کوردایەتی دەربەستییە دەرکەوت هەر سۆمۆ برا گەورەتانە

  01/04/2023  |    1030 جار خوێندراوەتەوە
زووتر لەگەڵ بەغدا رێکەوتبان ئەمڕۆ پێویستتان بەم  بەپەلە تەسلیمبوونە و بەو هەمووشت تەسلیمکردنە نەدەبوو.

باشتر بوو کە لەسەرەتاوە، بە بەرچاوڕوونیی و واقیعییەوە رێکەوتن بە دەستوور و دەفتەر و قەڵەم بکرایە و هەق و حیسابی دوو لایەنە بچەسپێ نە غەدرمان لێ بکرێ و نە بێ پەرواش بین لە سیاسەتی رەسمی عیراق، چونکە ئەم هەموو عینادییە کارێکی کرد مووچە و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک دوا بکەوێ، پەکی بکەوێ و بکەوێتە ژێر هەڕەشەی هات و نەهاتەوە.

چەند ساڵە یەکێتی داوا دەکات رێگە راستە دەستوورییەکە لەگەڵ بەغدا بگیرێتەبەر، ئاخر کۆششی تەفاوزیی سیاسەتی کورد بۆ رێکەوتنێکی هاوسەنگ و عادیلانە خەرج بکرێت لەگەڵ پایتەختی فیدراڵی باشترە لە وێڵبوون بەدوای پایتەختە ئیقلیمییەکان کە لە بچووکترین پێچاوپێچدا رازی بوون بە مەرج و داوای بەغدا و دەرکەوت ئەوانیش لەبەردەم یاسا و داوای یاسادا هیچیان پێ ناگوترێ.

جا بۆ ئەوەی بە زمانی شیرینی کوردی هەڕەشە و گوڕەشەی بان نەتەوەیی نەکرێت کەس نەیگوتووە بەغدا لە رووی دیموکراسیی و دادپەروەرییەوە شامی شەریفە و هەموو داوایەکی هەرێم پەسەند دەکات و هەر کە چووین ئیتر سەرکەوتین، بەڵام بەغدا سەرەڕای هەموو شتێک پایتەختی سیاسەتی کوردیشە و لەسەر بنەمایەکی دەستووری مەجبورە لانی کەمی ویستی کوردستان بسەلمێنێ و دوای دانوستانی دژوار هەر دەبێ لەگەڵمان رێکبکەوێت. 
بەڵام ئەی کێ دەتوانێ یەخەی پایتەختی دراوسێ بگرێت ئەگەر پاشقولیان لێ گرتین و رزق و نانیان خواردین؟ بە کام دەستوور شکات و سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین؟

با کەس نانوپیازی کوردایەتی بە سیاسەتی  چەوتی تەیفێک لە سیاسەتی عیراقییەوە نەخوات و کەموکوڕی و پاشەکشێی سیاسیی بەغدا  لەماوەی چەند ساڵی رابردوو  نەکاتە ئەنجەتی رووکردنە ئەنقەرە و پشتکردنە بژاردە دەستوورییەکانی عیراق. کە تۆ چۆڵتکرد و لەوێ نەبووی تا میوان نەبی بێگومان مافت دەخۆن و شوێنت دەگرن و جێگات پڕ دەکەنەوە. ئاخر مەعلومە کە گۆشەگیری نەتەوەیی و بێباکی لە پڕۆسەی. سیاسیی  پاتیەخت  بەرامبەرەکەت هاندەدا کەینوبەینی شۆڤێنی و تایفەگەری خۆی سەر بخات.
بەڕێزینە کاتێکی بە خەڵکەکەی خۆمان بڵێین کوردایەتی دەربەستییە نەک سەرچڵی، کوردایەتیی دەستگرتنە بە بژاردە دەستوورییەکانی کوردستان و عیراقەوە  کە باوکە دامەزرێنەرەکانی عیراقی ئیتحادی لەسەرکردەکانی کورد تا سەرکردەکانی ئۆپۆزسێۆنی عیراق رەنجێکی فەرهادیان بۆدا. کوردایەتی لە بەغدا بە عەرەبی و بەکوردی دەکرێ کە دەبێ وەرگێری باش بە ئەمانەتەوە بیگوازێتەوە. سەد بڕگە و یاسا و مادەی دەستوورییمان لەگەڵە بە مەرجێک خۆمان لە بەغدا پارێزەری بین، ئێ کە خۆمان لێی پاشگەزببینەوە و بەدوای کڵاوی بابردوو بکەوین بۆچی پێمان وایە دەستەبژێری عەرەب لە شیعە و سوننە کە لە دۆخێکی تایبەتدا ئەم دەستوورەیان  بۆ سەلماندوین، تا سەر بەدیارییەوە دادەنیشن و بە دڵی خۆیان بژاری تیا ناکەن و پێچەبەدەورەی سیاسیی لێ رەچاو ناکەن؟
ئەم هەموو هاشوهوشەی نەوتی خۆمان  و ئابووری سەربەخۆ و سەروەری و سەرکەوتن کەچی هەر سۆما برا گەورەتانە ئێ خۆ سۆما چەند ساڵە عینوانی دیارە و بارەگاکەشی ناسراوە ئیتر بۆ ئەم هەموو مووچەبڕین و پاشکەوت و داکەوتە؟
ئێستاش نەچووە و بچێ؛ وەرنە سەر را و رێی یەکێتی کە بژاردە دروستەکەیە:
دانوستانێکی ئازایەنە و دەستووریانە پەرە پێبدەن نەک رێکەوتنێکی بەهاری یەک وەرزی کە متمانە لەق بکات، بەڵکو رێکەوتنێکی هاوسەنگ و مەحکەم بێت کە نە لەگەڵ بەغدا تێکیبدەن  و نە مافی کورد هەرزان فرۆش بکرێت.

زیاتر