کوشتنی خواناس و ھونەری رقبوونەوە لەیەکتری

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  25/06/2024  |    740 جار خوێندراوەتەوە

.ئەمڕۆ دادگای سلێمانی بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ بكوژەكەی خواناس وریا دەركرد. خواناس وریا، ئەو گەنجەی شاری چەمچەماڵ بوو کە رۆژی ٢٢ حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ گەنجێکی تر لەناو بازاڕی چەمچەماڵ بە ١٠ فیشەك بە بیانووی سوکایەتیکردن بە دین کوشتی.

ئەو پرسیارەی پێویستە لە پەیوەندیدا بەم ڕووداوەوە لە خۆمانی بکەین ئەمەیە: ئایا ئەو بکوژە گەنجەی خواناسی لەسەر مەسەلەی دینداریی کوشت کێیە و ھەڵگری چ گوتار و شوناسێکی دینییە؟ ئایا ئەوەی ڕوویدا ڕووداوێکی تاکەکەسیی و لاوەکیی بوو، یاخود یەکێکە لە دەرەنجامە ترسناکەکانی جۆرێکی نوێ لە دینداریی نوێ لە کوردستاندا؟

بە بۆچوونی من ڕووداوی کوشتنی خواناس ڕواداوێکی تاکەکەسیی لاوەکیی نییە، بەرھەمی ھەڵچونی کاتی گەنجێک نییە کە بە ئاسانی چەکی لەبەردەستدا بووە، ڕووداوێکیش نییە قابیلی دووبارەبوونەوە، نەبێت. ئەوەی ڕوویدا بەرھەمی دروستبونی بوونەوەرێکی دینیی تازە و جۆرێکی نوێ لە دیندارییە، کە بەناوی بەرگریکردن لە خودا و لە موقەدەساتنی دینییەوە، سڵ لە کوشتنی ھیچ کەسێک ناکاتەوە. بکوژی خواناس، بەشێکە لە دیاردەیەکی گشتیتر، کە دەشێت وەک دیاردەی لەدایکبوونی بوونەوەرێکی دینیی تازە لە ناو مێژووی سی ساڵی ڕابردوودا، وێنایبکەین. بوونەوەرێکی دینیی تازە کە نووقمی ناو بوغز و ڕرقبوونەوەیەکی ھەمەلایەنە لە ھەر کەسێک لە خۆی نەچێت، واتە ھەمان شێوازی لە دینداریی ئەو و ھەمان وێنەی ئەوی بۆ خودا و بۆ موقەدەس، نەبێت. ئەم رقبوونەوەیەش چەندە دیاردەیەکی ڕۆژانەییە، دەیانجار زیاتر ڕقێکی میتافیزیکیی و کەینونەییە، کە دەتوانێت وەک ئامێرێکی گەورە بۆ کوشتن کاربکات، ھەموو ئەو فۆرمانە لە ژیان وێرانبکات کە نەچنە ناو نەخشە دینییە سادەکەی ئەوەوە.  

لە ھەرێمی کوردستانیشدا گوتارێکی بەربڵاوی دینیی لەدایکبووە کە ئەرکە سەرەکییەکەی، بەرھەمھێنانی ڕقێکی دینییە لە ھەر کەسێک دین لەو دیدگا تایبەتەی ئەوانەوە، نەبینێت. ئاشکرایە لە پشتی ھەموو ڕقبوونەوەیەکەوە ھەرەشەیەکی سەرەتایی بە مردن ھەیە، بەڵام بۆ ئەوەی رقبوونەوە بەرزببێتەوە بۆ ئاستی پیادەکردنی مردن، بۆ کۆتاییھێنانێکی کردەیی بە ژیان، پێویستیی بە بوونەوەرێکی دینیی ھەیە، کە لانیکەم وێنەیەکی تایبەتی لەسەرخۆی وەک بوونەوەرێکی دیندار ھەبێت. وێنەیەک تیایدا خۆی بە نوێنەری خودا و بە بەرجەستەکەری موقەدەسی دینیی، بزانێت. لەم ڕێگایەشەوە ئەو دەسەڵاتەی موقەدەس بە خودای دەبەخشێت، ئەو کەسەش بە خودی خۆی ببەخشێت: مەبەستم دەسەڵاتی کۆشتنی کەسێکی دیکە و کۆتاییھێنانە بە ژیان، بەناوی بەرگریکردن لە خودا و لە موقەدەساتەوە. ئەم ڕقە دینییە رقێکی کامڵ و سەرتاسەییە، رقێکە ڕادیکاڵ ناتوناێت ھێمن و ناوەکیی بێت، بەدوای دەرچەی تردا بگەڕێت بۆ خۆبەتاڵکردنەوە و چوونەدەروە، جگە لە دەرچەی کوشتن و لەناوبردن و سڕینەوەی ژیان. ئەم ڕقە دینییە ڕقێکە بەشەریی و میتافیزیکیی لەیەککاتدا، سەرێکی چالاکەوانێکی دینییە و سەرەکەی دیکەی بوونەوەرێکی ئاسمانیی، رقێکە نیشتەجێیە ھەم لەناو مێژووی دین و ھەم لەناو مێژووی ڕق خۆیشیدا. ئەوەی لە ھەرێمدا ڕووئەدات، تێکەڵبوونی ڕقی دینییە بە مێژووی ڕق لە فۆرمە جیاوازەکانیدا، لەوانەش ڕقی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ناوچەیی و بنەماڵەیی، لەیەکتریی. 
ئەم ڕقە دینییە لە زیاد لە کەناڵێکی دینییەوە دێت، لەناو شاشەی تەلەفیزیۆن و کەناڵەکانی یوتوپوەدەێت، لەپاڵ بڵندگۆی ناو مزگەوتەکانەوە، لە لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا و لەناو ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ئەو بکەرە دینییانەوە کە رق لە نادین و لە ئەویتری دینیی جیاواز، دەیانجوڵێنێت. ئەم ڕقە دینییە ھێندە بەربڵاوە بووە بە ڕقێکی خۆسەپێن، خۆی بەسەر کەسایەتی ئەو نەوە گەنج و دیندارەدا دەسەپێنێت کە دەکەونە ناو تونی ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیایی و تۆڕەگەورەیەی مزگەوت و ناوەندە دینییانەوە کە لە دوو دەیەی دواییدا دروستکراون. ئەم ڕقە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتوە دەتوانێت ھەڵگرەکەی بە ئاسانی بگۆڕێت بۆ پیاوکوژ. ئەم ڕقە دینییە ئەگەری پیاوکوژیی لەناو ئەو باوەڕدارە، زۆرجار گەنجانەدا، دەچێنێت کە دەکەونە ناو تۆرە گەورە و زۆرەکانی بەرھەمھێنانی ئەو ڕقەوە. 
ئەم ڕقە دینییە ھەموو ئەو ڕێگرە کولتوریی و ئینسانیی و کۆمەڵایەتییانە وێراندەکات کە دەشێت ڕێ لەوە بگرن کەسێک ببێت بە قاتڵ، بە مرۆڤکوژێکی بێویژدان. سڕینەوەی  ویژدانی ئینسانیی ئاسایی ناو کۆمەڵگا، یەکێکە لەو مەترسییە گەورانەی لەناو ئەم شێوازە تازەیەدا لە دینداریی، دروستبووە. کەی ئەو رێگرە ویژدانیی و ئینسانییانەش بەناوی دین و بەرگریکرن لە خودا و موقەدەساتەوە، سڕانەوە، ئەودەم دیندارە تازەکان، بە تایبەتی دیندارە گەنجەکان، بە ئاسانی دەگۆڕێن بۆ ماشێنێکی گەورەی رقبوونە لە ھەرشێک گوتارە دینییەکەیان وەک شتێکی نەویستراو و ناحەز و نەشیاو، پێناسیبکات. 
ئەوەی لە ئێستادا لە ھەرێمەکەدا ھەیە، بکوژەکەی خواناس وەک تاکەکەسێکی تەنھا و دابڕاو نییە، بەڵکو ئەو ماشێنە گەورەی ڕق و بوغزی دینییە، کە دەتوانێت کارەساتی گەورەتریش، دروستبکات. لەناو ھەر کۆمەڵگایەکدا جۆرێک لە گرێبەست و ڕێکەوتنی ئەخلاقیی ھەیە وادەکات مرۆڤەکان ژیان لەیەکتری نەسێدننەوە و کەس ئەو مافە بەخۆی نەدات لەباتی خودا و بەناوی خوداوە، بڕیار لەسەر ژیان و مردنی کەسانی تر، بدات. ئەم گرێبەستە ئەخلاقییە لە دونیای ئێمەدا لەو ڕستە سادەیە، بەڵام ھێجگار گرنگەدا، بەرجەستەیە، کە دەڵێت ”کەس ناچێتە قەبری کەسەوە“ و ھەرکەسە و بەتەنھا دەچێتە بەردەمی خوداکەی خۆیەوە. ئەوەی ئەمڕۆکە لەپاڵ بکەرە دینییە تازەکاندا لە قەیراندایە ئەم گرێبەستە ئەخلاقیە مێژووییە کە کۆمەڵگای ئێمە لە مێژووی خۆیدا دروستیکردوە. ئەو دیندارییە سەلەفییە، سیاسییە، جیھادیی و نیمچەجیھادییە، داخراوەی ئەمڕۆکە بڵاوبۆتەوە، ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەو گرێبەستە ئەخلاقییە و سڕینەوەیەکی سەرتاسەریی بنەما ئینسانیی و ویژدانییەکانیەتی.  
دیوی ئەودیوی ئەو ڕقە دینییەی دروستبووە، سڕینەوەیەکی تەواوی ھەستی ئینسانیی کەسەکانە بە لێبووردەیی و قبووڵکردنی جیاوازیی، بە سڕینەوەی تواناکانی مرۆڤ لەسەر خۆشەویستیی، لەسەر ڕێزگرتنی ژیان وەک پێدراوێکی وجودیی پیرۆز. دۆخی دینداریی لە دونیای ئێمەدا بەجۆرێک تێکچووە، پێویستمان بە ساڵانێکی درێژیی سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوەی دینیی ھەیە، بۆ ئەوەی ئەو ڕقە دینییە ترسناکە ھێمن بکەینەوە، بۆئەوەی نەھێڵیین بکەرە دینییەکان گەنجانی وڵاتەکە بگۆڕن بە ماشێنێکی گەورەی ڕق و بوغزیی دینیی، بۆ ئەوەی نەھێڵین پیاوکوژێکی دینیی گەنجی تر، خواناسێکی تر بکوژێت.

زیاتر