ئایا فراوانخوازییەکانی ئەردۆگان دەرئەنجامی ئیسلامی بونیەتی؟

  15/07/2020  |    1015 جار خوێندراوەتەوە
لێرەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێم، ئەگەر ھێزە عەلمانیە ناسیونالیستە تورکەکان لە سەر دەسەڵات بونایە تورکیا بەوجۆرە پەلکێشان و فراوانخوازی و خەونی ئیمپراتۆریەت لە کەڵکەڵەی نەدەدا.

تورکە ناسیونالیستەکان، تەنھا ناسیونالیست نەبوون، بەڵکو وەک زۆر لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی دەری دەخات، ھەتا ئاستێک زۆر ڕەگەزپەرست بوون. وەک کوردێک ئێمە ڕەنگە پێویست بە توێژینەوە نەکات بۆ ئەوەی لە ئەمە تێبگەین. بەڵام تورکە ناسیونالیستیەکان دونیابینیان لە ئیسلامیەکان جیاواز بوو. ھەرچەندە ھەندێک ھەن لە تورکیا دەڵێن کە شتێک ھەیە بە ناوی سینتەسییسی ئیسلامی ناسیونالیستی: بە مانای تێکەڵکردنی ھەردوکیان. ئەم خەڵکانە کەمالیەکان و تۆرانیەکان دەخەنە دەرەوە. بەڵام کەمالییەکان و تۆرانیەکان بەشی ھەرە زۆری ناسیونالیستە تورکەکان پێک دەھێنن. بەم پێیە جیاوازی ھەیە لە نێوان کەمالییەکان و ئیسلامیەکاندا، سەرباری بونی ھاوبەشی زۆر.

یەکەم، دیدی ستراتیژی کەمالییەکان لە وتەکەی ئەتاتورکدا کورت دەبێتەوە کە دەڵێت: ئاشتی لە ناوەوە، ئاشتی لە دەرەوە. بەو مانایە تورکیا دەبێت فۆکەس بکات لە سەر ناوەوەی. ئەگەر لە ناوەوە ئاشتی ھەبێت ئەوا لە دەرەوەش ئاشتی دەبێت. ئیسلامیەکان، بە تایبەت داودئۆغلۆ، ئەمە بە ھەڵە دەزانن و وەھا دەبینن کە دەبێت تورکیا بکشێت بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی ناوەوەی بپارێزێت. ئەگەر تورکیا نەکشێت بۆ دەرەوە، ئەوا ناتوانێت ناوەوەشی بپارێزێت. بەم پێیە داودئۆغلۆ و ئیسلامیەکان پەلکێشان و فراوانخوازی و داگیرکاری وەک ڕێگایەک دەبینن بۆ بەھێزکردنی تورکیا. دیارە ئەم پرۆسەیە بە ھەردوو شێوازی ئاشتی و بازرگانی لە گەڵ سەربازی و توندوتیژیدا بەڕێوەدەچێت.

کەواتە لەم خاڵەدا کەمالییەکان و ئیسلامیەکان دژ بە یەکن.

دووەم، کەمالییەکان و ئیسلامیەکان خاوەنی دوو یادەوەری و خەیاڵی داھاتوی تەواو پێچەوانەن. بۆ کەمالییەکان عوسمانیەکان ئەو ڕابوردوەیە کە دەبێت لە بیربکرێت. بۆ ئیسلامیەکان عوسمانیەکان ئەو ڕابوردوەیە کە دەبێت یاد بکرێتەوە. لێرەدا جوگرافیای خەیاڵی ھەردوو گروپەکە دەردەکەوێت. لای کەمالییەکان دەبێت تورکیا پشت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات. ئەفسانەی کەمالییەکان وەھایە کە ئەوان چەندین سەدەیە بە ڕێگاوەن بەرەو ڕۆژئاوا. لەم ڕوانگەیەوە، کەمالییەکان ڕۆژھەڵاتی ناوەراست بە کەمتر دەبینن و خۆیان بە باڵاتر دادەنین. تورکە ئیسلامیەکان بە پێچەوانەوە ھاتنەوە بۆ سەرزەمینەکانی ئیمپراتۆرەیەتی عوسمانی بەو جۆرە دەبینن کە دەبێتە مایەی خێر و داھات و بەھێزبونیان.

بە جۆرێک پاش باڵابونیان بە سەر ئەم پانتاییانەدا، ئەوا دەتوانن ھاوتای ڕۆژئاوا بن و بەھێزەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. بەمجۆرە، ئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا خەونی کەمالیەکان بوو، ھەتا ببنە ئەوروپی، کە سەدەیەکە خەونی پێوە دەبینن. بۆ ئیسلامیەکان ھاتنەوە بۆ ڕۆژھەڵات و بون بە کوێخای ڕۆژھەڵاتییەکان وەھایان لێدەکات کە بەھێزەوە مامەڵەی لە گەڵ ڕۆژئاوادا بکەن.

سێیەم، سوپای تورکی کە ئەیجینتی سەرەکی کەمالییەکانە، خاوەنی جۆرێکی تایبەتە لە سیستەمی مەدەنی سەربازی، یان خاوەنی جۆرێک لە سیستەم بوو. چونکە کەمالییەت سەرەتا بە سەربازی دەستی پێکرد، سوپا وەک کۆڵەکەی ئەم ڕەوتە مایەوە. ھەتا ئەمڕۆ سوپای تورکی زۆر زیاتر لە ھەموو بوارەکانی تری حکومەت لە لای خەڵک جێگای ڕێزە. بەڵام سوپای تورکی تەنھا سوپا نەبوو. سوپا، پارێزەری دەوڵەت و حکومەت بوو. حکومەتی ڕاستەقینەبوو. سوپا خاوەنی پشکی گەورەی ئابوری بوو.

ھەروەھا سوپا خوازیاری شەڕ نەبوو. وەک بۆڵتن لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێدەدات سوپای تورکی حەزیان لەوە نەبوو کە بچنە ناو سوریا. بەڵام ئیسلامیەکان پەیوەندییەکی دژایەتی و ئاڵۆزیان ھەیە لە گەڵ سوپادا. گەرچی ئیسلامیەکان سوپا بە درێژەی سوپای عوسمانی دەزانن و ھەموو سەربازێکی تورکی ناوێکی سیمبولی ھەیە کە مەھمەتە. بەڵام سوپای تورکی ئەندامی ناتۆ و سێکویلاربوو. وەک دەزانرێت سێکویلارە تورکەکان کەمینەن. بۆیە سوپا ھەمیشە ئیسلامیەکان وەک نەیار و مەترسی دەبینێت.

ئەمە بە ھەمانشێوەی لای ئیسلامیەکانیش وەھایە. بۆیە بێ بڕواییەک ھەیە لە نێوان سوپا و ئیسلامیەکاندا. ھەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا ھەوڵدراوە کە سوپا بکرێتە ئیسلامی. ئەم بێ بڕواییەیە کە ئیسلامیەکان ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدان کە سوپای ھاوتەریب دروست بکەن، چەکدارکردنی موختار و ھەروەھا چەکدارکردن و بە یاسایی کردنی پاسەوانانی شەو ھەموو لە پێناو ئەم ئامانجەدایە. لە سەر بنەمای ئەم ئارگومێنتە، ئەگەر ئیسلامیەکان لە سەر حوکم نەبونایە ئەوا سوپای تورکی ئەجیندای فراوانخوازی نەدەبوو، چونکە لە روی خۆشگوزەرانی و سودمەندی و ئەندامێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بە سودی نەدەشکایەوە. بەڵام ئیسلامیەکان دەیانەوێت لە ڕێگای شەڕەوە سوپا سەرقاڵ دوو بخەنەوە لە ناوخۆ.

چوارھەم، لە پرسی کورددا ڕەنگە دۆخێکی تایبەتی ھەبێت. تورکە ئیسلامیەکان باوەڕیان وەھایە کە لە ڕێگای ئیسلامەوە دەتوانن ناسیونالیزمی کوردی کۆتایی پێبھێنن و کورد بکەنە بەشێک لە پرۆسەکەیان. ئەم ستراتیژە لە ھەردوو باکور و باشور کاردەکات. پەیوەندی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشور بەم ئاراستەیە، ھەروەھا پەیوەندی ئاک پارتی و پارتە ئیسلامیەکان لە باشور. ئاک پارتی وەھا دەبینێت کە لە باکور دەتوانێت لە ڕێگای کۆنزێڤەتیزمی ئیسلامیەوە کورد بۆخۆی ڕابکێشیت. ئەم دیدەیە کە پەکەکەی وەھا لێکردوە کە لە پرۆسەی ئاشتی بترسێت. پەکەکە وەھا دەبینێت کە ئاک پارتی بۆیە ئاشتی دەوێت یان دەیوست بۆئەوەی لە ڕێگای ئاشتیەوە ڕۆڵی پەکەکە نەھێڵێت. بۆیە خیتاب و کرداری پەکەکە بە پێچەوانە بوەوە.

بەم پێیە ئیسلامیەکان وەھا دەبینن کە دەتوانن کورد بکەن بە ئیسلام و بیکەنە بەشێک لە پرۆژەی خۆیان. کەمالییەکان ناتوانن دان بە کورددا بنێن. ئەم بنەمایە دەمانبات بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەر ئیسلامیەکان لە سەر حوکم نەبونایە و تورکە کەمالییەکان لە سەر حوکم بونایە، پەیوەندی تورکیا و باشور چۆن دەبوو؟

لە ساڵی ٢٠١٢ لە بارەگای سەرەکی جەھەپە، لە گەڵ فاروق لۆگئۆغلۆ دانیشتم. فاروق نەک ھەر ئەو کاتە جێگری سەرۆکی جەھەپە بوو، بەڵکو یەکێکە لە گەورە دیپلۆماتەکانی تورکیا. بە دیدی ئەو ئەگەر ئەوان لە سەر حوکم بونایە ئەوا تەنھا لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا مامەڵەیان دەکرد. بەو مانایە دانیان بە حکومەتی ھەرێمدا نەدەنا. بەڵام بە مانای ئەوە نیە کە دەستوەردانیان نەدەکرد. چونکە مێژوو پێمان دەڵێت کە شەڕی ناوخۆی کوردی بوە ھۆکاری ئەوەی کە تورک بێن بۆ باشور و بنکە دابنێن. ھەروەھا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە بەرجەستەکردنی دوو ئیدارەیی لە ڕێگای ڕێککەوتنامەی واشنتۆنەوە.

ھەموو ئەمانە دەریدەخەن کە تورکیای عەلمانی لە دیدی ناوخۆییەوە دەرەوەی دەبینێت، ئامانجی گرتن و بردن و دەستبەسەراگرتن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و گۆڕینی جوگرافیا و دیموگرافیا نیە. تورکە عەلمانییەکان دڕندەن بەرامبەر کوردەکان لە ناو تورکیا، بەڵام دەیانەوێت خۆیان بپارێزن لە کوردەکانی دەرەوە. ئەم دیاردەیە لە پرسی موسڵەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئیسلامیەکان تینوی سامان و خاک و دەسەڵات و خەلافەتن و سڵ ناکەنەوە لە ھیچ ئامرازێک لەم پێناوەدا.
زیاتر