لێگەڕێن با قەڵا قسەی خۆی بکات

  17/08/2024  |    1018 جار خوێندراوەتەوە

-هەولێر پایتەختی کوردستانە، هەڵبەت وەک ژیان و گوزەران بۆ خەڵکی بەشەرەفی هەولێرە و ئەوان  خاوەنی شارن . ئەگەرچی بێ لە پایتەختبوونیشی، هەولێر هەمیشە شاری غەریب دۆست و غەریب نەوازنیش بوو و بووە.

کێ و لەکوێ لێی قەوماوە هەوڵێر ئامێزی برایەتی و خزمایەتی بۆ کردۆتەوە.

-هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی هەموو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە.هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک  بتوانێ دیلان وتەنی (سەرەحەت دڵ بێ گرێ )کوێخایەتی تیا بکا و تەواو. ئەمە بچووکردنەوەی هەولێرە و هەق نییە پێی رازی بین. ئەمە لەگەڵ شانوشەوکەتی قەڵادا ناگونجێ. لەگەڵ کۆنینەیی هەولێر و بەرینی شارەکە و ردێنی سپی مێژوویەکەی وێک نایەتەوە.  

-هەوڵێر پایتەختی حوکمڕانی کوردستان و ناوەندی سیاسەت و ریئاسەت و شکۆی دەوڵەتدارییە.شایستە و شایانە رەسمی سیاسەتی رەسمی و بڕیاری بەروداویی کوردستان بەرامبەر بەغدا و بەرامبەر ئیقلیم و دونیا لەوێوە بدرێ و دەربچێ و  بچێتە واری کارییەوە.

-هەوڵێر گەرەکە شوێنی بزووتنەوەی دیموکراتی و جولەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت. ئەوی حەوسەڵەی کەمە و جیکڵدانی تەنگە، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی  نییە  پێویست ناکات خۆی راپسکێنێ و خۆی سەغڵەت بکاو خۆی خۆی بکات.

-هەولێر ئێستا جامی شوشەیی باڵێۆزخانەکان و کورسی پەرلەمان و دیوانی وەزارەتەکانی تیا ھەس. بنەو بارەگای حزبەکانی لێیە و قەرارە لەچەند مانگی تریشدا کێبرکێی ھەڵبژاردن بکا و خەڵک و کاندید خۆیانی تیابنوێنن.

هەوڵێر کۆمسێۆنی تیایە و یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تیا خەرج کراوە و سەدان وۆرک شۆپ و مەشقی و راهێنانی حوکمڕانی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ. خۆ ئەمە گاڵتە نییە و خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!

ئێ خۆ ئەگەر بابەتەکە (میهرەگان)ی گاڵتەجاڕی و (حەفلەی تەنەکوری)سیاسیش بێت،  لێگەرێن با دەقی سینارۆیەکە وەک خۆی نمایان بکرێت، لە جێی ئەوەی وەک( ئیختیارەکان)ی گەمەی  دامە ھەمووی تێکومەکان بدەن و داش و دامەو  دۆدۆشاو تێکەڵ بکەن.

-هەوڵێر هەر پایتەختی دیفاکتۆی ئێستا نییە، هەولێر پایتەختی حوکمڕانی ئایندەشە،  پایتەختی پەرلەمانی داهاتوو و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیشە.پەرلەمانتارەکان ، فراکسیۆنەکان لەوێ دەبن و جولەی گەرمو گوڕی سیاسەتی لەمەوداوی وڵاتەکەشمان هەر لەوێ دەبێت.

-هەوڵێر بەو دیرۆک و دێرینییەوە  کەڵەگەتە، بەم ئێستاییەوە قەڵایەکی  سەرفراز و بەسەبر و خۆڕاگرە، بەو ئایندەشی وا بەرێوەیە سەربەرز و شاد و خەندانە.

جا ئەوەی ئەم دیمەنە نابینێ تەئریخی ئەربیلی نەخوێندۆتەوە، ئیبن مستەوفی ناناسێ، بۆیە ئاساییە ئەوەش نەبینێ کە دەشێ و رێی تێدەچێ و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێ ، بە دیموکراسیی و بە دەنگدان و  بە هێزی نەرم کورد و کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەوڵێری داهاتوو بکا و  لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی هەموو کوردستانیش بگەشێنێتەوە.

ئەمە نە کوفرە، نە عەیبە و نە عاجباتی .ئەمە  گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژوو و ئازایەتی هەوڵێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تیا دەکەن.

فەرهەنگەکە گۆڕاوە، قەناعەتەکە جلاوە، زەمانەش رەسمی جارانی نەماوە.

 
زیاتر