وانەکانی ڕێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل بۆ کورد

  15/08/2020  |    729 جار خوێندراوەتەوە
ماوەیەکە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل لە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان. پاڵنەرەکانی پشت ئەم ئاراستە نوێیە زۆرن، هەوڵئەدەین لێرەدا ئەوانەی بەرچاوبخەین کە چەند وانەیەکیان بۆ پرسی کورد و دۆخی کورد تیادایە.

یەکەم، ماندووبون دونیای عەرەبی لە فەلەستینیەکان. ئاشتی فەلەستینی و دەسەڵاتی فەلەستینی دەرئەنجامی کۆتایی جەنگی سارد و شەڕی کوێتە. هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە. کەواتە هەردوو بەرهەمی وەرچەرخانی دۆخی سیستەمی جیهانین. لە سی ساڵی ڕابوردودا، فەلەستینیەکان ، سەرباری پشتیوانی زۆر نەیانتوانی سیستەمێکی حوکمڕانی خزمەتگوزار بۆ خەڵکەکەیان دابین بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەموو وزەیان بۆ پەرتی و ململانێی یەکتر تەرخانکردوو هەروەها هەتا ئاستێکی باڵا حکومدارییەکی گەندەڵیان دروستکرد. ئەمە لە زۆر شێوازدا هاوشێوە کوردستانە، پەرتی، گەندەڵی، نەبونی توانای حوکمڕانی باش. بۆیە، ئەگەر ئاشتی ئیماراتی ئیسرائیلی چەندین هۆکاری هەبێت، بە دڵنیاییەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ماندوێتی وڵاتانە لە دەسەڵاتی فەلەستینی. ئەم دیاردەی ماندوبونە، بۆ دۆخی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چەندین شێوازی جیاواز هاوکاری هەرێمی کوردستان بوە، هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕیفۆرمی سەربازی و سیاسی و ئابوری ڕوبدات، بەڵام زۆرێک لە دۆستانی کوردیش توشی ماندوبون بوون لە ئەنجامنەدانی هیچ ڕیفۆرمێک. ئەم ماندوبونە دوورکەوتنەوە و پشتتێکردن و گوێپێنەدان ئەنجامی دەبێت.

دووەم، وەرچەرخانی سیستەمی جیهانی. وەک چۆن کۆتایی جەنگی سارد و شەڕی کوێت، پرسی فەلەستینی بە نێودەوڵەتیکرد و هەرێمی کوردستانی بەرهەمهێانی، بە هەمانشێوە، ئێمە لە ساتەوەختەکانی وەرچەرخانی سیستەمی جیهانیداین، کە رەنگە دونیای نوێ وەک چەند دەیەی ڕابوردوو نەبێت. دونیای نوێ ململانێی زیاتر تیادا دەبێت، پرسە ناسیونالیستییەکان زاڵتر دەبن، هێزە بچوکەکان دۆخیان باش نابێت. ئەم دۆخەیە وەها لە ئیمارات دەکات کە چیدی تەنها خەمی خۆی بخوان، نەک فەلەستین و خیتابی ئەلتراناسیونالیستی پانعەرەبیزم. ئەم گەڕانەوەیە بۆ دۆخی هێز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. هێز لە قازانجی بەهێزە و وڵاتان بەهاکان وەلادەنێن و خەمی خۆبەهێزکردن دەخۆن، ئەم دۆخە وەک چۆن لە قازانجی فەلەستینیەکاندا نەبوو، بە هەمانشێوە لە قازانجی کورددا نابێت. کورد وەک فەلەستینیەکان لە بڕی خۆ بەهێزکردن لە پرۆسەیەکی زۆر سەرکەوتوانەی خۆ لاوازکردندایە لە هەموو ئاستێکدا.

سێیەم، کۆتایی نەوت. هەرچەندە پاڵنەری تر زۆر باسدەکرێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئاشتی ئیماراتی ئیسرائیلی کۆتایی نەوتە. ئێماراتییەکان پێشەنگی وڵاتانی تری ناوچەکەن لە هەنگاونان بەرەو ئابوری پاش نەوت. کرۆکی ئابوری پاش نەوت تەکنەلۆجیایی باڵایە یان ئەوەی کە پێی دەوترێت AI زیرەکی دەستکرد. ئەی ئای ئەو جۆرە ئامێرانەن کە خۆیان توانای ئەوەیان هەیە کە ئەلگۆریزم بۆ خۆیان دابڕێژن. ئیسرائیل پێشەنگی نەک هەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو جیهانە لە بواری ئەی ئایدا. ئەم تایبەتمەندییەی ئیسرائیل وەهای لە ئەو وڵاتە کردوە، سەرباری بچوکی، وڵاتە گەورەکانی جیهان کێبڕکێ بکەن بۆ هەبونی پەیوەندی فراوان کە گەڵیدا، چین و هیند و وڵاتانی رری زۆر. ئیماراتییەکان دەیانەوێت لە بوارەکانی وزەی نوێبوەوە، ئاودێری وکشتوکاڵ، تەندروستی و دەرمانسازی، سودمەندبن لە توانای ئیسرائیلی، بۆ ئەوەی بتوانن لە دونیای پاش نەوتدا بمێننەوە. هەرێمی کوردستان چیرۆکێکی خەمناکی هەیە لە گەڵ نەوتدا، بەڵام هێشتا توانای بیرکردنەوەی پاش نەوتی نیە. ئەگەر تەماشای خیتابی سیاسی و ئابوری و تەنانەت ئیداری و ئەخلاقی کوردی بکەیت هەمووی سەرتاپا نەوتییە.

دیارە وانەی تر زۆرن بۆ ئەوانەی کە بیانەوێت سود لە ئەزمونی دونیا وەربگرن.
زیاتر