یڵماز گۆنای لە کەرکوک

  23/06/2024  |    662 جار خوێندراوەتەوە
پۆستەرێك جولە دەكات، بە قەدەر فیلمێك زووم و سێبەرو تیشكی تیایە. چیرۆكێكی پەنهان دەگێڕێتەوە. كە هەم خەمەو چەندی لەسەر بڵێیت هێشتا كەمە، هەمیش لە پشت شاشەی رەنگینەوە  ژیانی پاڵەوانەکانی تەمە. 
ساڵی1974 و وردە وردە روومان لە هەرەسی شۆڕشی كوردستانە، ژیان لە هەموو شوێنێكی كوردستان ئاسایی نەبێتەوە، ئەوا بە زەبری رژێم و تەعریب و تەبعیسەکەی  لە كەركوك ئاسایی كراوەتەوە.
باس باسی سینەمای كەركوكە، كە ئەو شارە هەمیشە جێی سەرنجی فەرهەنگی توركییە هەتا ئەگەر لە سیاسەتی رەسمی  رۆڵیان کز و کەم ڕەنگ بێت ، قەیچێکە سا بڵکو بە ئاماژەو نوقرچی نەرمیش بێت لە ئەفیشی فیلمەکان ئامادە بن .
سینەما تاقە دەرفەتە، چونکە قەومییەكانی قەدیمی عیراق حەزیان نەدەکرد  بوونەكەی تورک سیاسی بێت و توركیزم ركابەری عروبە بكات، ئەمە جاران دەڵێم !
بەو حاڵەشەوە بینەرێك هەیەو بازاڕ گەرەكێتی بە فیلمی توركی تێری بكات. فیلمی توركی لە دونیای روو لە شەرقدا دەچووە لوبنان، میسر و عیراق و لە عیراقیش، دوای بەغدا، كەركوك کەمەندکێشی وان بوو . هەم توركمان سۆزی بۆی هەیەو هەم كورد و عەرەبیش سەیری دەكەن. 
فیلمەكە فیلمی زینۆیە كە ئەمڕۆ لە تۆماری سینەمای یەلماز گۆنایدا ناو و ناوەڕۆكی هەیە، بەرهەمی ساڵی ١٩٧٠یە . بێگومان شتێك كەمتر لە فیلمی رێگاو ئەوانی تری كە دواتر ناوبانگی جیهانی‌و كوردستانی بۆ گۆنای پەیدا  دەکەن.
لێرە گۆنای ئەکتەری ناوداری تورکە و هیچ باسێک لە کورد بوونی نییە، خانمی ئەکتەری ژنیش کە شەریکە پاڵەوانێتییە(هۆلیا ئۆچییت) خانمێکە بە بنەچە تورکی بولگاریایە و دیارە ئەویش پەناهەندەیە و لە تورکیای کەمالی گیرساوەتەوە.
هەردووک لەسەر شاشە رەسمی تورکن و نوێنەرایەتی سینەمای تورکیا دەکەن. رێک دەساڵ دوای ئەوە یلماز گۆنای وەک کورد و کرمانجی رەسەن  لە ناوەڕاستی هەشتاکان  دەچێتە پاریس و لەوێ بە کوڵ بژی کوردستان دەکات و  بەکامی دڵ وەک کورد دەمرێ. هەر لە هەشتاکان  نووسەری تورکی خۆشەویست لای کورد ، کاک عەزیز نەسین کتێبێک لەسەر کوردی تورکیا و تورکی بولگاریا دەنوسێ.
یانی وەک بڵێی کتێبی لەسەر بنەچەی دوو پاڵەوانی پۆستەرەکەیە.
رەنگە کەم لە تەماشاکارانی  حەفتاکانی کەرکوک کە چانسی دیتنی فیلمەکەیان هەبووە، لە سینەما عەلەمەین و سینەما ئەتڵەس ، زانیبێتیان ئەم قارەمانە ناشیرینەی  کە ناوی یلمازە لە خۆیانە ، لە قەومی نەجیبی کوردەو دوای دەیەیە لەو پۆستەرەی کە وەک مەزنی سینەمای تورکیا دەیناسێنێ دەبێتە باوکی سینەمای کوردی و پاڵەوانی جێی شانازی کوردایەتی مۆدێرن .
بەڵام بەسەرهاتەکان دەڵێن دوایی هەر  دوو کەرکوکی ؛  کاک بەکر شوانی و کاک سیروان رەحیم ، داستانەکەی نەسین لەسەر کوردی تورکیا و تورکی بولگارستان وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی و کەرکوکییەکی ئەکادیمیش ، دکتۆر جەبار قادر پێشەکی بۆ دەنووسێت( تورک لە بولگارستان و کورد لە تورکیا) . 
سەیری کەن یاران ! پۆستەرێکی ناو پەیجی(سوالف کرکوکیە)  شێخ رەزا کەرکوکی وتەنی (چ گۆبەنێکی نایەوە) و چ زامێکی  قوڵی کوردی و کەرکوکی کولاندەوە؟
جا هەشن پێیان وایە کوردایەتی خورمایە و  نازانن مەسەلەی کوردە و لەکورد قەوماوە.
زیاتر