە.