کازمی لە ئەنقەرە و لاشەی کورد

  17/12/2020  |    5547 جار خوێندراوەتەوە
مستەفا کازمی ئەمڕۆ بە پەلە دەچێتە ئەنقەرە. حکومەتی عێراقی و تورکی ماوەی سێ مانگە خەریکی کارکردنن لە سەر دۆسییەی ئاو، ڕەنگە ئەمڕۆ جۆرێک لە ڕێککەوتن لە سەر ئەو فایلە واژۆ بکرێت. بەڵام ئاو دەمێکە لای تورکیا چەکە. عێراق وەک وڵاتێکی بیخاوەن یان فرە خاوەن ھیچ سیاسەتێکی ئاویی نیە، بۆیە نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی لە بەردەم ڕەحمەتی تینیوتیدایە.  ئەمە سەرباری کۆتایی کشتوکاڵ لەو ناوچانە .

سەردانەکەی کازمی لە سەر سێ پرسە، ئاسایش، ئابوری، ئاو. ھەرسێکەیان راستەوخۆ پەیوەندی بە کوردی سێ پارچەی کوردستانەوە ھەیە. ئەمە لە کاتێکدا کە کورد بەربونەتە گیانی یەکتری. نەریتێکی دێرینی بەناو گەلێکی خۆخۆر. پارتی و پەکەکە لە زۆر ڕوەوە لە یەکتر دەچن .

ھەردوو بەرژەوەندی حیزبیان لە سەروی ھەموو بەرژەوەندییەکەوەیە. ھەردوو شەخس پەرستن، ھەردوو سازشنەکەرن. ھەردوو یەکتری بە نەیاری سەرسەختی یەکتری دەبینن، پەیوەندییەکی سفری لە نێوانیادا ھەیە. جۆری پەیوەندییەکەیان پەیوەندی شەڕی ناوخۆییە. لە کاتێکدا دەکرێت دوو ھێز جیاوازبن بەڵام میکانیزمی پێکەوە کارکردنیان ھەبێت، بەڵام وەک زۆربەی ھێزە کوردییەکان ناتوانن ھیچ ھاوبەشی دروست بکەن، مەگەر فشاری دەرەکی ناچاریان بکات  .

ھەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە عێراق ئامادەیە پەکەکە بە تیرۆیست بناسێنێت و ھاوکاری تورکیا بکات. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ مامەڵەی دەوڵەتیانە لە گەڵ پرسی کورددا. مامەڵەی دەوڵەتی لە گەڵ پرسی کەمینە و پەراوێزدا، ھەمیشە مامەڵەی زەبر و زەنگە .

لە ماوەی ڕابوردودا بەشداربووم لە پرۆژەیەکی ئەوروپی بۆ دیپلۆماسی تراک ٢. ئەم پرۆژەیە شەش کەس لە عێراق دەستنیشان دەکات بۆ  دانیشتن لە گەڵ نوخبەی وڵاتانی دەوروبەر. یەکێک لەو شەش کەسە لە عێراق منم. یەکەم وڵات کە دانیشتنی لە گەڵدا دەکەین تورکیایە. بەڵام لە بەر ئەوەی ھەموو ئەندامانی گروپەکە ئامادەن پەکەکە بە تیرۆریست بناسێنن، من ئامادەنیم بەشداری ئەو شاندە بکەم. بە توندیش دژی بە تیرۆر ناساندنی پەکەکەم  . 
 
نەک لە بەر پەکەکە. بەڵکو لە ڕوانگەی فیکری و ئەخلاقی خۆمەوە. تیرۆر یانی توندوتیژی بێ ئامانج یان بێ قەزییە. بەڵام پەکەکە خاوەن توندوتیژی بێ قەزییە نیە. پرسی کورد یەکێکە لە گەورەترین نادادییەکانی دونیا.  لە ھەمانکاتدا وەک دەوڵەتناسێک دژ بە مامەڵەی دەوڵەتیم لە گەڵ پرسی کەمینەدا کە خۆی لە تواندنەوە و مامەڵەی زەبریی و سڕینەوە و زۆرجار جیونۆسایدا دەبینێتەوە. ئەمە نەک بۆ کورد بەڵکو بۆ ھەموو خەڵکانی تر لە ئەسیوپیاوە ھەتا بنی دونیا  .

ئەو ھاڵاوەی لە بەغداوە  دێت ئەوەیە کە ئاو دەکرێت بارتاقەی ھاوکاری ئاسایشی و زیادکردنی گۆڕینەوەی ئابوری. پرسی ئاو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە. پرۆژەی بەنداوەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافی و سڕینەوەی یادەوەریی و کردنی کوردستانە بە سەبەتەی خۆراکی تورکیا و ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی ئاوە و گۆڕینیەتی بۆ چەکێکی ئیقلیمی  .

عێراق لاوازە و بە دوای ڕوبەعە دینارێکدا دەگەڕێت، نەک بۆ خۆی بەڵکو بۆ حیزبەکانی. تەماشای ئەو شەڕە بکە لە سەر بەندەری فاو. بەڵام تورکیا سەرباری لاوازی و فشار، ئەجیندای خۆی ھەیە. تورکیای ئەمڕۆ دوو دونیابینی ڕێ پیشاندەرییەتی کە ھەردوکیان فراوانخوازی لە کرۆکیاندایە، ئەوانیش قوڵایی ستراتیژی و نیشتمانی شینە، ماڤی ڤەتەن  .

عێراقییەکان کە زۆربەیان خاوەن دوکتۆرای عێراقین، ھێشتا تورکیا وەک تورکیای ھەشتاکان دەبینن، بڕوایان وایە کە تورکیا نەوتی نیە و عێراقی ئاوی نیە دەتوانن گۆڕینەوەیەک لەم بوارەدا دروست بکەن. بەڵام عێراقیەکان نازانن جیاوازی نێوان ئاو و نەوت چەند زۆرە. زۆر بە سادەیی ھەموو وڵاتێک سوپاسگوزارە کە نەوت بە تورکیا بفرۆشێت، عێراق ناتوانێت ئاو لە جێگای ترەوە بھێنێت  .

ئەم فراوانخوازییەی تورکیا تەبایە لە گەڵ ئەو دیدەی کە لە ئەنقەرە زاڵە کە بروای وەھایە سەردەمی بەھێزیی ڕۆژئاوا کۆتایی ھات و تورکیا دەبێت سەربەخۆییانە وەک یاریکەرێکی ھەرێمی ھەڵسوکەت بکات. وەک جەیمس جێفری ووتی تورکەکان خاوەن عەقڵیەتی ئیمپراتۆریین زۆرترین ھاوڕێتیان تەنھا ٨٠٪ . 
زیاتر